٥٠٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ چی لێدەکەن؟ بۆچی و جۆن هەمیشە لەسەر ناردنی (١٢٠ ملیار) بۆ مووچە کێشە دروست دەکەن؟
سەرجەم سەرچاوەکانی داهات، لە گومرگ و باج و ڕسومات وەک خۆیان بەردەوامن، هەروەها پاڵاوتنی ڕۆژانەی (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوت کە لە بەغدای وەردەگرنەوە، هەروەها داهاتی فرۆشتنی غاز، بێجگە لە داهاتی بە بازرگانیکردنی کارەبا، هەموو ئەمانەش زیاترە لە (٥٠٠ ملیار) دیناری مانگانە، چۆن؟ بەمجۆرە:
١ـ داهاتی گومرگ:
مانگانە (بێجگە لە مانگی پێشوو) نزیکەی (١٤٠ ملیار) دینارە، بێجگە لە داهاتی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای نایاسایی کە کراونەتە برا بەشی داهاتی گومرگ، هەروەها بێجگە قاچاخچێتی و عەفوی گومرگی نایاسایی.
٢ـ داهاتی باج:
مانگانە لە نێوان (٧٠ تا ٩٠ ملیار) دیناردایە.
٣ـ داهاتی نەوتی پاڵێوراو:
مانگانە (١٠٠ ملیار) دینار داهاتیان لەو (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتە دەست دەکەوێت کە لە بەغدای وەردەگرنەوە بەناوی پێداویستی ناوخۆوە (نەوتی سپی و بەنزین و گاز)، بەڵام بە نرخی بازرگانی بە هاووڵاتیانی دەفرۆشنەوە.
٤ـ داهاتی ڕسومات:
مانگانە نزیکەی (٢٠٠ ملیار) دینارە، بەبێ داهاتی کارەبا، چونکە کارەبا بازێکی گەورەی بە داهاتی ڕسومات داوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی نرخی کارەبا بە بازرگانی کراوە. ( تەنها داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی سلێمانی و هەولێر مانگانە نزیکەی (٥٠ ملیار) دینارە!).
کەواتە:
داهاتی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاترە لە (٥٠٠ ملیار) دینار بەبێ داهاتی کارەبا بە بازرگانیکراوەکە!
ئەی کێشە چییەو ئەم داهاتە بۆ دیار نییە؟ بۆچی هەمیشە لەسەر ناردنی (١٢٠ ملیار) بۆ مووچە کێشە دروست دەکەن؟ چۆن ٥٠٠ ملیار داهاتی ناوخۆ (١٢٠ ملیار) دیناری بۆ مووچە تیا نییە؟
ئەمە ڕاستی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەیە:
لەبەرئەوەی هیچ چاودێرییەک لەسەر داهات نییە لە کوردستان، نە پەرلەمان و لیژنەکانی هەن چاودێری بکەن، نە یاسای بودجە هەیە، نە ڕێگە دەدەن دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بۆ سەرچاوەکانی داهات بکات (بەتایبەت ڕێگە نادەن تیمەکانی پشکنین بچنە خاڵە گومرگییەکان)، هەروەها ڕێگە نادەن تیمەکانی چاودیری دارایی وردبینی بۆ گرێبەستەکانی نەوت و غاز بکەن، بۆیە هیچ وردبینی و چاودێری و پشکنینێک لەسەر سەرچاوەکانی داهات نییەو دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی و یەکێتی لەهەردوو زۆن بەوجۆرەی بەرژەوەندییان دەیخوازێت مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەکەن و چۆنیان بوێت هەر ئەوەندەی دەدەنە خەزێنەی گشتی (وەزارەتی دارایی).
ئەمە کرۆکی ئەو ستەمەیە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت کە بێجگە لەوەی هەموو مانگێک دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە بەهۆی دواخستنی پشکی داهاتی ناوخۆوە بۆ بەغدا، ساڵانەش یەک دوو مووچە دەفەوتێت، لە هەمانکاتدا بۆ پڕۆژەو نەخۆشخانەو خزمەتگوزاریی و بوارەکانی تریش خەرج ناکرێت و خەڵکی کوردستان لێی سودمەند نییە.
من بەشبەحاڵی خۆم پێم خۆش نییە مووچە وابەستەی هیچ مەرجێک بێت، پێویستە مانگانە مووچەخۆران مووچەی خۆیان وەرگرن، بەڵام بە پێی یاساو ڕێککەوتنی حکومەتی ماوە بەسەرچوو خۆیان مووچە وابەستەی هاوکێشەی نەوت و داهاتی ناوخۆ کراوە!
بە کورتی:
هەتا ئەو کاتەی یەک خەزێنەی گشتی نەبێت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ژێر چاودێرییەکی پیشەیی بێلایەنی دامەزراوەیی، هەر بانگەشەیەکی لایەنەکانی دەسەڵات و حکومەتەکەیان بۆ نەبوون و کەمی داهات بەتاڵ و بێ بەڵگەیەو درێژەدانە بە دۆخی ناشەفاف و شێوازی حکومەت و دەسەڵاتی حزب نەوەک حکومەتی یاساو دامەزراوە.
عومەر گوڵپی
٣٠ی ٤ی ٢٠٢٦