لە سنوری پاريزگای هەولێر، بەهۆی دواکەوتنی پارەی کارەباوە، بەم سەرمایە سەدان ماڵ کارەبایان لەسەر بڕدراوە، من هیچ ناڵێم لەسەر گرانکردنی نرخی کارەبای "حکومی" لەسەر هاووڵاتیان کە سەرچاوەی کێشەکەیە، چونکە لە ڕابردوودا ئەوەی پيویست بوو وتمان و کردمان، بەڵام لێتان دەپرسم:
بە پێی چ یاسایەک، حکومەت خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی ژیان لەسەر خێزان و ماڵی خەڵک دەکوژێنێتەوە؟
کام یاسا ڕێگە دەدات تۆ سێ مانگ مووچەت بە خەڵک نەدابێت، بەڵام ئەگەر هاوووڵاتی (١٠٠ تا ٢٠٠ هەزار) دیناری تۆ دوا بخات، سزای بدەیت و کارەباکەی لەسەر ببڕیت؟
کام یاسا ڕێگە دەدات ماڵی خەڵک تاریک بکەیت؟
ئایا ئێوە کە بڕیاری بڕینی کارەبای خەڵک دەدەن بەهۆی قەرزاریی، نازانن حکومەتەکەی خۆتان چەند قەرزاریی هاووڵاتیانن؟ نازانن تەنها لە ساڵی (٢٠٢٠) حەوت مووچەتان نەداوە؟
ئایا ناترسن و ناپرسن ئەو خێزانەی کارەبای لەسەر دەکوژێننەوە بەساڵاچوویەکی پەککەوتەیان هەیە؟ منداڵی ساوایان هەیە؟ ژنی دووگیانیان هەیە؟ منداڵی قوتابخانەی هەیە؟
تەنها دەمەوێت تێمگەیەنن لە بڕینی کارەبای هاووڵاتی پشتتان بە چ یاسایەک بەستووە؟ ئەمە نەریتی کام حکومەت و کام دەوڵەتدارییە؟
هیوادارم وەڵامێکی مەنتیقی و یاسایی و دەوڵەتدارییانەی ئێمەو خەڵکی کوردستان بدەنەوە.
عومەر گوڵپی
٥ی ٢ی ٢٠٢٦