کتێبى (كەیوان)، چاپى یەکەم، ٢٠٢٤
2024-06-03
333 جار خوێندراوەتەوە

 

لە دوو توێی بەرگێكی ناوازەو بە قەبارەی مامناوەند و (٥٥٧) لاپەڕە، چاپى یەکەمى كتێبی ”كەیوان” گەیشتە بەردەستی خوێنەرانی، ئەم بەرهەمە كە چیرۆكی ڕاستەقینەی (سی و چوار) گەنجەكەی ئەمنی سلێمانییە، كتێبخانەی (ڕێنوێن) سەرپەرشتی بڵاوكردنەوەی گرتووەتە ئەستۆو ئێستا.

ئەم کتێبە پێکهاتووە لە پێشەکییەک و هەشتاو هەشت بەش، تیایدا نووسەر وێنە بە وێنە چیرۆکى ڕاستەقینەى ژیان و بەسەرهاتى کەیوان و هاوڕێکانى دەگێڕێتەوە.

بۆ بەرچاوى ڕوونى زیاترى خوێنەران و ئاشنابوون بە کتێبەکە، بە پێویستى دەزانین پێشەکی کتێبەکە وەک خۆى لە خوارەوە بڵاو بکەیەوە:

پێشەکى

سوپاس بۆ خوا، پاش ماوەیەکى زۆر لە هەوڵ و ماندوو بوون، لە دوورى (سى و شەش) ساڵ لە ڕووداوەکەوە، ئەم بەرهەمە، کە چیرۆکى ژیان و بەسەرهاتى (سى و چوار) گەنجەکەى ئەمنى سلێمانییە، دەگاتە قۆناغى چاپ و دەچێتە بەردەست خوێنەران، چیرۆکى هەوڵدان بۆ نووسینى (کەیوان) دوورودرێژە، بەڵام جارێکیتر سوپاس بۆ خوا کە لە نەورۆزى ئەمساڵ توانیم بگەمە قۆناغى کۆتایى و ئەم ئاواتە لە مێژینەیەم بهێنمە دى، ئەم ئاواتەش تەنها ئاواتى من نەبوو، بەڵکو خواست و خۆزگەى زۆرێک لەو دۆست و ئەزیزانە بوو کە لە دوورەوە زانیارییەکى کەمیان لەسەر کەیوان و هاوڕێکانى هەیەو تامەزرۆی زانینى تەواوى چیرۆکەکەن.

خوێنەرى بەڕێز:

١. بە خوێندنەوەى ئەم چیرۆکە تەنها ڕووداوێکى مێژوویى ناخوێنیتەوە، بەڵکو بەخوێندنەوەى دەبیتە ڕێبوار لەناو جۆگەلەى برینێکى قوڵى نیشتیماندا، بە خوێندنەوەى دەگەڕێیتەوە بۆ سەردەمانێک پاکێتى لێدەباریى، ئازایەتى سیماى گەنجەکان بوو، لە خۆبوردوویى و ڕۆحى قوربانیدان بە شادەمارى خوێنیاندا هاتوچۆى دەکرد.

٢. ناوەڕۆکى ئەم کتێبە فرە ڕەهەندو فرە بابەتە لە چوارچێوەى یەک چیرۆکى سەرەکیدا، لەکاتى نووسینیدا لە چەندین شوێنیدا فرمێسک بەرچاوى گرتووم، لە دەیان ڕووداودا بە قورسایى گۆیژە خەم لەسەر دڵم کۆ بووەتەوە، لە دەیان شوێنى ڕووداوەکاندا هەستم بە شانازى کردووە، لە چەندین پەرەگراف و دیمەندا ڕۆحم بەجۆرێک باڵاى کردووە، خەریکبووە لە جەستەم بچێتە دەرەوە، لە چەندین وێستگەى نووسین و ئامادەکردنیدا حەزمکردووە بگەڕێمەوە بۆ ئەو ڕۆژانەى (کەیوان) و هاوڕێکانى لە سلێمانى دەژیان، لەگەڵ ئەواندا بچمە پۆلێکى قوتابخانە و لەسەر کورسیەک پێکەوە دابنیشین، لەگەڵ ئەواندا پاش نوێژى عەسرێک لەبەردەم مزگەوتى حاجى حەسەنى لۆکەوە بە ناو سەهۆڵەکەدا تا ئامادەیى پیشەسازى سلێمانى بە پیاسە بڕۆم، لە تیپەکانى یاریکردنی تۆپى پێیاندا ببمە یاریزان، لەگەڵ وانەو نوێژو قورئان خوێندنیاندا تێکەڵ بم.

لە هەمانکاتدا لە چەندین وێستگەى نووسینى (کەیوان)دا دۆش داماوم بەدەست کەسایەتى مرۆڤى کوردەوە، لە خۆم پرسیوە داخۆ ئەو هۆکارە چیە وا دەکات لەو چرکەساتە مێژووییانەى بەشێکى گەلێک تێدەکۆشێت و قوربانیدەدات و خوێنى لێدەچۆڕێت لە هەمانکاتدا بەشێکیتریى دەکاتە بەکرێگیراویی دوژمن، هەستم بە خەمێکى قوڵ کردووە کاتێک دەبینم خەڵکانێک لە نەتەوەکەى خۆم لەناو خواستى دوژمنێکى دڵڕەقدا دەتوێنەوە و دەبنە داردەستى، دەبنە چاوى، پێش شۆفڵەکانى دەکەون تا کەنار چاڵەکانى مردن.

٣. بۆ نووسینەوەى ئەم داستانە، خۆم و قەڵەمەکەم ڕادەستى ڕووداوەکان کردووە، ڕاستى ڕووداوەکان چۆن بووە بەو جۆرە مامەڵەم کردووە، ئەگەرچى خۆم و خانەوادەکەم بەشێکین لە ڕووداوەکەو سێ برام (موحەممەدو ئەحمەدو ئەبوبەکر) زیندانیبوون لەگەڵ کەیوان و هاوڕێکانیدا، (موحەمەدو ئەحمەد شەهید بوون، ئەبوبەکریش پاش شەش مانگ مانەوە لە زیندان، ئازاد بوو)، بەڵام هەوڵمداوە زۆرترین زانیاریى بخەمەڕوو لەگەڵ کەمترین بۆچوون و لێکدانەوە، هیچ زانیارییەکیشم بەبێ سەرچاوە نەگواستووەتەوە، هەموو زانیارییەکان یان ڕاستەوخۆ لە کەس و کارى قوربانیانى ڕووداوەکە وەرگیراون یان لەو بەڕێزانەى بە موعجیزە لە ڕووداوەکە گەڕاونەتەوەو ڕزگاریان بووە، بەدەر لەوە هەر زانیارییەکیتر وەرگیرابێت ڕاستەوخۆ لە پەراوێزدا ئاماژە بە سەرچاوەکەى کراوە.

٤. ئەزیزم، دەتوانیت ئەم کتێبە لەسەر (بیرەوەرى) پۆلێن بکەیت، یان بڵێیت نەخێر ئەمە (چیرۆکە)، یان نەخێر ئەمە (ڕۆمان)ە، یاخود خوێنەرێکیتر بڵێت نەخێر ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکى مێژووییە ئەها پڕیەتى لە ساغکردنەوەو بەڵگە بۆ ڕوونکردنەوەى ڕووداوێک کە سى و شەش ساڵ بەر لە ئێستە ڕوویداوە، ئەمانە هەمووى دەگونجێت، بەڵام هەر ناوێکت لێنا بیرت نەچێت بزانە تۆ شتێک دەخوێنیتەوە کە بە خوێن و ئارەقەى (سى و چوار+سێ) گەنج نووسراوەتەوە، برینێک دەخوێنیتەوە وەک برینى جوتیارێکى گەرمیان کاتێک کانیەکەى کوێر دەبێتەوە، ئازارێک دەخوێنیتەوە وەک ئازارى ئەو پاسارییانەى کە ئێوارەیەکى زستان هێلانەکەیا تێکدەدرێت و پاسارێکیش نییە خۆیانى تێدا حەشار بدەن و لەبەر سەرما تا بەیانى هەڵدەلەرزن، تۆ لە یەککاتدا هەم تێکۆشانێکى نیشتیمانى دەخوێنیتەوە، هەم گیانفیداییەکى ئاینى، لە (کەیوان)دا دین و دونیا یەک شتن، ژیان و مردن هیچ دوور نین لە یەک و ماوەى نێوانیان نزیکە لە سفر، بەڵێ ئەمە ڕاستى چیرۆکى (کەیوان و هاوڕێکانى)یەتى، تۆى خوێنەریش ئازادى چ ناوێک بۆ ناوەڕۆکى کتێبەکە هەڵدەبژێریت و لەسەر چ شێوازێکى نووسین پۆلێنى دەکەیت.

٥. دەتوانم بڵێم بەهۆى تایبەتمەندى چیرۆک و ڕووداوەکەو قەبارەو جۆرى ڕووداوەکانەوە، لە نووسین و ئامادەکردنى (کەیوان)دا پەیڕەویم لەهیچ تەکنیکێک نەکردووە کە پێشتر بەکارهێنرابێت لەو بەرهەم و چاپکراوانەى بابەتەکانیان هاوشێوەى ئەم ڕووداوەن و بە زمانى کوردى چاپکراون یان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانى کوردى، بەڵکو هەوڵمداوە ڕاستى ڕووداوەکان لە بەرگى وشەو ڕستەو پەرەگرافى شایستە بە خوێندنەوەدا بخەمە بەردەستى خوێنەران، هەروەها بە پێى خواستى چیرۆک و ڕووداوەکانیش زەمەنى نووسینەکە ڕێگەى خۆى ببڕێت و وێنە بە وێنە چیرۆکەکە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایى بگێڕێتەوە، پاشان بە بەکارهێنانى ژمارەو ناونیشانى سەرەکى و لاوەکى یارمەتى خوێنەر بدەم بێزار نەبێت لە خوێندنەوەى، هیوادارم پەیڕەویکردن لەم تەکنیکە تایبەتە بۆ خوێنەران چێژ بەخش بێت.

٦ـ پاڵەوانانى ڕووداوەکە پێکهاتوون لە سى و حەوت گەنج، بەڵام تەنها سى و چوار گەنجیان لە وێنە سەرەکییەکەدا دەرکەوتوون و سێ گەنجەکەى تر لە دەرەوەى وێنەکە بەشێکن لە ڕووداوەکە و لەناو چیرۆکەکاندا ڕۆڵیان لە (کەیوان)دا گێڕاوە.

نووسەر

١٤ى ٤ى ٢٠٢٤/ سلێمانى


بۆ دەستکەوتنى ئەم بەرهەمە:

ئەم بەرهەمە لە کتێبخانەى شارو شارۆچکەکان بەردەستە، بۆ سەردانیکردنى ناوەندى بڵاوکاریش (ناوەندى ڕێنوێن) دەتوانن سەردانى ئەم ناونیشانە بکەن: سلێمانی، بازاڕی كاسۆ مۆڵ، نهۆمی دووەم، دوکانی ژمارە(٤٥).

بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ، دەتوانن سود لەم دوو ژمارە مۆبایلە وەربگرن:
07701932749
07501269689


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 345,477     ژمارەی میوان 1356