هیچ یاسایەک نیە ڕێگە بدات وەزارەتی دارایی ڕاستوخۆ باج بخاتە سەر پسوڵەی نەخۆشخانە تایبەتەکان، کەچی لە هەرێمی کوردستان بێجگە لە باج کە لە کۆی قازانج پێویستە وەربگیرێت، باجێکی تریش خراوەتە سەر نەخۆشخانە تایبەتەکان لە ڕێگەی لێبڕینی ڕاستەوخۆی بڕی (٥%)ی هەر پسوڵەیەک!
وەرگرتنی ڕێژەی (٥%) ڕاستەوخۆ لە پسوڵەی نەخۆش، بێجگە لەوەی کارێکی نایاساییە، ئەوە ڕاستەوخۆ دەبێتە بارگرانی لەسەر نەخۆش چونکە نەخۆشخانەکان بە پاساوی گرانی دەرمانو پێداویستی لە سەرچاوەکەیەوەو گۆڕانکاری نرخی دۆلار، ڕاستەوخۆ ئەو باجەیان خستووەتە سەر نەخۆشەکان و خزمەتگوزارییەکانیان زیادکردووە!
بە پێی یاسا، وەزارەتی دارایی دەبێت تەنها لە قازانجی ساڵانەی دامەزراوە تایبەتەکانو کۆمپانیاکان باج وەربگرێت، ئەویش لە رێگەی ئەژمارێکی وردەووە کە پیشانی بدات کۆمپانیا چەند قازانجی کردووە، یان نەخێر زیانی کردووەو نابێت باجی لێ وەربگیرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی بێجگە لەو باجە، هاتووە باجێکی تریشی لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەکان سەپاندووە کە مانگانە وەردەگیرێت ناوی ناوە باجی ڕاستەوخۆ، ئەم باجەش ڕاستەوخۆ نەخۆش باجەکەی دەدات، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە خزمەتگوزاری نەخۆشخانە حکومییەکان لە پاشەکشەدایەو خەڵک ناچارە ڕوو بکاتە نەخۆشخانە تایبەتەکان!
ئەم باجە نوێیە، کە تازە بە تازە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەزارەتى دارایى بە پێی نووسراوی ژمارە (٤٢٤٢) لە ٢١ی ٤ی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی وەزیران وەریدەگرێت، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نیەو پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانو بنەما دەستوورییەکانە، چونکە بە دەستور هیچ کەس دەسەڵاتی سەپاندنی باجی نیە تەنها بە یاسایەکى ڕوون نەبێت کە بڕى باجەکەو جۆرەکى دیاریدەکات!
ئەمە بێجگە لەوەى بە پێى زانیارییەکان، جیاوازى دەکرێت لە نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشخانەیەک لە وەرگرتنى ئەو بڕە باجە نوێیە!
عومەر گوڵپی
١٣ی ٤ی ٢٠٢٣