ماددەی‌ هۆشبەر هەڕەشەیەکی‌ جیدیە لەسەر هەرێمی‌ کوردستان، چی بكرێت؟
2023-08-17
313 جار خوێندراوەتەوە

 

تەنها لەماوەی‌ شەش مانگی‌ ڕابردوودا، ٣٢٠ کەس لە سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک لەسەر بەکارهێنان‌و بازرگانی‌ بە ماددەی‌ هۆشبەر دەستگیرکراون، هەروەها زۆرینەی‌ زۆری‌ سزادراوانی‌ چاکسازییەکانیش کەسانی‌ بەکارهێنەر یان لەسەر بازرگانی‌ بە ماددەی‌ هۆشبەر سزادراون، بە جۆرێک لە کۆی‌ ١٢٥٠ سزادراو لە چاکسازی‌ گەورانی‌ سلێمانی‌ (٨٥٠) کەسیان لەسەر بەکارهێنان یان بازرگانی‌ بەو ماددە پڕ مەترسیانە دەستگیرکراون.

ماوەیەک پێش ئێستە قسەم لەگەڵ بەرپرسێکی‌ ئاسایش کرد، ئەو بە نیگەرانیەوە باسی‌ لەوە کرد کە ژمارەی‌ بەکارهێنەر لەنێو گەنجان زۆر زیاد بووەو دۆخەکە ڕووەو مەترسییە.

لە ڕاسیتدا لە ساڵانی‌ ڕابردوودا هەرێمی‌ کوردستان تەنها ڕێڕەوێک بوو بۆ گواستنەوەی‌ ماددەی‌ هۆشبەر لە وڵاتی‌ ئێرانەوە بۆ وڵاتانی‌ تر، بەڵام بە داخەوە لە ئێستەدا بەکارهێنەری‌ ئەو ماددە پڕ مەترسیانە لەناو کوردستان زۆر زیادیان کردووە و بەشێکی‌ لەناو خۆ بەکاردەهێنرێت و بازرگانانی‌ بێویژدان و گروپی‌ مافیایی کاریان تێوەگلاندنی‌ گەنجان‌و هەرزەکارانە لەو ماددە پڕ مەترسییانە!

مەترسی‌ ماددەی‌ هۆشبەر بۆ هەر وڵاتێک جیدیە، بەڵام بۆ هەرێمی‌ کوردستان زیاترە، ئەوەش بەهۆی‌ لاوازی‌ دامەزراوەکان لە دووبارە چاکسازیکردن لەوانەی‌ بەو تاوانە سزا دەدرێن یان نەبوونی‌ سەنتەری‌ پێویست‌و بەهێز بۆ لەخۆگرتنی‌ ئەو کەسانەی‌ ئالوودە دەبن تا ڕزگاریان پێت لەو ماددە بکوژە.

زیانی‌ ماددەی‌ هۆشبەر لە سنوری‌ تاکە کەسدا ناوەستێت‌و قوربانیەکە تەنها بەکارهێنەر نیە، بەڵکو زیانەکەی‌ بۆ خێزان‌و تەواوی‌ کۆمەڵگەیە، لەهەر کۆمەڵگەیەک بەکارهێنەری‌ ماددەی‌ هۆشبەر زیادی‌ کرد، ئەوە تاوان‌و گروپی‌ مافیایی‌و دزو پیاوکوژو دەستدرێژیکار بۆ نامووسی‌ خەڵکی‌ ژمارەیان زۆر زیاد دەبێت، بۆیە پێویستە بەو پەڕی‌ وشیارییەوە خێزانەکان منداڵ و هەرزەکارو گەنجەکانیان بپارێزن و دووریان خەنەوە لە ئەگەرەکانی‌ تووشبوون و ئالودەبوون.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی‌ ماددەی‌ هۆشبەر، کوردستان پێویستی‌ بە هەڵمەتێکی‌ نیشتیمانی‌ گەورە هەیە، کە تیایدا هەموو هاووڵاتیان و دامەزراوە فەرمی‌ و کۆمەڵایەتی‌ و مەدەنییەکان‌و مامۆستایانی‌ بەڕێزی‌ مزگەوت‌و دامەزراو ئاینیەکان بەشداربن، بۆ ئەوەی‌ سیستمی‌ بەرگری‌ لای‌ تاک و خێزان‌و کۆمەڵگەکەمان بەهێز بکەین، سەرەتا لەو کەلێنانەوە دەست پێبکرێت کە دەبنە دەرفەت بۆ تووشکردنی‌ گەنجان، بۆ ئەوەی‌ زەمینەی‌ ئالوودە بوون کەم بکرێتەوە.

خەڵکانێکی‌ تاوانکار چاویان لەوەیە بۆ پەیداکردنی‌ چوار دیناری‌ حەرام، بەو ڕێگە ترسناکە گەنجانی‌ کورد فریو بدەن و بە جۆرەها ڕێگە بیانهێننە ناو پلانە ژەهراوییەکانی‌ خۆیانەوەو ئالودەیان بکەن بەو ماددە ژەهراویانە، ئەمەش لوتکەی‌ تاوانێکی‌ دڕندانەیەو پێویستە بە پلانی‌ ژیرانەی‌ پەروەردەیی‌ و کۆمەڵایەتی‌‌و ئاینی‌‌و ئەمنی‌ هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی‌، دوور نیە بێجگە لە بازرگانی‌ هۆکاری‌ تریش هەبێت بۆ ئەوەی‌ ژیانی‌ کۆمەڵایەتیمان بشێوێنرێت لەلایەن ناحەزانی‌ ئەم گەلەوە.

یەکێک لە جوانیەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان ئەوەیە کە ئەگەر بە شەواندا بە شارەکانیدا بسوڕێیتەوە، دە کەس نابینی‌ بەهۆی‌ ئالوودەبوون، یان هەر هۆکارێکیتر ناچار بێت لەسەر شەقامەکان بمێنێتەوەو شەو بە ڕۆژو ڕۆژ بە شەو بسپێرێت، بەڵام ئەگەر بەم خەمساردییەوە ڕووبەڕووی‌ ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، ئەوە دوور نیە لە ئایندەیەکی‌ نزیکدا ئەو جوانیەمان لەدەست بدەین، وەک زۆرێک لە میللەت‌و گەلانی‌ دونیا لە دەستیانداوە!

عومەر گوڵپی‌

١٦ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢٣


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,038     ژمارەی میوان 39