" حكومه‌ت ئاگای‌ له‌ دۆخی‌ ژیانی‌ كه‌مئه‌ندامان‌و خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت‌و خانه‌واده‌كانیان نییه‌ "
2021-02-23
161 جار خوێندراوەتەوە
 
لەشاری هەولێر، سه‌ردانی‌ (كۆمه‌ڵه‌ی‌ ژینی‌ كوردستان بۆ په‌ككه‌وتوانی‌ ده‌ست‌و پێ)مان کرد، و لەگەڵ برای بەڕێزم کاک مەسعود ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەکە، گفتوگۆی‌ كێشه‌كانی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت‌و خانه‌واده‌کانیانمان کرد.
 
به‌داخه‌وه‌ پاش ده‌ ساڵ له‌ ده‌رچوونی‌ یاسای‌ ژماره‌ (22)ی‌ ساڵی‌ (2011)ی ماف و ئیمتیازی کەمئەندامان، تا ئێستا كه‌مترین بڕگه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌ به‌ نیوه‌چڵی‌ جێبه‌جێكراوه‌، و له‌ زۆر بواری‌ ژیان‌و پشتیوانی‌ دارایی‌‌و ژینگه‌ی‌ گونجاوو خوێندن و پێداویستییەکانی، هێشتا كوردستان له‌ پێگه‌یه‌كی‌ خراپدایه‌و به‌ پێی‌ ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش جێگه‌ی‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی‌ تونده‌.
 
له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌ردانه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا، بیستم كه‌ حكومه‌ت پاره‌ی‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ پارێزگاكان تەرخان كردووه‌، ئه‌گه‌رچی‌ ته‌رخانكردنی‌ پاره‌ بۆ خزمه‌تگوزاریی‌‌و گه‌شه‌پێدان له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ حكومه‌ته‌، به‌ڵام جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ كه‌ حكومه‌ت بڕی‌ (60) ملیار دیناری‌ منداڵانی‌ شه‌له‌ل ده‌ماخ‌و نابیناو نابیست‌و ئۆتیزم‌و جه‌سته‌یی‌ قه‌رزاره‌، به‌ڵام ته‌رخانكردنی‌ بڕێك پاره‌ بۆ خۆ ده‌ربازكردن له‌ فشاری‌ سیاسی‌ پارێزگاكان به‌بێ بوونی‌ یاساو به‌بێ حسابكردن بۆ په‌رله‌مان‌و به‌بێ جێكردنه‌وه‌ی‌ له‌ یاسای‌ بودجه‌دا، پاره‌ بۆ سەرۆکەکەی دەکاتە دەستکەوت.
 
له‌گه‌ڵ برای‌ به‌ڕێز كاك مه‌سعود ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ژین‌و كاك عادل زوبێر به‌رپرسی‌ كارگێڕی‌‌و ڕاگه‌یاندن زۆر پرسی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ ژیان‌و گرفتی‌ كه‌مئه‌ندامانمان باسكرد، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌وڵانه‌شی‌ كه‌ له‌ بواری‌ چاودێری‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت‌و سازدانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هاوڕێ په‌رله‌مانتاره‌كان داومانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ كه‌مئه‌ندامان‌و خێزانه‌كانیان بخه‌ینه‌وه‌ به‌ر ڕۆشنایی‌‌و به‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافه‌كانیان هه‌نگاوێك بهاوین.
 
له‌گه‌ڵ سوپاس بۆ پێشوازی‌ خۆشه‌ویستانمان له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ژین، ده‌ستخۆشی‌‌و سوپاس بۆ كارو چالاكییه‌كانيان ‌و ده‌ستخۆشی‌ بۆ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵه‌و ڕێكخراوو چالاكه‌وانه‌كانی‌ بواری‌ داكۆكی‌ له‌ مافه‌كانی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 9
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net