پێش هەزارو چوار سەدو چەند ساڵێک، پێشەواى مرۆڤایەتى (درودى خواى لەسەر) لەبارەى ژنانەوە فەرمووى:” انما النساء شقائق الرجال”، واتە ژنان خوشکى دایکى و باوکى پیاوانن، واتە ژنان هاوبەش و هاوپەیمان و هاوسەفەرو هاوڕێگەى پیاوانن، واتە ئەگەر سێوێک دوو لەتکراو، لایەکى پیاو بێت، لایەکى ترى ژنە!
بەڵام هۆکار چیە پاش ئەو هەموو ساڵە کۆمەڵگە مسوڵمان هێشتا ژنانى نەکردووەتە خوشکى دایک و باوکى؟ هۆکار چیە هەتا ئێستا کۆمەڵگەى مسوڵمان، تەنانەت بەو لایەنانەشى کە پابەندن بە ئاینى پیرۆزى ئیسلام و کارو حزب و ڕێکخراوەکانیان لەسەر بنەماى ئاینى بینا دەکەن؟ بۆچى پاش ئەو مێژووە زۆرە هێشتا ژنان نەوەک بەشدارو تەواوکارو دەستبارگر نین، بگرە بە پاساوى جیاجیا زۆر مافیان لێ زەوت دەکرێت، وەک مافى خوێندن، مافى کارو ئابورى ، مافى چالاکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و زۆر مافى تر.
دەمەوێت وتارەکە زیاتر نزیک بکەمەوەو تایبەتى بکەم بە کوردستان، ئەویش لە ڕێگەى ئەم خاڵانەوە باس لە ڕۆڵ و پێگەو گرنگى ئافرەتان بخەمەڕوو، هەروەها هۆکارەکانى پەراوێزخستنیان لە کارو بازاڕو پیشە، کە نەخۆشییە گەورەکەى ئێستەیە:
یەکەم/ بۆچى گرنگە ئافرەتان ڕۆڵى نیوەى کۆمەڵگەیى خۆیان بگێڕن؟
بە پێى کۆتا خەمڵاندنى دەستەى ئامارى کوردستان، ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان نزیکەى (٦,١٧١,٠١٣) مرۆڤە، لەو ژمارەیە نزیکەى نیوەى ئافرەتن کە ژمارەکەیان بریتیە لە (٣,٠٦٩,٨٠٧)، لەو ژمارەیەش ژمارەى ئەو ئافرەتانەى گەنجن و تەمەنیان لە نێوان (١٥ بۆ ٦٤) ساڵیدان کە ئەو تەمەنە تەمەنى کارو جوڵەو بەشدارى و هەڵسوڕان و بەرهەمە بریتیە لە (١,٨٤١,٨٨٤).
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بە پێى چ پێوەرو ژیرییەک ئەو ژمارە زۆرەى مرۆڤ پەراوێز دەخرێت؟ ڕێگەى پێ نەدرێت بخوێنێت و کار بکات و شان بەشانى پیاوان بەشدارى چالاکى کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسى و ڕۆشنبیریى و رێکخراوەیى بکات؟ بێگومان هەرکەس و ئاین و ئایدۆلۆجیاو تەوژم و حزب و ڕێکخراوێک بە ژیریى بیربکاتەوە، کارى وا ناکات، لە برى فەرامۆشکردن و قەتیس کردنى رۆڵى ئافرەتان لە بازنەیەکى دیاریکراودا رۆڵ و پێگەى ڕاستەقینە بە ئافرەتان دەدات و دەیانکاتە شەریک و بەشدارى پیاوان لە هەموو کایەکانى ژیاندا، حاشا ئیسلامیش کە ئاینى خواییە ئەم کارەى نەکردووەو ڕێگرى لە ئافرەتان نەکردووە تا بەو ڕۆڵە گەورەو گرنگەى خۆیان هەستن.
دووەم/ ئیسلام چۆن دەڕوانێتە ڕۆڵى ئافرەتان؟ ئایا ئاین ڕێگرە لە کارکردنى ئافرەتان؟
بێجگە لە تێگەیشتنى هەڵە بۆ ئیسلام و سەرچاوەکانى شەریعەت کە خۆیان لە قورئانى پیرۆزو فەرموودە ڕاستەکانى پێغەمبەرى پیشەوا(درودى خواى لەسەر)دا دەبینێتەوە، هیچ بەڵگەیەک نیە کە ساغى بکاتەوە کە ڕێگرى هەیە لە پێدانى رۆڵى ژنان بە تایبەت لە بوارى کارو پرۆژەى ئابوریدا، ئەوەى هەیە دانانى مەرج و تایبەتمەندى کارکردنى ئافرەتانە لەو بوارەدا، هەروەکچۆن بۆ پیاوانیش کارو بازاڕو پیشە بەبێ مەرج بەجێنەهێڵراوەو مرۆڤى مسوڵمان لە کارو بازاڕو پرۆژەکانیدا پابەندکراوە بە چەند بنەمایەکەوە کە هاوسەنگى ژیان دەپارێزێت و ڕێگەى لە حەرام و ستەم و چەوسانەوەو قۆرخکاریى و گزى و فێڵ دەگرێت.
لەو بارەیەوە خواى گەورە لە ئایەتى (٧١)ى سورەتى (التوبە)دا دەفەرموێت: (وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ ۚ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ۚ أُولَٰئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللَّهُ ۗ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ).
لەم ئایەتە پیرۆزەدا، خواى گەورە ژنان و پیاوانى مسوڵمانى بە تەواوکارو یارمەتیدەرو هاوکارو پشیتوانى یەک داناوە لە چەند ئەرکێکدا کە دەچنە چوارچێوەى ئەرک و کارى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى و ڕۆشنبیرو کارو بازاڕو زۆر بوارى تر کە بە چەمکى (فەرمان بە چاکەو ڕێگرى لە خراپە) کورت و پوخت کراوەتەوە، هەروەها باس لە ئەنجامدانى نوێژو دەرکردنى زەکات لە ماڵەکانیان دەکات وەک یەکێک لە پێنج فەرزەکە کە مرۆڤى مسوڵمان پێوەى پابەندە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا دەگونجێت خواى گەورە ژنان پابەند بکات بە دەرکردنى زەکات لە ماڵەکانیان بەڵام ڕێگەیان پێ نەدات خاوەنى سەرمایەو کارو کاسبى و پڕۆژەو کارى خۆیان بن؟ کەواتە لە چى زەکات دەردەکەن؟ پاک و بێگەردى بۆ خواى گەورە کە دژیەکى هەبێت لە فەرمانەکانیدا، ئەمە بێحگە لە دەیان و سەدان نمونە لە ژنانى مسوڵمانانى پیشیندا کە دەرفەتى چالاکى جۆراو جۆریان بە ئافرەتان داوە تا بەشداربن لە پێشخستنى کۆمەڵگەو هاوکارو پشتیوانى پیاوانن بن لە بەڕێوەبردنى ژیان و پێشخستن وڵاتدا.
سێیەم/ سروشتى بەشدارى ئافرەتان لە بوارە جیاجیاکانى کارو بازاڕو ئابوریدا:
ئەوەى گرنگە لەم تەوەرەیەدا ئاماژەى پێبکەین ئەوەیە کە سروشى کارى ئافرەتان جیاوازە لەگەڵ سروشتى کارى پیاواندا لە کۆمەڵگەى مسوڵماندا بەراورد بە کۆمەڵگەى نامسوڵمان بەتایبەت کۆمەڵگەى رۆژئاوایى، لە کۆمەڵگەى ڕۆژئاوایدا ئافرەتان لە ئەرکە سەرەکییەکەیان کە کارى پەروەردەکردنە دابڕێنراون و هاوشێوەى پیاوان هێنرانە دەرەوە بۆ ئەوەى لە کارگەو بازاڕو بازرگانى و بزنسدا کار بکەن، لەم بوارەشدا دەرفەت نەدراو نادرێت بە ژنان تاوەک هەڵبژێرن، بەڵکو بەبێ ویستى خۆیان کرانە کرێکارو ناچارکران چۆن دەتوانن بتوانن نان و بژێوى خۆیان پەیدا بکەن، ئەمەش بوویە هۆى ئەوەى ئافرەتان سروشتى کارى سەرەکى خۆیان لەچوارچێوەى خێزاندا لە دەست بدەن و ناچار بە کارو بازاڕو کارگە بکرێن، بە پێچەوانەى ئەو سیستمى ژیان و ئابورییەى لە کۆمەڵگەى مسوڵماندا هەیە، ئەوش ئەوەیە بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیان ئافرەت ناچار ناکرێت بچێتە دەرەوەو بژێوى پەیدا بکات و کرێ خانوو بدات و نانى ماڵ و منداڵ پەیدا بکات، بەڵکو لە چوارچێوەى سیستمێکى گونجاو لەگەڵ سروشتى مرۆڤ و تواناى مانەوەى نەسلى مرۆڤ، ئەم ئەرکە کراوەتە هى پیاوو شەریعەت لەسەر پیاوانى بە ئەرک گرتووە کار بکەن و بژێوى هاوسەرەکانیان و منداڵەکانیان پەیدا بکەن و خێزانەکانیان بژیەنن، خۆ ئەگەر لەم چوار چێوەیەدا ئافرەتان کارێک بکەن لەسەر ئەنجام نەدانى بە کەمتەرخەم ئەژمار ناکرێن و بەشدارییان لە دابینکردنى بژێوى ماڵ و منداڵیان دەبێتە فەزیلەت و چاکەو تەنانەت منەتێک لەسەر پیاوان.
ئەمە جیاوازى سەرەکى کۆمەڵگەى مسوڵمان و کۆمەڵگەى نامسوڵمانە، ئەویش ئەوەیە: لە کۆمەڵگەى مسوڵماندا ئافرەتان ناچار بە کارکردن ناکرێن، لەم حاڵتەشدا لە چوارچێوەى سیستمێکى گونجاو لە گەڵ فیترەت و بنەماى مانەوەى مرۆڤ لەسەر زەوى بە سپاردنى ئەرکى سەرەکى پەروەردە کردنى منداڵ لە خێزان و نەپچڕانى شیرازەى خێزان بە پێى سیستمى ئابورى مارەیى و میرات، بەڵام لە کۆمەڵگەى نامسوڵماندا ئافرەت ناچار دەکرێت کار بکات و بژێوى خۆى پەیدا بکات و بەشداربێت لە دابینکردنى نیوەى بژێوى ئەو کەسانەى لەژێر سەقفێک بە یەکەوە دەژین، تەنانەت ئەو ئافرەتانەى لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکانیاندا دەژین ئەگەر منداڵیش بخەنەوەو چەندین ساڵیش پێکەوە بن هەر نابنە خاوەنى یەک دیناری پیاوەکانیان تەنها کاتێک نەبێت کە بە فەرمى و لە یاسا ببنە هاوسەر، لەو حاڵەتەشدا دەبنە خاوەنى نیوەى دارایى پیاوەکانیان، پیاویش بۆ ئەوەى خۆى لەوە بدزێتەوە کەسێکى تر بکاتە هاوبەشى ماڵ و دارایى و سەروەت و سامانەکەى، هاوسەرگیرىی فەرمى ئەنجام نادات یان دواى دەخات، تەنانەت لە هێندێ وڵاتى ئەوروپى زۆر جار دەبینى پاش چەند منداڵ و چەندین ساڵ پێکەوە ژیان هێشتا لە ڕووى یاساییەوە ئەو ژن و مێردە نەبوونە هاوبەشى یەکدى وتەنها وەک دوو هاوڕێ پێکەوە دەژین، باجى ئەم جۆرە ژیانەش تەنها کۆمەڵگە دەیدات ئەوەش بەهۆى لاوازبوونى خێزان و بچڕانى شیرازەى خێزان و بیرنەکردنەوە لە خستنەوەى منداڵ و پەروەردەکردنیان، دواجار دەبینى ئێستە زۆرینەى کۆمەڵگەى ڕۆئاوایى و بەتایبەت ئەوروپى و تەنانەت هێندەک لە کۆمەڵگەى ئاسیاییش کۆمەڵگەیەکى پیرن و زۆر پێویستیان بەدەستى کارە لە وڵاتانى ترەوە ڕوو بکەنە وڵاتەکانیان تا سەرەتاییترین کارەکانیان بۆ ئەنجام بدەن.
هەموو ئەمانە بێجگە لە گرفتەکانى ترى پەیوەست بە کارى ئافرەت کە تا ئێستاش نیشانە سەرەکییەکانى کارو بازاڕو پیشەى ئافرەتانن سادەترینیان ئەوەیە کە تا ئێستاش ئافرەتان کەمتر لەو کرێى کارو مووچەیە وەردەگرن کە پیاوان وەریدەگرن، چەندین کێشەى ترى پەیوەست بە ڕەچاو نەکردنى تواناو سروشتى ئافرەتان لە کاردا، وەک ناچاربوونى ئەنجامدانى کارى سەخت لە دۆخى سەختدا کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ سروشت و تواناى ئافرەتان یەک ناگرنەوە.
واتە کاتێک ئافرەت وەک پیاو ناچار دەکرێت بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانى کار بکات، ئەوە ئەنجامەکەى ئافرەت و پاشان تەواوى کۆمەڵگە باجەکەى دەدات.
بۆیە ئیسلام کاتێک ئافرەت منداڵە ئەرکى بەخێوکردن و پەروەدەکردنى ئەخاتە ئەستۆى باوک و دایک، ئەمە بێجگە لەو ئەرکانەى لەسەر حکومەت و دەوڵەتن، کاتێکیش گەورە دەبێت و دەبێتە هاوسەرى کەسێک مارەیى وەک یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانى دامەزراندنى نیکاح ئەژمار دەکات، بۆ ئەوەى لە هەنگاوى یەکەمى دەست بەربووم لە ئامێزى دایک و باوک، ئافرەت ببێتە خاوەنى بڕە پارەو داراییەک، هەروەها ئەو مارەییەش دیارینەکراوەو کچ دەتوانێت بەو جۆرەى پێى خۆشە داواى بکات و دیاربکات، ئەمە هەنگاوى یەکەمى بوونە خاوەن ماڵ و داراییەکى بێ منەتە، بە ئاستێکیش بێ منەتە کە بەبێ ڕەزانەندى ژن پیاو ناتوانێت بچوکترین هەڵس و کەوت بەو مارەییەوە بکات ئەگەر ژن ڕازى نەبێت!
پاشان لە حاڵەتى میراتیشدا، بە پێى سیستەمێکى دادگەرانەى هاوسەنگ، ژنان دەبنە خاوەنى میراتى خۆیان لە کەسە نزیکەکانیانەوە، بەداخەوە لەم بابەتەدا تەنها تیش خراوەتە سەر ئەوەى کە پشکى کچ نیوەى پشکى کچە لە حاڵەتى بوونى کچ و کوڕ وەک میراتگر، لە کاتێکدا چەندین حاڵەتى تر هەن کە ژنان زیاتر دەگرن یان هێندەى پیاوان میرات دەگرن.
کۆى هەموو حاڵە کۆمەڵایەتیەکانى میراتگرتنى نێوان ژن و پیاو پێکدێن لە (٣٤) حاڵەت، لەو (٣٤)حاڵەتەش لە (١٠) حاڵەتدا ژن و پیاو وەک یەک میرات دەگرن، لە (٣٠) حاڵەتدا ئافرەتان میرات دەگرن و پیاوان نایگرن، تەنها لە (٤) حاڵەتدا پیاو لە ژن زیاتر میرات دەگرێت!
ئەوەى خاڵى گرنگەو جێگەى لەسەر وەستانە ئەوەیە، هێندێک لە مافەکانى ژنان لە کۆمەڵگەى نامسوڵماندا وەک مافى کارو بازاڕو ئابورى و دەنگدان و خۆ پاڵاوتن و زۆر مافى تریش، پاش چەندین تێکۆشان و هەوڵ و قوربانى و ئەزموون بەدیهاتوون، بەڵام لە کۆمەڵگەى مسوڵماندا ئەو مافانە پیش زیاتر لە هەزارو چوارسەد ساڵ بە فەرمانى خوایى بەخشران بەبێ خۆپیشاندان و مانگرتن و دەنگ بەرز کردنەوەو ئەزموونکردن، ئەمەش حیکمەتى شەریعەت و یاسایەکە لە خواى دروستکەرەوە سەرچاوە دەگرێت.
لێرەدا دەمەوێت ئەم خاڵە کورت بکەمەوە بۆ ئەنجامێک، ئەویش ئەوەیە: کۆمەڵگەى مسوڵمان لەسەر بنەماى پێویستى (چ پێویستى کۆمەڵگە بۆ تواناى ژنان، چ پێویستى ژنان بۆ کارکردن و بژێوى ژیان) دەرفەت بۆ ئافرەتان دەڕەخسێنێت تا کار بکەن و خاوەن پڕۆژەو بازرگانى و داهاتى خۆیان بن، بە پیچەوانەى کۆمەڵگەى نا مسوڵمانەوە کە پاڵ بە ئافرەتانەوە دەنێت تا لە ئەرکى سەرەکى خۆیان دوور کەونەوەو ڕوو بکە کارگەو بازاڕ بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان!
چوارەم/ بنەماو مەرجەکانى بەشداری ئافرەتان لە بواری ئابوری لە هەردوو کەرتی گشتیو تایبەت چین؟
بێگومان بۆ پاراستنى ئافرەتان و پاراستنى کۆمەڵگەش لە خراپەو فیتنە، شەریعەتى ئیسلام چەند مەرجێک بۆ بەشدارى ئافرەتان دەستنیشان دەکات، کە هێندێک لە هەمان کاتدا مەرجیشن بۆ بەشدارى پیاوان لە کارو بازاڕو ئابوریدا، بەمجۆرە:
١ـ رەوایەتى (مەشروعیەت)ى کار.
واتە پێویستە ئەو کارەى ئافرەت دەیکات ڕەوا بێت و حەرام و قەدەغە نەبێت، بۆ نمونە بۆ ئافرەتان نیە کار بکەن لە یانەکانى شەوانەو کات بەسەر بردن و قومارو زۆر شوێنى ترى هاوشێوە، چونکە هەر لە بنەمادا ئەو جۆرە کارانە ناڕوان بۆ ژنان و پیاوانیش.
٢ـ گونجاوى خودى کارەکە لەگەڵ سروشتى ئافرەتدا.
سروشت و پێکهاتەى فسیۆلۆجى ئافرەتان بەجۆرێکە تواناى کارکردنیان لە هێندێک شوێن و هێندێک کار نەبێت کە زیاتر پێویستى بە سروشتى تواناى پیاوان هەیە، وەک کارى پاسەوانى و کارکردن لە کانە خەڵوزو شۆفێرى شۆفڵ و کارى بەردو کاشى و زۆر شوێنى ترى هاوشێوە، چونکە ئەمە بێجگە لە نەگونجانى لەگەڵ تواناى ئافرەتان، لە هەمان کاتدا زیان بە جەستەشتیان دەگەیەنێت بەتایبەت لە حاڵەتى سکپڕى و شیرپێدان و زۆر ئەرکى ترى هاوشێوەى تایبەت بە ئافرەتان.
٣ـ ژینگەى گونجاوو پارێزراوى.
هێندێک شوێن و بازاڕ، بۆ پیاوانیش کارکردن تیایدا قورسە چ جاى بۆ ئافرەتان، هەربۆیە باشترە بۆ ئافرەتان کارى تێدا نەکەن، هەروەها هێندێک جۆرى کار کە خەلوەو تێکەڵى ژنان و پیاوانى تیایە بەجۆرێک دەرگاى فیتنە بکاتەوە هەر کارێکى خراپ و ڕێگە پێ نەدراوە بۆ نمونە: ناگونجێت ژنێک بە تەنها سکرتێرى پیاوێک بێت، لە بینایەکى چۆڵدا یان لە شوێنێکى لاچەپدا، نمونەى ترى هاوشێوەش زۆرن.
٤ـ ڕەچاوکردنى پۆشاک و هەڵس و کەوتى گونجاوى شەرعى.
سروشتى ئافرەتان بەجۆرێکە کە جێگەى سەرنجن، ئەم جێگەى سەرنج بوونەش خوا کردەو تەنانەت هاندەریشە بۆ بەردەوامى ژیان، بەڵام لە چوارچێوەى پێکەوە بووندا بە حەڵاڵى، بۆ ڕێگرتن لەهەر چاوتێبڕین و خراپەو فیتنەیەک لە دەرەوەى هاوسەرگیریى و پاراستنى ژنان و کچان و لە هەمانکاتدا پیاوان و تەواوى کۆمەڵگەش، ئیسلام ئافرەتان پابەند دەکات بە پۆشینى جل و بەرگى شەرعى گونجاو بۆ ئەوەى ئافرەتان وەک ئافرەت تەماشا بکرێن لە هاتنەدەرەوەیاندا نەوەک وەک مێینەیەک.
٥ـ پێویستى بۆ کارکردن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى کۆمەڵگەى مسوڵمان پێویستیە بۆ کارو تواناى ئافرەتان، واتە بە پێچەوانەى کۆمەڵگەى نامسوڵمان کە پاڵ بە ئافرەتەوە دەنێت بۆ کارکردن، کۆمەڵگەى مسوڵمان دەرفەتى پێدەدات نەوەک پاڵى پێوە نێت بۆ ناو دنیاى کارگەو کار، سەرچاوەکانى شەریعەت هێندە بە بایەخى دونیایى و دواڕۆژییەوە دەڕوانێتە کارگەى پێگەیاندنى مرۆڤ کە خێزانە، گنگتر لەو کارگەیەى کە ئافرەت لە دەرەوە ناچار بە کارکردن دەکرێت، پێویستیەکانیش جیاوازى نیە لە نێوان پێویستە کۆمەڵگە بۆ تواناو کارى ئافرەتان وەک بوونى ئافرەتان لە بوارى پزیشکى پسپۆڕى ئافرەتان و چارەسەرى نەخۆشانى ئافرەت و دایەنگەو باخچەو قوتابخانە و ئەو شوێن و کارانەى تریش تایبەتن بە ئافرەت، چ پێویستى کارکردنى ئافرەت بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانى لەکاتى نەبوونى سەرچاوەى داهات و باوک یان برا یان هاوسەر وەک پشتیوان و دابینکارى بژێوى.
پێنجەم/ لەمپەرەکانی بەردەم کارو پرۆژەی ئابوری ئافرەتان لە کوردستان:
پاش خستنەڕووى گرنگى بەشدارى ئافرەتان لە بوارە جیاجیاکان و گرنگى بەشداریان لە بوارى کارو بازرگانى و پیشەو پرۆژەى ئابورى، پێویستە بپرسین ئەى لەمپەرەکانى بەشدارى ئافرەتان چین لەو بوارەدا؟
لەمپەرەکان ئەمانەى خوارەوەن:
١ـ نەبوونى پاڵپشتى و پشتیوانى حکومەت و دامەرزاوەکان بۆ (ئافرەتان):
بەداخەوە بێکارییەکى کوشندە یەخەى خەڵکى هەرێمى کوردستانى گرتووەو ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەکەشى زیاتر دەبێت، بەپێى هێندێک ئامارو خەمڵاندن، لە ئێستەدا لاینکەم نزیکەى (٦٠٠,٠٠٠) هاووڵاتى بێکار هەیە، لەو ژمارەیە نزیکەى (٤٠٠,٠٠٠) یان گەنجانى تەمەنى (١٦ بۆ ٢٤ ساڵن) لە ناو بێکارەکانیشدا زۆرینەیان ئافرەت و کچانن.
لە هەرێمى کوردستان سەرەڕاى بوونى داهاتى باش لە سەرچاوەکانى داهاتەوە، بەڵام دەسەڵات دەرگاى دامەزراندنى بەڕووى گەنجاندا داخستووە، لەو دامەزراوانەشى کە زۆر پێویستن، وەک پەروەردەو تەندروستى، هەروەها هیچ پڕۆژەیەکیش نیە پەرە بە کەرتى تایبەت بدات تا هەلى کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، لە هەمان کاتدا هیچ قەرزێکیش بە گەنجان نادرێت تاوەکو ببنە خاوەن پڕۆژەى ئابورى خۆیان و بەهۆیەوە بژێوى و ژیانى خۆیان پێ دابین بکەن، لە دۆخێکى لەمجۆرەشدا ئافرەتان زیاتر ستەم لێکراون، بەهۆکارى جۆراو جۆر.
بێجگە لە کێشەى گەورەى بێکارى، لایەنەکانى دەسەڵات و حکومەتەکەشیان هەموو ئەوەى لە بارەى ئافرەتان و ژنانەوە دەیڵێن بێجگە لە بانگەشەیەکى ناڕاست شتێکى تر نیە، چونکە بە تەنها یەک دینارو یەک پرۆژە هاوکارى هیچ ئافرەتێک ناکەن، لەم ڕووەوە تەنانەت هاوکارى ئەو ئافرەتانەش ناکەن کە هاوسەرەکانیان گیانیان لەدەستداوە یان سزادراوە یان بێ سەروشوێنە، لەم بارەیەوە بڕى (١٥٠ هەزار دینار)ى مانگانە هەبوو کە دەدرایە بەناوى مووچەى چاودێرى خێزان دەدرا، بە پاساوى چاکسازى لە لیستى ناوەکان لە ساڵى (٢٠١٦)ەوە ئەو بڕە پارە هاوکارییەش بڕدرا کە زۆرینەى سودمەندانیشى ئافرەتان بوون!
٢ـ نەریت و هەڵە تێگەیشتن لە ئاین لە ڕۆڵى ئافرەت لە کۆمەڵگەدا.
تا ئێستاش بەهۆى نەشارەزایى و نەزانینەوە، ژمارەیەکى زۆر لە کارەکتەرى ئاینى، ڕۆڵى ئافرەت لە کۆمەڵگەدا زۆر بچوک دەکەنەوە، لە ڕووى ئابورى و بازاڕیشەوە بە هەمانشێوە بەبێ ئەوەى هیچ جێگرەوەیەک بۆ ژیانى ئافرەتان بخەڕوو لەو کاتەى هیچ سەرچاوەیەکى بژێوى نییە، بۆیە پێویستە ئەو کەسانەى بەو جۆرە بیر دەکەنەوە لە خۆیان بپرسن: ئەگەر ئافرەتێک بەخێوکارى نەبێت، هیچ کەسێکى وەک مێرد یان باوک نەبێت لە ژیاندا بژێوى و پێداویستى رۆژانەى بۆ دابین بکات، چۆن بژى؟ ئایا دەست پان بکاتەوە لە خەڵک باشە یان کارێکى سەربەرزانەو شەرەفمەندانە بکات؟ گومانى تیا نیە دووەمیان گونجاوترەو بەراورد ناکرێت بە هیچ دۆخێکى تر.
٣ـ خراپى ژینگەى کارکردن:
یەکێکیتر لە لەمپەرەکان نەبوونى ژینگەى گونجاوە، بە داخەوە بەشێکى زۆر لە بازاڕ لە کوردستان بازاڕێکى پیاوانەیەو دەست نادات بۆ کارکردنى ئافرەتان، هەروەها هێندێک شوێن کەسایەتى ئافرەتانى تیا پارێزراو نیە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى لە هەرێمى کوردستان کەرتى تایبەت بە تەواوەى پەکى کەوتووەو بەهۆى پەککەوتى کەرتى تایبەتیشەوە هەلى کار بۆ گەنجان بە گشتى و بۆ ئافرەتانیش بەتایبەت ناڕەخسێت، ئەمە بێجگە لەوەى بووەتە هۆى ئەوەى کە لە (٩٠%)ى پێویستیەکانى ڕۆژانەى هاووڵاتیان لە دەرەوە هاوردە بکرێن.
٤ـ خودى ئافرەتان خۆیان:
بەداخەوە هەتا ئێستاش ئافرەتان وەک پێویست گرنگى بە خۆیان نادەن، وەک پێویست هەوڵى خۆڕۆشنبیرکردن و پێگەیاندن و بەهێزبوون نادەن، زۆرینەى ئافرەتان زۆرینەى کاتەکانیان بە شتانێکى لاوەکیەوە بەسەر دەبەن، ئەمە یەکێکیترە لە هۆکارەکان.
شەشەم/ دەرئەنجامە خراپەکانی نەبوونی پشتیوانی دارایی بۆ ئافرەتان:
دەرئەنجامى ڕاستەوخۆى دوورە پەرێزى ئافرەتان لە کایە جیاجیاکان دواکەوتنى تێکڕاى کۆمەڵگەیە، بەڵام لە کایەى ئابوریدا باجى گەورە خودى ئافرەت خۆى ئەیدات، بەتایبەت ئەو کاتانەى بەخێوکارو پەیداکەرێکى بژێوى لە پشتى ئافرەتانەوە نیە وەک کەسە نزیکەکانى هاوسەرو باوک و برا، ئەوە ئافرەتان دەکەونە دۆخێکى زۆر سەختەوە، دۆخێک کە ئەستەمە وەسف بکرێت، ئەویش قبوڵکردنى ژیانى کولەمەرگى یان خێرو سەدەقەو زەکاتى خێرۆمەندان، بەتایبەت کاتێک ئافرەت خاوەنى چەند منداڵێکى بێ سەرپەرشتە دۆخەکە هێندە سەختە خۆزگە هەرگیز پێشبینى ناکرێت.
ئایا ئەکرێت ئافرەتان (بەتایبەت ئەو ئافرەتانەى هاوسەرەکانیان کۆچى دواى کردووە یان سزا دراو یان بێ سەرو شوێنە) هەتا ماوە چاوەڕێى ڕێکخراوى خێرخوازى بکات؟ چاوەڕێى خێرخوازان بکات؟ بێگومان نەخێر، ئەقڵ و ئاینى تەندروست پێمان دەڵێت پێویستە هەموو کۆمەڵگە پشتیوان بین بۆ ئەوەى ئافرەت لەو دۆخە ڕزگارى بێت ببێتە خاوەنى کارو پڕۆژەى خۆى بەجۆرێک سەربەرزانە پارووە نانى خۆى و منداڵەکانى پەیدا بکات.
بۆ ئەوەى ئەو دۆخەش بۆ ئافرەتان دروست ببێت، پێویستە هەموو کۆمەڵگە هوشیار بێت، یەکەم بە چاوى ڕێزەوە تەماشاى ئافرەتانێک بکرێت کە لە هەل و مەرج و ژینگەیەکى شایستەى شەرعیدا کارى سەربەرزانەى خۆیان دەکەن، هەروەها پێویستە رێکخراوە پەیوەندیدارەکانیش بە هوشیارکردنەوەو کردنەوەى خولى ڕاهێنانى پیشەیى و پێدانى قەرزو هاوکارى دارایی هاوکاربن تا ئەو ئافرەتانەى هیچ سەرچاوەیەکى داهاتیان نیە ببنە خاوەنى داهاتى خۆیان ئەمەش وەک قۆناغى یەکەمى بنەماکانى بەشدارى ئافرەتان لە کارو بازاڕو ئابوریدا کە پێویستى خۆیەتى بۆ بژێوى ژیان.
عومەر گوڵپى
٨ى ٣ى ٢٠٢٣
تێبینى: ئەم وتارە بەدەستکارییەوە، لە ڕۆژى ٥ى ٣ى ٢٠٢٣ لە فێیستیڤاڵى بەهارى خانمان لە فامیلى مۆڵ خرایە ڕوو.