فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ خانەوادەى شێروان شێروانى بەسەر دەکاتەوەو پشتیوانی‌‌و هاوسۆزی‌ خۆی‌ بۆ سته‌ملێكراوانی‌ دهۆك ده‌رده‌بڕێت
2021-02-17
68 جار خوێندراوەتەوە
فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ خانەوادەى شێروان شێروانى بەسەر دەکاتەوەو پشتیوانی‌‌و هاوسۆزی‌ خۆی‌ بۆ سته‌ملێكراوانی‌ دهۆك ده‌رده‌بڕێت
 
ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌، 17ی‌ 2ی‌ 2021، شاندێكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆن‌و ڕووپاك ئه‌حمه‌د‌و عومه‌ر گوڵپی‌، ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌ شاری‌ هه‌ولێر، خانه‌واده‌ی‌ ڕۆژنامه‌نووس(شێروان شێروانی‌)یان به‌سه‌ر كرده‌وه‌.
 
ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕینی‌ پشتیوانی‌‌و هاوسۆزی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ بوو بۆ خانه‌واده‌ی‌ شێروان شێروانی‌‌و چوار سزادراوی‌ تری‌ پارێزگای‌ دهۆك‌و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌هۆی‌ ئازادی‌ ڕاده‌ربڕین‌و چالاكی‌ مه‌ده‌نیه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون.
 
له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ به‌ خانه‌واده‌ی‌ شێروان شێروانی‌‌و له‌ ڕێگه‌ی‌ ئه‌وانیشه‌وه‌ به‌ كه‌س‌و كاری‌ سته‌ملێكراوانی‌ تری بادینانی‌ ڕایگه‌یاند:" ئێمه‌ پێمانوایه‌ سزای‌ چالاكه‌وان‌و مامۆستاو ڕۆژنامه‌نووسانی‌ بادینان سزایه‌كی‌ سیاسییه‌و‌ له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی‌ ڕاگرتن‌و تۆمه‌تباركردن‌و دادگاییكردن ئه‌و مافانه بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ پێشێلكراوه‌ كه‌ بنه‌ماكانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و یاسا به‌ركاره‌كانی‌ هه‌رێم بۆ تۆمه‌تباری‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، هیوادارین دادگای‌ پیاچوونه‌وه‌ی‌ هه‌رێم ئه‌م سزا دڵره‌قانه‌یه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و ئه‌و گه‌نجانه‌ به‌ زوویی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ماڵ‌و منداڵیان، چونكه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌بیسه‌لمێنێت له‌ هیچ تاونێكه‌وه‌ گلابن".
 
له‌و سه‌ردانه‌دا فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ به‌رجه‌سته‌كردن‌و فراوانكردنی‌ پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ‌و فه‌راهه‌مكردنی‌ ئازادی‌ بیروڕاو فره‌یی‌ سیاسییه‌ له‌ كوردستان‌و به‌هه‌موو ڕێگایه‌ك كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ مافی‌ چالاكی‌ مه‌ده‌نی‌‌و ده‌ربڕینی‌ بیروڕای‌ سیاسی‌‌و كاری‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی‌ كوردستان له‌ هه‌موو پارێزگاو شارو شارۆچكه‌كان وه‌ك یه‌ك پارێزراوبێت، هه‌روه‌ك فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ پێی‌ وایه‌ سزادانی‌ ڕۆژنامه‌نووس‌و خه‌ڵكانی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌و بیروڕای‌ جیاواز ناوبانگی‌ كوردستان ناشیرین ده‌كات‌و زیان به‌ هه‌رێم ده‌گه‌ێه‌نێت‌وئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌شێوێنێت.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 10
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net