تەنانەت چوار وەزیرەکەی خۆشیان لە بەغدا پشتگیریی ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ناکەن!
دەربارەی حەوت مووچە نەدراوەکە:
پاش چەند مانگێک لە کۆنەبوونەوەی، ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی ١، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیریی دارایی ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی دارایی هەرێم و مووچە خستووەتە ڕوو و گفتوگۆی زۆر خشتەو داتایان کردبوو، بەڵام ئەوەی لە وەزیرەکان و خەڵکی کوردستان شاردرایەوەو باس نەکرا، داهاتی ئەو نەوتە بوو کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتوویانە!
ئەو نەوتەی لە ماوەی ئەو (٣٠ مانگ)ەدا بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشراوە بریتییە لە (٢٨٠ ملیۆن) بەرمیل کە داهاتەکەی پاش لێدەرکردنی (١٦ دۆلار)ی حەقدەستی کۆمپانیاکان بریتییە لە (٦،٥ ترلیۆن) دینار، ئەم بڕە پارەیەش بەشی حەوت مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی کوردستان دەکات.
ئەگەرچی داهاتی فرۆشتنی نەوت بە تەنکەرو پاڵاوگە لە خەڵکی کوردستان شاردراوەتەوە، بەڵام ئەم داهاتە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە شاردراوە نییەو دینار بە دیناری لە بەشە بودجەو مووچەی خەڵکی کوردستان کەمکراوەتەوە، هەر بۆیە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا دابەشکردنی ئەو حەوت مووچەیە خراوەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان!
سەیر لەوەدایە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوەکەیدا گلەیی لە حکومەتی بەغدا دەکات لەسەر حەوت مووچەی دابەشنەکراوی مووچەخۆران، لە کاتێکدا چوار وەزیریان لەو حکومەتەی بەغدا هەیەو ئەو چوار وەزیرە بە یەک وشەش داکۆکیان لەو مووچە نەدراوانەی خەڵکی کوردستان نەکردووەو پشتیوانی بۆچوون و ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناکەن!
عومەر گوڵپی
١٤ی ١ی ٢٠٢٦