له‌نێو پاسه‌كه‌دا، كه‌یوان‌و ئاسۆ گفتوگۆ ده‌كه‌ن، كه‌یوان پاره‌ی کرێ پاسەکەی ئاسۆیدا، ده‌مێكه یه‌كیان نه‌بینیوه، ئه‌م یه‌ك بینینه هاوڕێیه‌تی‌و برایه‌تییه‌كه‌یان نوێ ده‌كاته‌وه، كه‌یوان له‌نێو پاسه‌كه‌داو تا ئه‌و كاته‌ی داده‌به‌زن باسی كاری خۆی‌و هاوڕێكانی بۆ ئاسۆ ده‌كات، پێی ده‌ڵێت كه ئه‌وان ئێسته پێكه‌وە كارده‌كه‌ن، وانه ده‌خوێنن‌و خۆیان بۆ بارودۆخه قورسه‌كان ئاماده ده‌كه‌ن، ئاسۆ به‌م هه‌واڵه دڵخۆش ده‌بێت، له‌لایه‌ك هاوڕێیه‌كی دێرینی ده‌بینێته‌وه، له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌ستده‌كاته‌وه به وانه‌كانی مزگه‌وت‌و پابه‌ندییه‌كانی‌و كاری پێكه‌وه‌یی لە شاری سلێمانی، دوا قسه‌ی ئه‌م دیداره بریتی‌بوو له وه‌رگرتنی ناونیشانی ماڵی كه‌یوان، بۆ ئه‌وه‌ی له زووترین كاتدا په‌یوه‌ندی بكات.
بۆ ڕۆژی دواتر، ئاسۆ خۆی ده‌گه‌یه‌نێـه ماڵی كه‌یوان، له‌باره‌ی ئیش‌و كاره‌كانی ئه‌و ساڵه‌و هاوڕێ‌و قوتابییه نوێكانییه‌وه زیاتر ئه‌زانێت، شوێنی وانه‌كانی بۆ باس ده‌كات: مزگه‌وتی حاجی حان، مزگه‌وتی شێخ فه‌رید، غاباته‌كه‌ی زه‌رگه‌ته‌و غاباته‌كه‌ی ریعایه.
به‌مجۆره وتار‌و وانه‌كان به‌رده‌وامبوون‌و منیش له‌گه‌ڵیان ده‌ستم پێكرد، كه‌یوان زۆرجار پاش نوێژی عیشا یان شه‌وان به‌تایبه‌ت شه‌وانی ڕه‌مه‌زان وتاری گشتی ده‌دا، خه‌ڵكی زۆر پێی سه‌رسام بوون، هه‌موو جۆره خه‌ڵكێك داده‌نیشتن‌و گوێیان لێده‌گرت، گه‌نج‌و پیرو مناڵ، ئه‌مجۆره كه‌س‌و ژینگه‌یه بۆ سلێمانی شتێكی نامۆبوون، یان بابڵێین ئاسایی نه‌بوون، گه‌نجێكی حەڤدە ساڵ به‌و هه‌موو توانایه‌وه بێت‌و له مزگه‌وتداوه له‌پێشچاوی خه‌ڵكی وتار بدات، له‌و كاته‌دا كه‌متر ئه‌م هووشیارییە بیروەباوەڕییە نوێیە له گه‌نجانی سلێمانیدا هه‌بوون، سه‌رسامی‌و نامۆبوونه‌كه‌ش لەوەدابوو.
زۆربه‌ی كات هه‌موو ئێواره‌كان دانیشتنمان هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی گومانمان پێ نه‌بات جلی وه‌رزشیمان ده‌بردو سه‌ره‌تا هێندێك یاریمان ده‌كرد، پاشان هه‌ر به جل‌و تۆپه‌كه‌وه داده‌نیشتین‌و له‌ده‌وری كه‌یوان كۆده‌بووینه‌وه، ئه‌و وتاری بۆ ده‌داین‌و وانه‌كانی بۆ شیده‌كردینه‌وه، هه‌موو پێی سه‌رسام بووین، زۆرێك له‌وانه‌ی ئاماده ده‌بوون به ته‌مه‌ن له كه‌یوان گه‌وره‌تر بوون، به‌ڵام گوێڕایه‌ڵی ته‌واویان هه‌بوو بۆ كه‌یوان، واته بۆ مامۆستاكه‌یان.
گروپه‌كه تا ده‌هات گه‌وره‌ترو فراوانتر ده‌بوو، هه‌ر قوتابییه‌ك قوتابیه‌یكی تری له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنا، زۆرینه‌ش قوتابی ناوه‌ندی یان ئاماده‌یی یان پیشه‌یی‌و په‌یمانگا بووین، تا وای لێهات له زۆرینه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی سلێمانییه‌وه قوتابی‌و ئه‌نداممان هه‌بوو، زۆربه‌ی كات پێش ده‌ستپێكردن به هه‌واڵی گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌ستمان پێده‌كرد، به‌عس چی ده‌كات‌و كێی تر گیراوه‌و چ جۆره چالاكییه‌ك هه‌یه دژی ڕژێم، گروپه‌كه به‌بێ هیچ هۆیه‌كی په‌یوه‌ندی‌و به‌ریدو ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی‌و ڕاگۆڕینه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی دروستكردبوو، هه‌رچییه‌ك له شاردا ڕووی ده‌دا ئێواره هه‌موویمان ده‌زانی‌و بۆ یه‌كمان باس ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و كاتیش سلێمانی شارێكی زۆر گه‌وره نه‌بوو، ته‌نها نزیكه‌ی 17 تا 18 گه‌ڕه‌كێك ده‌بوو.
وانه‌كانمان زۆر باسی جۆارو جۆری په‌روه‌رده‌یی‌و ڕوحی‌و سیاسی بوون، زۆرجار ته‌فسیریی له سێبه‌ری قورئاندا (فی چلال القر‌وان)ی سه‌ید قوتبی بۆ ده‌كرین، یان زۆرجار له په‌یامه‌كانی زانای گه‌وره سه‌عیدی نورسی باس دەکرد، كه‌یوان به‌وجۆره‌بوو، له ژیانی په‌روه‌ده‌ییدا به ئیمام به‌ننا كاریگه‌ربوو، له ژیانی سیاسی‌دا زیاتر به سه‌یدو له ژیانی ڕووحیشدا له ژێركاریگه‌ریی نورسیدا بوو.
شاره‌زایی هه‌مه جۆری كه‌یوان بێ ئه‌ندازه‌بوو، هه‌رگیز له ئاست توانا‌و ته‌مه‌نی خۆیدا نه‌بوو، بیرم دێت جارێك دوای ئه‌نجامدانی نوێژی عه‌سر له مزگه‌وتی شێخ فه‌رید به‌ره‌و غاباته‌كه‌ی زه‌رگه‌ته ڕۆیشتین، له‌وێ باسی درستبوونی به‌عس‌و ده‌زگای هه‌واڵگریی (مخابرات)ی به‌عسی بۆ ده‌كردین، زۆر به‌باشی ئه‌و باسه‌ی ده‌كرد، وه‌ك شاره‌زایه‌كی ئه‌و بواره وابوو، هێنده باسه‌كه‌ی گه‌رم‌و گوڕ بوو نزیكه‌ی تا بانگی ئێواره ماینه‌وه، حه‌زمان نه‌ئه‌كرد ته‌واو ببێت، دواتر كاتێك له زیندان بووین‌و ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه ده‌دراین، بیرمان له وتاره‌كانی ده‌كرده‌وه، چونكه زۆرینه‌ی ئه‌وه‌ی به‌سه‌رمان ده‌هات خۆی پیش‌تر بۆی باسكردبووین، له‌و دانیشتنه‌دا وابزانم ئه‌مانه بووین ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم: ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا، دارا، عه‌لی، موحه‌ممه‌دی سلێمانی، ئه‌كره‌م، شوان سه‌عدی، ئه‌مانه‌م له‌بیر دێت.
من ئه‌حمه‌دو موحه‌ممه‌دم عه‌بدوڵڵام نه‌ده‌ناسی، ئه‌وان له زیندان به عه‌ربه‌تی ناسرابوون، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكی گوڵپی بناری هه‌ورامانن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ی دەستگیرکران له عه‌ربه‌ت بوون، بۆیه به‌وجۆره ناسێنران له زیندان، ئه‌حمه‌دم له یه‌كێك له‌وانه‌كان بینی‌و یه‌كترمان ناسی، به‌ڵام موحه‌ممه‌دی برایم نه‌بینیبوو تا له زیندان نه‌بێت، موحه‌ممه‌د كوڕێكی له‌سه‌رخۆو هێمن تر بوو، ته‌مه‌نیشی له ئه‌حمه‌دی برای زیاتر بوو.
كاك كه‌یوان خه‌ڵكه‌كانی كردبوو به چه‌ند ئاستێكه‌وه، زۆربه‌ی كات ئێمه كه له‌به‌ر ته‌مه‌ن یان هه‌ر شتێكی تر زۆر شتی بۆ باس نه‌ئه‌كردین، له چالاكییه‌كان ئاگاداریی نه‌ئه‌كردینه‌وه، ته‌نها هێندێك جار نه‌بێت ئەویش پاش ڕوودانیان، به‌ڵام ده‌سته‌یه‌ك هه‌بوون كه هه‌م له ته‌مه‌ن‌و هه‌م له زۆر شتی تردا له‌پێشتر بوون، ئاگاداریی هه‌مو شتێك بوون، هه‌ر ئه‌وانیش ئه‌ركی قورسیان له‌سه‌ر شان بوو، وه‌ك په‌یداكردنی چه‌ك‌و پاره‌و ده‌مانچه‌و فیشه‌ك‌و ئه‌نجامدانی چالاكی.
دواجار ڕۆژی هه‌ینی، وابزانم 19ی 12ی 1988، مه‌وعیدمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ كه‌یوان، لە به‌شی ناوخۆیی ئاماده‌یی نه‌خۆشه‌وانی(اعدادیه تمریچ)ی هه‌ڵبژاردبوو بۆ كۆبوونه‌وه‌كه، له‌و شوێنه‌ی ئێسته نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوونی سلێمانی لێیه، ئه‌ویش به‌هۆی كاك ئه‌حمه‌دی موزه‌میده‌وه، سه‌عات هەشت‌و نیو هه‌ریه‌كه‌ی له ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵاو كۆسارو ئه‌حمه‌دی موزه‌مید له شوێنی دیاریكراو ئاماده‌بووین، چاوه‌ڕوانی كه‌یوانمان ده‌كرد، له‌كاتی خۆیدا نه‌هات، پێمان سه‌یربوو، دواتر نیو سه‌عات‌و دوان‌و سیان چاوه‌ڕێمانكرد، هه‌رنه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌مانبینیوه ئه‌وه‌نده دوابكه‌وێت له كاتی دیاریكراودا و بۆ كۆبوونه‌وه، هه‌ستمان به دڵه خورپه كرد‌و بڕیارماندا بڕۆین بۆ ماڵه‌وه به دوایدا، من ماڵیانم ئه‌زانی، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی موزه‌میدا به‌ڕێكه‌وتین بۆ ماڵیان، هه‌ر كه گەیشتینە به‌رده‌رگا، شیروان‌و باخه‌وان هه‌ردوو براكه‌ی كه‌یوان هاتن به پیرمانه‌وه‌و پێیان وتم: كاكه ئاسۆ ئه‌مشه‌و عه‌سكه‌رییه هاتن‌و كاكه كه‌یوانیان گرت، ئه‌م هه‌واڵه بۆ ئێمه زۆر به ئازاربوو، چونكه ئه‌وه كه‌سی یه‌كه‌م‌و مامۆستامانه‌و گیراوه، هه‌واڵی دایكیمان پرسی، وتی له‌و ماڵه خزمه‌مانه، چووین قسه‌مان له‌گه‌ڵ دایكی كرد، ئه‌ویش به ته‌واوی بۆی باسكردین كه ئه‌و شه‌وه ئه‌من هاتوون‌و كه‌یوانیان گرتوه‌و هه‌رچی هه‌بووه له كتێب بردوویانه، ماڵه‌كه‌یان دابوو به‌سه‌ر یه‌كدا، ته‌نانه‌ت سه‌قفی سانه‌ویش گه‌ڕابوون، هه‌رچییان ده‌ستكه‌وتبوو كه گومانیان لێ كردبێت وه‌ك به‌ڵگه بۆیان به سوده بردبوویان.
ئێمه سه‌ره‌تا به‌م هه‌واڵه زۆر نه‌ترساین، پێمان وابوو ته‌نها گیرانێكی ئاساییه‌و هیچی تر، كه‌یوان هه‌رگیز زانیاریی‌و ناوی كه‌س نادات، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌من هه‌موو زانیارییه‌كیان لایه‌و هه‌موو ده‌بێت بگیرێین. هیچمان بۆ نه‌كرا، له‌نێو خۆمان باسی ئه‌وه‌مان كرد چی بكه‌ین، ئێمه‌ش ته‌مه‌ن‌و ئه‌زموونمان ڕێگه‌ی پێ نه‌ده‌داین ئه‌م كێشه‌یه له‌ماڵه‌وه باس بكه‌ین تا ئەوانیش به‌شداربن له دانانی ڕێ‌و شوێنێك بێجگه له‌وه‌ی خۆشمان بێخه‌مبووین له دەستگیرکران‌و پێمان وابوو ئه‌م كێشه‌یه درێژه ناكێشێت.
من زۆر دره‌نگ دەستگیرکرام، وابزانم بوومه دواكه‌سی ئه‌ندامانی ده‌سته‌كه‌مان، كه‌س ماڵی منی نه‌ده‌زانی، ته‌نانه‌ت كه‌یوانیش، ئه‌مه‌شم وه‌ك پاڵپشتییه‌ك به‌كارده‌هێنا بۆ بێخه‌مییه‌كه‌م، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وه‌م به‌بیردا نه‌ئه‌هات كه یه‌كێك له قوتابییه هاوڕێكانم ڕۆژێك له یه‌كێك له‌وانه‌كاندا داوای كتێبێكی پۆلی 2ی ناوه‌ندی لێكردم منیش له‌به‌رئه‌وه‌ی پوورم مامۆستا بوو له‌گه‌ڵ خۆم هێنامه‌وه تا ماڵی پوورم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ی پێبده‌م، ئه‌مه‌ش بووه ئه‌و سه‌ره‌داوه‌ی تا منیش به هۆیه‌وه دەستگیربکرێم.
من له ماڵه‌وه نه‌ده‌خه‌وتم، شه‌وی 6ی 1ی 1989، مولازم عه‌لی‌و تاقمه‌كه‌ی هاتبوونه ماڵی باوكم، كه له نزیك ماڵی پوورم بوون، دایكم‌و باوكم‌و پوور‌و زاوا‌و خوشك‌و براو هه‌موویانیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردبوون، پێیان وتبوون ئێوه هه‌ر له‌م ماڵه زیندانن تا ئه‌و كاته‌ی ئاسۆ ته‌سلیم ده‌كه‌ن، منیش تا نزیكه‌ی نیوه‌ڕٍۆ نه‌چووم خۆم ته‌سلیم بكه‌م، به‌ڵام دیاربوو بارودۆخه‌كه به‌جۆرێك بوو هیچ چارم نه‌ما، یان ده‌بوو هه‌موو خێزان‌و خزمه‌كانم دەستگیر بکرێن یان ده‌بوو خۆم ڕادەست بكه‌م، بۆیه دواجار بڕیارمدا خۆم ڕادەست بكه‌م، ئه‌و ڕۆژه‌ش له قوتابخانە بووم، له ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵات، له گه‌ڕه‌كی سه‌ركارێز، ده‌ستم گرت به سكمه‌وه‌و خۆم كرد به نه‌خۆش، چوومه لای به‌ڕێوه‌به‌ركه‌مان‌و داوای مۆڵه‌تم لێ‌كرد، ئه‌ویش مۆڵه‌تی دامێ‌و منیش یه‌كسه‌ر به‌ره‌و ماڵه‌وه گه‌ڕامه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆم ڕادەستی مولازم عه‌لی‌و تاقمه‌كه‌ی بكه‌م كه بۆ دەستگیرکردنی من هاتبوون، ئه‌وكات من ته‌نها پۆلی یەکەمی ناوه‌ندیی بووم، پاش منیش مولازم عه‌لی ڕۆیشتبووه مه‌كته‌به‌كه بۆ گرتنم، به‌ڵام من پێش ئه‌و چووبوومه ده‌ره‌وه، ئه‌و به ئۆتۆمبیل‌و من به پێ، دیاره ئه‌و زووتر گەیشتمەوە ماڵه‌وه، خۆم كرد به ژووردا، باوكیشم له‌وێ وه‌ستابوو، هه‌موو چاوه‌ڕێی منیان ده‌كرد، چوومه به‌رده‌م مولازم عه‌لی‌و وتم من ئاسۆم، سه‌رەتا باوه‌ڕی نه‌كرد، چونكه زۆر منداڵبووم، وتی هە‌ویه‌كه‌ت؟ منیش ناسنامه‌ی قوتابخانەم دایه ده‌ستی، كه بینی ڕاست ده‌كه‌م‌و ئه‌وم، هه‌ردوو ده‌ستی به‌رزكرده‌وه‌و ویستی تا هێزی تیایه زلەیە‌کم لێدا، منیش توند چاوم نوقاندن، نازانم له‌به‌ر چی بوو، له‌به‌ر باوكم‌و دایكم یان چیتر ؟ ده‌ستی ڕاگرت‌و زلە‌كه‌ی لێنه‌دام، وتی سه‌ریخه‌ن، منیان خسته سه‌یاره‌یه‌كی لاندكۆزه‌ره‌وه، به‌و سه‌یاره‌یه‌وه سێ سه‌یاره هاتبوون من دەستگیر بکەن، سێ ئۆتۆمبیل‌و و ئه‌و هه‌موو چه‌كداره بۆ مناڵێك كه لە پۆلی یه‌كی ناوه‌ندییه‌و ته‌مه‌نی ته‌نها سیانزە ساڵه، له ڕاستیدا به‌عس ته‌واو تۆقیبوون لە خۆمان‌و کارەکانمان.
به‌چاو به‌ستراوی له به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌من خۆم بینیه‌وه، ژووری یەک نه‌فه‌ریی (ئینفیردای) ژمارە ٤، كات نیوه‌ڕۆبوو، فریای خواردنی نیوه‌ڕۆ كه‌وتم، په‌تاته‌یان پێداین، به‌ڵام من هیچم بۆ نه‌خورا، له بارودۆخێكی له‌و چه‌شنه‌دا كێ نانی بۆ ده‌خورێ؟
نووسینى: عومەر گوڵپى
بۆ خوێندنەوەى ئەڵقەى ڕابردوو، ئەڵقەى هەشت،
(لێرە) کلیک بکە.