پاش نەوەد ڕۆژ، ”هەژماری من” تەوتینە؟
2024-05-28
228 جار خوێندراوەتەوە

 

ماوەی زیاتر لە نەوەد ڕۆژە، بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆران دەرچووە، وەزارەتی داراییش نەوەك بە دەم پڕۆسەكەوە نەچووە، بەڵكو ناو بەناو بە زمانی كوردی بە خەڵكی كوردستان دەڵێت:” هەژماری من تەوتینە!”

لە ڕاستیدا پێویستە وەزارەتی دارایی زۆر باش بزانێت ئەو لایەنەی بڕیاریداوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەوتین بكرێت دادگای فیدراڵییە، نەوەك دادگاو دامەزراوەیەك لە كوردستان، بۆیە لە بری هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی كوردستان و قەناعەتپێكردنی خەڵكی كوردستان كە ”هەژماری من” تەوتینە، پێویستە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسە بكات و بڕوایان پێبهێنێت.

زۆر بە ڕوونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەمەیە:

یەك: تەوتینی مووچەی مووچەخۆران لە بانكی حكومی واتە جێگیركردنی مووچەی مووچەخۆران و بە بانكیكردنی لە بانكێكی حكومی ئیتیحادی.

دوو: وەزارەتی دارایی هەرێم داهاتەكانی ناوخۆ ڕادەستی ئەو ئەژمارە بكات كە وەزارەتی دارایی حكومەتی بەغدا دەستنیشانیكردووە.

كەچی وەزارەتی دارایی تا ئێستا هیچ یەكێك لەم دوو بڕگەیەی جێبەجێ نەكردووە، لە بری ناردنی زانیاریی (١،٢٠٠،٠٠٠) مووچەخۆر بۆ بانكە حكومییەكانی بەغدا بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی تەوتین و بە بانكیكردنی مووچە، تەنها نزیكەی (٨٠٠) ناوی ناردووە بۆ بانكی بازرگانی عێراقی(TBI)! هەروەها یەك دیناریشی لە داهاتی ناوخۆ ڕادەست نەكردووە!

پێویستە وەزارەتی دارایی واز لە دەركردنی بەیاننامە بهێنێت و پابەند بێت بە ئەركەكانی لە چوارچێوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی مووچە مانگانە لەكاتی خۆیدا بگاتە دەستی مووچەخۆران، با دڵنیابێت بەیاننامەكانی بۆچوونی خەڵكی كوردستان ناگۆڕێت، چونكە دە ساڵە ئەو وەزارەتەیان ناسیوە، پێناچێت ئەو بەیاننامانەش بەغدا ڕازی بكەن.

بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران لە دڵەڕاوكێ ڕزگاری ببێت، پێویستە وەزارەتی دارایی لەوە زیاتر كات نەكوژێت و بەدەم بڕیاڕەكەی دادگاوە بچێت، لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە.

عومەر گوڵپی

٢٤ی ٥ی ٢٠٢٤


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 328,295     ژمارەی میوان 61