بۆچی‌ بڕیارەکەی‌ کۆمەڵ دروست‌و جەریئانەیە؟
2023-05-04
359 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ، بەسەرۆکایەتی‌ بەڕێز مامۆستا عەلی‌ باپیر، لە کۆبوونەوەی‌ گشتیدا، کۆمەڵى دادگەریى کوردستان بڕیارە گرنگەکەیدا، ئەوەش بە گۆڕینى هەڵوێستى کشانەوەو بایکۆتى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمان کە لە (٦ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٢)ەوە بەو جۆرە بوو بۆ دەست لە کارکێشانەوە لە پەرلەمانی‌ کوردستان، هەروەها دەست لەکارکێشانەوەى هەر چوار ئەندامەکەی‌ لە ئەنجومەنی‌ پارێزگاکانی‌ هەولێرو سلێمانی‌، بە هەمانشێوە دەست لە کارکێشانەوە لە پۆستەکانى حکومەتی‌ خۆجێی‌ سلێمانی‌ کە لە ئەنجامى هەڵبژاردنى (٢٠١٣) تیایاندا بوو.

لەبەر ئەم هۆکارانەى خوارەوە، هەڵوێستەکەى کۆمەڵ دروست و جەریئانەیە:

١ـ لە بنەمادا حزبی‌ سیاسی‌ بۆ بەشداری‌ سیاسی‌ دروست بووە، بەڵام کاتێک دامەزراوەکان دەبنە بووکە شوشەی‌ دەستی‌ دوو حزبی‌ سیاسی‌ دەسەڵاتدارو لە ژێر هەیمەنەى چەکى حزبیاندا دەسەڵات پابەندی‌ هیچ پڕەنسیپێکی‌ حکومڕانی‌‌و یاسایی‌ نابێت، ئیتر مانەوەو بەشداری‌ لەو دامەزراوانەدا بۆ حزبێکى وەک کۆمەڵ کە پشتى بە پشتیوانى دەنگدەرو شەرعیەتى یاسایى و دەستورى بەستووە، نیشانەیەکی‌ پرسیاری‌ گەورەی‌ دەچێتەسەر، بۆیە بڕیارەکەی‌ کۆمەڵ بۆ هەر سێ ئاستەکە دروستە.

٢ـ بڕیاری‌ سیاسی‌ لەمجۆرە، بۆ کۆمەڵ وەک حزبێکى سیاسی‌ ئاسان نیە، چونکە کۆمەڵ لە هەر سێ دامەزراوەکە خاڵێکی‌ ئەرێنی‌ بووەو نوێنەرەکانی‌ بەشێک بوون لە دەنگى ڕەواى خەڵک و دڵسۆزانە و بێ جیاوازى خزمەتی‌ خەڵکیان کردووەو لەسەر بنەمای‌ مافى هاووڵاتیبون بێ جیاوازى کاریان کردووە، بۆیە کشانەوەکە بەهۆى خراپى ئەداوە نیە، بەڵکو کاتێک بڕیاری‌ کشانەوە دیارە مەبەستیەتی فشارێکى زیاتر بکات لەسەر دەسەڵات تا‌ دامەزراوەکان بکەونەوە سەر ڕێچکەی‌ یاسایی‌ خۆیان‌و چیتر حزبەکانی‌ دەسەڵات لەو بێئاگاییە بەهۆش بێنەوە و لەوە زیاتر یاریى بە موقەدەراتى خەڵک و بەرهەمى ڕاپەڕین نەکرێت، هەروەها خەڵکیش باشترو جوانتر هەڵوێستى حزبە خەمخۆرەکانى خەڵک و قەوارەى هەرێم بناسێتەوە.

٣ـ دۆخی‌ کوردستان چەق بەستووە، ئەم بڕیارەی‌ کۆمەڵ زۆر ڕوونتر لە جاران بە هەموو لایەکى ڕادەگەیەنێت کە مانەوەی‌ کوردستان بەم دۆخە خراپەوە پڕ مەترسییە، ڕۆژ بە ڕۆژ هەرێمی‌ کوردستان لە ڕووی‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌‌و دەستوری‌‌و دیبلۆماسییەوە لاوازتر دەبێت و لە پاشەکشەیەکى ترسناکدایە.

٤ـ بەم بڕیارەی‌، کۆمەڵى دادگەریى سەلماندی‌ وابەستەی‌ هیچ یەکێک لەم حزبە دەسەڵاتدارانەی‌ کوردستان نیە، دەسەڵاتى هیچ یەکێک لەم دوو حزبە سیاسییە بەکەمتر گەندەڵ لەویتریا نازانێت، خەباتیشی‌ بۆ دژایەتی‌ گەندەڵی و ستەمکاری‌‌و قۆرخکارییە لەهەر لایەکەوە بێت.

٥ـ بە کشانەوە لە ئەنجومەنی‌ پارێزگاکانی‌ سلێمانی‌‌و هەولێر وەک یەک، دیدی‌ کۆمەڵ باشتر بۆ کوردستان ڕوون دەبێتەوە کە کۆمەڵ کوردستان بە یەک هەرێمى دەستورى دەزانێت‌و دژی‌ دابەشکردنى هەرێمە بۆ دوو ناوچەو دوو زۆرن و پێى وایە ئەمە پاشەکشەیەکى مەترسیدارە لە پرسى نەتەوایەتیداو کوردستان زیاتر ناشیرین بچوک دەکاتەوە لەبەردەم نەیارەکانیدارو دەرگاى کۆمەڵێک کێشەى نوێ لە خەڵکى کوردستان دەکاتەوە.

پاش ئەم بڕیارە گرنگە، پێویستە کۆمەڵ باشتر ستراتیجی‌ سیاسى خۆی‌ دابڕێژێتەوەو پلان‌و بەرنامەی‌ نوێ دابنێت بۆ پشتیوانی‌ خەڵکی‌ کوردستان‌و تێپەڕاندنی‌ ئەم دۆخە پڕ مەترسی‌و هەستیارەی‌ حزبەکانی‌ دەسەڵات بەسەر کوردستانیاندا سەپاندووە، بەتایبەت لەمبارەیەوە گرنگە بیر لە کۆکردنەوەی‌ حزب و لایەن‌و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازییەکان بکاتەوە لە یەک هاوپەیمانێتی‌‌و سەنگەردا، کۆمەڵ دەتوانێت ئەو کارە بکات، لێشی‌ چاوەڕوان دەکرێت.

عومەر گوڵپی‌

١ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢٣


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 342,797     ژمارەی میوان 45