سەرپێچی‌ یاسا و پاشاگەردانی‌ بەم ئاستە؟
2023-08-07
1070 جار خوێندراوەتەوە

سەرپێچی‌ یاسا و پاشاگەردانی‌ بەم ئاستە؟

بە پێی‌ یاسا خراپەکەی‌ وەبەرهێنان کە زەوی‌ ئەم وڵاتەیان پێ تاڵانکرد، پارچە زەوییەک لە باشترین شوێنی‌ شاری‌ سلێمانی‌ تەرخانکراوە بۆ ئەوەی‌ ببێتە پڕۆژەیەکی‌ گەشتیاریی‌ بەناوی‌ (رێستورانت و کافێی‌ لۆنا)، کەچی‌ لەوەشدا سەرپێچی‌ دەکات و نایکاتە ڕیستورانت و ئەیکاتە شوقەی‌ نیشتەجێبوون و ناویناوە (کەڵینان تاوەرس)!

بە پێی‌ نووسراوی‌ ژمارە (١٥٣٦) لە (٢٧ی‌ ٢ی‌ ٢٠٢٣)، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ وەبەرهێنانی‌ سلێمانی‌، خاوەنی‌ پڕۆژەکە (سان شۆڕش ئیسماعیل)ی‌ ئاگادار کردووەتەوە لە سەرپێچییەکانی‌ و یاساشکێنیەکانی‌ لەکارەکەیدا، هەروەها ڕەزامەندی‌ نەداوە پڕۆژەکە لە پڕۆژەیەکی‌ (گەشتیارییەوە) بگۆڕێت بۆ پڕۆژەی‌ (نیشتەجێبوون)، بەڵام هەر بەردەوام بووەو هیچ حسابێکی‌ بۆ نەخشەی‌ بنەڕەتی‌ و گرێبەستەکەی‌ و نووسراوەکەی‌ وەبەرهێنان و ئاگادارییەکان نەکردووە.

ئەگەر لە سلێمانی‌ هەژارێک مەترێک تەجاوز بکاتە سەر موڵکی‌ گشتی‌، شۆفڵەکانی‌ شارەوانی‌ بەسەر سەرییەوە ئامادەن و خێرا بۆی‌ دەڕوخێنن، کەچی‌ لەناو جەرگەی‌ شارو لە باشترین شوێندا کە شەقامی‌ مەلیک مەحمودە لە کۆتایی‌ گەڕەکی‌ تووی‌ مەلیک بینای‌ چەند نهۆمی‌ نایاسایی‌ بەرز دەکرێتەوە!

سەیرە، لە سلێمانی‌ لە شوێنێک زەوی‌ بە کەس‌و کاری‌ شەهید دراوە کە سەرەڕای‌ تێپەڕبوونی‌ دە ساڵ بەسەر دابەشکردنیدا، هێشتا زەوییەکان نەوەک بۆ نییشتەجێبوون ناشێن، بەڵکو ئەمساڵیش کراون بە گەنم‌و جۆ! کە چی‌ بناری‌ گۆیژە بە نایاسایی‌ دابەش دەکرێت.

پێویستە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ وەبەرهێنان بەردەوام بێت لە ڕێکارە یاساییەکانی‌ بۆ کۆتایهێنان بەم کارە نایاساییە، هەروەها داواکاری‌ گشتی‌ سلێمانیش ڕێکاری‌ یاسایی‌ خۆی‌ بگرێتە بەر، پێویستە هاووڵاتیانیش هۆشیاربن و پارەی‌ خۆیان نەکەنە پڕۆژەیەکەوە کە هەر لە بناغەوە بە ناسایی‌ دەست پێدەکات، چ جای‌ پابەندی‌ بە مەرجەکانی‌ ترو پاراستنی‌ بەرژەوەندی‌ هاووڵاتیان و مەرجەکانی‌ پەیوەست بە سەلامەتی‌ و خزمەتگوزاریی.

عومەر گوڵپی‌

٢٦ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٣


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 390,504     ژمارەی میوان 234