"بودجەى ٢٠٢٤ى عێراق، بێجگە مووچەى مانگانە، دەستەبەرى زۆر مافى دارایى تر دەکات"
2024-06-07
203 جار خوێندراوەتەوە

بۆ دەنگی ئەمریكا: ” خەڵک ناحەقی نیە لە (هەژماری من) ناڕازییە، چونکەیەکێتی و پارتی لەماوەی ڕابردوو گسکیان لەبانکەکانی هەرێم دا، پارەیان تێدا نەهێشتن، دەستیان بۆ پارەی خەڵک برد لەبانکەکان کە بە ئەمانەت دایاننابوو، دەستییان بۆ سندوقی خانەنشینی و شێرپەنجە برد، چەکی بێ ڕەسیدییان دا بە وەبەرهێنەکان”

خشتەی کارنامەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 لەپەرلەمانی عێراق پەسەندکرا. پەسەندکردنی ئەم خشتەیە بەدەنگی پەرلەمانتارانی عێراق و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردووە. بەڵام بەشێک لەپەرلەمانتارانی کورد خشتەی ئەمجارە وەک مژدە و دەسکەوت یان گەرەنتی کراوی موچەی فەرمانبەران باس دەکەن. هاوکات هیچ بڕە پارەیەک بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خشتەی ئەمساڵدا تەرخان نەکراوە.

دەپرسین:

پەسەندکردنی کارنامەی بودجەی ساڵی 2024 ی عێراق چی لەدۆخی هەرێم و عێراق دەگۆڕێت؟

ئایا ئەو خشتەیە لەڕاستیدا هی ئەوەیە وەک دەسکەوت و دڵخۆشی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت؟

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو خشتەیە چین؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی دەنگی ئەمەریکا تاوتوێی ئەم پرسیارانە دەکرێت بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:

سامی ئەتروشی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان.

عومەر گوڵپی: ”ناکرێت بڵێین ئەوەی لە خشتەی پەسەندکراوی بودجەدا جێگیرکراوە، دەستکەوتە بۆ کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان چۆن ئیلتزاماتی هەیە، ئەوا مافیشی هەیە لەبودجە و خەیر و بەرەکەتی عێراق، نەک بەتەنها شەڕ و ئاژاوە و بۆردومانمان بۆ بێ لە بەغداوە. ئێستا ئەوەی هەیە ئەوەیە کە دەبێت هەرێمی کوردستان ئیلتیزاماتەکانی خۆی جێبەجێبکات بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کەبریتیە لە تەوتین لەبانکە حکومییەکانی عێراق، هەروەها ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، چونکە جگە لە 964 ملیارەکەی موچەی مانگانە، هەرێمی کوردستان پشکی بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنانیشی هەیە. هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی نەوتیشدا بگاتە خاڵی ڕێککەوتن لەوەزیاتر بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ نەوتدا نەکات. ئێمە دەزانین کە هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو سیاسەتێکی چەوتی هەبووە لەبواری نەوتدا، ئێستا کاتییەتی لەگەڵ بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان دەستبکاتە گفتوگۆ و ڕێکبکەون نەئەو 8دۆلارەی بەغداد دەیڵێ و نە ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەیڵێن، با لەسەر نرخێک ڕێکبکەون و دواتر ئەگەر هەرێمی کوردستان هەم بەداهاتی ناوخۆ هەم بەنەوت بەشدار بێت لە داهاتی گشتی عێراق، ئەوکات مافی خۆمانە داوای ئەو بیست ترلیۆن دینارە بکەین کەهەمووی بنێردرێت بۆ هەرێم کە لەکارنامەی خشتەی ساڵی 2024 وەک پشکی هەرێم دیاریکراوە، ئەگەر ئەو بڕە بودجەیە بێت، هەمووی بە نەفەقاتی حاکیمەشەوە، ئەوا ئابورییەکەی هەرێمی کوردستان قۆناغێکی گەورە دەچێتە پێش".

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "لەڕاستیدا ئێستا بەغداد هەم نییەت باشی خۆی و هەمیش پابەندبوونی بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە پیشان داوە،کەچی هەرێمی کوردستان تائێستاش بەتەواوی پابەند نییە بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی و ناوی وەزارەتەکانی بەتەواوەتی نەداوەتە بانکێکی حکومەتی فیدراڵ بۆ تەوتین کردن. دواکەوتنی موچەی هێزە ئەمنیەکانیش هۆکارەکەی هەرێمی کوردستانە نەک بەغداد،باشە چ نهێنییەکی تێدایە کەناوی سیانی پێشمەرگەیەک یا پۆلیسێکی دارستان نەچێتە بەغدادەوە؟! خۆ دەکرێت لیستی سەرەکی هێزە سەربازییەکان لە لیستی دەزگا هەواڵگرییەکان جیابکرێتەوە و ئەمە ئاساییە، کەئەویش پێنج هەزار بۆ دە هەزار کەس دەبن، خۆناکرێت بڵێین سەد هەزار هەواڵگریم هەیە! بەڕاستی لەهەرێمی کوردستان حوکمڕانی بەپێی یاسا و دەستور نییە، بەڵکو بەپێی مەزاجی پارتی و یەکێتییە. لیستی ناوی هێزەکانی 70 و 80 نەدراوەتە وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی هەرێمیش، تەنانەت لەدیوانی چاودێری دارایش کەس نەیتوانیووە بچێت وردبینی لەم لیستانەدا بکات، هەر بەگوێنی پارە بەناوی موچەی ئەو هێزانەوە براوە و ئیتر چەندی ڕاستە و چەندی بندیوارە کەس نەیتوانیووە لێپرسینەوەیان لێبکات."

دەشڵێت "خەڵک بۆچی هەژماری من ڕەتدەکاتەوە، بەڕاستی ناحەقییان نییە، چونکەیەکێتی و پارتی لەماوەی ڕابردوو گسکیان لەبانکەکانی هەرێم دا، پارەیان تێدا نەهێشتن،دەستیان بۆ پارەی خەڵک برد لەبانکەکان کەبەئەمانەت دایاننابوون، دەستییان بۆ سندوقی خانەنشینی و شێرپەنجە برد، چەکی بێ ڕەسیدییان دا بە وەبەرهێنەکان لەڕێگای کۆمەڵێک بەرپرسی نابەرپرسەوە لەبانکی تی بی ئای و چەند ساڵ لەمەوبەر بەوهۆیەوە چوار ملیار دۆلار قەرز هاتوەتە سەر هەرێمی کوردستان کەمانگانە لەبەشە بودجەی خەڵک بۆ ئەو قەرزە دەبڕدرێت، لەکاتێکدا نازانرێت ئەوپارەیە بۆچی و چۆن سەرفکراوە؟! لەڕاستیدا ئەو متمانەیەی ئەوان لای هاووڵاتیان دۆڕاندییان بەبانک بە دە سالی تر دروست نابێتەوە". > www.omargulpi.net: ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "دۆسیەی نەوت لەهەرێمی کوردستاندا هەرچۆنێک باسی بکەیت قێزەونە و لەدەرەوەی یاساکانە، تائێستا بۆ یەکجاریش ڕێگەنەدراوە دیوانی چاودێری دارایی هەربچێتە ناو وەزارەتی سامانەسروشتییەکانەوە. هەروەها سەبارەت بە موچەش بەڕاستی ئامادەکردنی لیستی موچە هێندە ئاسانە کەجێی پێکەنینە لە 4ی مانگی شەش لیستی مانگی پێنج بنێرن بۆ بەغداد، هەموو پڕۆسەکە دوو ڕۆژ ناخایەنێت، بەراستی دەبێت حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی دواکەوتنی موچە لەبەردەم خەڵکی کوردستان هەڵگرێت چونکە دەبوو لیستی مانگی5 ،لە 20ی مانگی 5دا بنێرێت، نەک لە 4ی مانگی شەش بینێرێت".

بۆ گوێگرتن لە تەواوی بەرنامەکە، سەردانی ئەم لینكە بكەن:
https://www.dengiamerika.com/a/7645612.html


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 345,517     ژمارەی میوان 1384