لە مانگەکانی (٣و ٤و ٥)ی ساڵی ٢٠٢٠، سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، حکومەت یەک بەرمیل نەوتی بە (٥ تا ١٦) دۆلار فرۆشتووە، دابەزینی نرخی نەوتی کردە پاساوی ستەمی لێبڕینی مووچەو دوو مانگ جارێکیش دابەش دەکرد.
لە مانگەکانی ٢و ٣ی ئەمساڵی ٢٠٢١، حکومەت نەوتی لە سەرو ٥٠ دۆلارەوە فرۆشتووە، ئایا لێبڕینی مووچە بەردەوام دەبێت؟!
نابێت ستەمی لێبڕینی مووچە بەردەوام بێت لە کاتێکدا نرخی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ نرخەکەی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
دەقى پرسیارمان کە بە ژمارە (٩٣) لە ڕۆژى ٩ى ٣ى ٢٠٢١، ئاراستەى وەزارەتى داراییمان کردووە:
نرخی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوو، بەتایبەت لە سەرەتایساڵی ٢٠٢١ەوە بەرزبوونەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک نرخەکەی گەڕاوەتەوە بۆ پێش سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، لەبەر ئەوەی بەشی زۆری داهاتی حکومەتی هەرێمیش لەسەر داهاتی نەوتە، پێویستە داهاتی هەرێمی کوردستانیش زیاد بووبێت.
١ـ داهاتی گەڕاوە لە فرۆشتنی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢١ چەند بووە؟ بۆ مانگی ٢ی ساڵی ٢٠٢١ چەند بووە؟
٢ـ ئایا لێبڕینی مووچە بەردەوام دەبێت بۆ مووچەی مانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢١؟
٣ـ ئەگەر لێبڕینی مووچە بەردەوام دەبێت؟ بۆچی؟