وەرگرتنى باج تەنانەت لە “نەخۆش”یش
2024-05-20
344 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى خراپى دۆخى نەخۆشخانە حکومییەکان و پاشەکشەى بەرچاوى خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و نەبوون و کەمى زۆرێک لە چارەسەرو پێداویستى نەشتەرگەریی، نەخۆشەکان ناچارن بچنە نۆڕینگەو نەخۆشخانە تایبەتەکان، لەوێش حکومەت بە دوایانەوەیەو بێجگە لە تێچووى چارەسەر، نەخۆش ناچار کراوە بڕێک پارە وەک باج بە حکومەتە ماوە بەسەرچووەکە بدات.

لە پاش گرتنەبەرى سیاسەتى چەوتى “ئابورى سەربەخۆ”و پشتکردنە بەغداو دەرهێنان و قرۆشتنى نەوت، خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان هاوشێوەى زۆربەى بوارەکانى تر، بەشێوەیەکى بەرچاو پاشەکشەى کرد، لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوودا ژمارەى نەخۆشخانە تایبەتەکان و نۆڕینگەو کۆمەڵگە پزیشکییە ئەهلییەکان بوونەتە سێ هێندەى پێشوو.

ئەگەرچى بە پێى دەستورو یاسا، پێویستە هەموو هاووڵاتیەک دەستى بە چارەسەرى پزیشکى بێبەرانبەر بگات، بەڵام لە ماوەى پێنج ساڵى تەمەنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى ماوە بەسەرچووى هەرێم، نەوەک نەخۆشخانەکان لەو پاشەکشەیە نەوەستان، بەڵکو بەردەوام بوون لە سەرەو لێژ بوونەوەو ڕۆژ بە ڕۆژ نەخۆش ناچار دەکرێت پشت بکاتە نەخۆشخانە حکومییەکان و بۆ چارەسەر ڕوو لە نۆڕینگەو نەخۆشخانەى ئەهلى بکات.

کێشەکە بەس پاشەکشەى نەخۆشخانەو خزمەتگوزاریى گشتی تەندروستی نییە، بەڵکو حکومەت بە دوو ڕێگەى نایاسایى زۆر بە توندى کەوتووەتە ستەم کردن لە نەخۆش:

ڕێگەى یەکەمیان: حکومەت بە نایاسایى شێوازێک جێبەجێ دەکات کە ناوى ناوە نیمچە تایبەت (سیمى پرایڤێت)، لەم شێوازەدا نەخۆش ناچار دەکرێت پارە بدات بە حکومەت لە بەرانبەر بینینى پزیشک و پێشکەشکردنى چارەسەر، لە زۆر بوارى نەخۆشیشدا، نەخۆش تەنانەت ئەم نیمچە تایبەتەى دەست ناکەوێت و پێویستە چەندین مانگ بێهودە چاوەڕێ بکات تا نۆرەى دێت، بۆیە ناچار دەکرێت ڕوو لە نۆڕینگەو نەخۆشخانە تایبەتەکان بکات، بە ڕادەیەک ئێستە زۆرینەى نەخۆشخانەکان تەنها وەک وێستگەى ئاراستەکردنى نەخۆشیان لێهاتووە بۆ شوێنە تایبەتەکان!

ڕێگەو ستەمیى دووەەمیش ئەمەیە: وەزارەتى دارایى بەدەر لە یاساو دوور لە هەر هەڵس و کەوتێکى بەرپرسانەى دەستوریانەى دەوڵەتیانە، بڕى (٥% - لە سەدا پێنج) باج لە پسوڵەى هەر نەخۆشێک وەردەگرێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، لە کاتى خۆیدا ئێمە لەسەر ئەم بابەتە زۆر هەوڵماندا، بەڵام بەرپرسانى حکومەت نەوەک کارە نایاساییەکەیان ڕا نەگرت، بەڵکو بەردەوام بوون لەسەریى و گوتیان: “وەرگرتنى ئەم پارەیە لە نەخۆش نییە، بەڵکو لە نەخۆشخانەکانە”، پاش دوو ساڵ لە جێبەجێکردنى ئەم باجە، دەرکەوت ئەم باجە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە نەخۆشە هەژارەکان وەردەگیرێت نەوەک نەخۆشخانەکان!، لەو نەخۆشانەى کە لە بنەمادا حکومەت دەبوو چارەسەرى بێ بەرانبەرى بۆ دابین بکردنایە لە نەخۆشخانەکانى خۆى.

ئێستە ئەو ڕێژەى لە سەدا پێنجەى باج، لە هێندێک نەخۆشخانە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر پسوڵەى نەخۆش، وەک خزمەتگوزارییەکانى ترى چارەسەر، لە هێندێک نەخۆشخانەش ناخرێتە سەر پسوڵەکە بەڵکو لە بەرانبەردا نەخۆشخانەکان نرخى خزمەتگوزارییەکانى تریان لەسەر نەخۆش زیاد کردووە، تا ئەم لە سەدا پێنجى باجەى حکومەت بدەن!

کەرتى تەندروستى لە کوردستان لە خراپترین دۆخەکانی خۆیدایە، لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوودا حکومەت و وەزارەتى تەندروستى نەوەک نەیانتوانى کەرتى تایبەت و گشتى لە یەک جیا بکەنەوەو یاسایەکى شایستە بۆ ئەو مەبەستە پێشنیار بکەن کە ئەمە ئەرکیان بوو وەک لە یاساى ژمارە (١٥)ى ساڵى (٢٠٠٧)دا هاتووە، بەڵکو ئەوەى هەیە خراپتریان کرد، لە هەندێک نەخۆشخانەش (وەک نەخۆشخانەکانى تایبەت بە شێرپەنجە)، خێرخوازان نەبوونانایە ئێستە دۆخەکە خراپتر دەبوو.

لە ڕاستیدا ئێستە نەخۆش لە ڕووانگەى حکومەت و کەرتى تایبەتیشەوە تەنها وەک “کاڵایەک” تەماشا دەکرێت بۆ قازانجێکى زیاتر، تەماشاکردنى نەخۆشیش وەک سەرچاوەیەک بۆ داهات و پارەى زیاتر لەلاى حکومەت و کەرتى تایبەت، گەورەترین تاوانە، پێویستە ڕابگیرێت و سنورێکى بۆ دابنرێت، هەنگاوى یەکەمیش ئەوەیە کە حکومەتى ماوە بەسەرچووى هەرێم ئەو باجە نایاساییەى هەڵوەشێنێتەوە، هەروەها لە داهاتى ناوخۆى بەردەستیان (کە ئێستە داهاتێکى گەورەیەو نادرێت بە مووچە) پشتگیریی نەخۆشخانە حکومییەکان بکەن، تا دۆخى تەندروستى خراپتر نەبێت.

عومەر گوڵپى
٢٠ى ٥ى ٢٠٢٤


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 345,487     ژمارەی میوان 1364