به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی‌ بوژاندنە‌وه‌ی‌ شاری‌ كفری‌ و دەربڕینى پاڵپشتى بۆ خەڵکى شارەکە
2021-01-21
29 جار خوێندراوەتەوە
لە ڕاگەیاندنى (فراکسیۆنى کۆمەڵ)ەوە:
 
ڕۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌، ٢١ى ١ى ٢٠٢١، عومه‌ر گوڵپی،‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ فراكسیۆنی‌ (کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان) به‌شداری‌ له‌ كۆنفرانسی‌ بوژاندنە‌وه‌ی‌ شاری‌ كفری‌ كرد كه‌ له‌ ڕێستۆرانتی‌ داوا له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چوو.
 
له‌و كۆنفرانسه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن (ده‌سته‌ی‌ پاڵپشتی‌ شاری‌ كفری)ه‌وه‌‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرا، ژماره‌یه‌ك پانێڵی‌ له‌ بواری‌ جیاجیا به‌ڕێوه‌چوو كه‌ ده‌رخه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ شاره‌كه‌و ده‌رفه‌ته‌كانی‌ بوژاندنه‌وه‌بوون.
 
هه‌ر له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌ڕێز م.عومه‌ر گوڵپی‌، كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردسان به‌شداربوو، وێڕای‌ ده‌ستخۆشی‌ له‌ ده‌سته‌ی‌ ناوبراوو هیوای‌ سه‌ركه‌وتن بۆ كاره‌كانیان پاڵپشتی‌ له‌ کارەکانى کۆنفرانسى بوژاندنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ كرد.
 
لە بەشدارییەکەیدا، عومه‌ر گوڵپی‌ وتى‌:" زۆرینه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ شاری‌ كفری‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ نادادگه‌ری‌ له‌ دابه‌شكردنی‌ داهات‌و خراپی‌ سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردن و حکومڕانى، هه‌رئه‌وه‌شه‌ بووه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ كفری‌ خۆیان به‌ بێبه‌ش‌و په‌راوێزخراو بزانن، ئه‌و دوو كێشه‌یه‌ش كێشه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانن‌و له‌ قه‌زا دووره‌ ده‌سته‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌یان زیاتره‌، هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رله‌مانتارو فراكسیۆنانه‌ی‌ كه‌ هاوڕامانن له‌وه‌ی‌ نادادگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌ دابه‌شكردنی‌ داهات و خراپى بەڕێوەبردن، به‌ وه‌سیله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌‌ کاردەکەین و ئەوپەڕى توانا‌ هه‌وڵده‌ده‌ین‌و فشارده‌كه‌ین بۆ هێنانه‌دی‌ داوا ڕه‌واكانتان‌و بوژاندنه‌وه‌ی‌ شاری‌ خۆشه‌ویستی‌ وه‌زیران".
 
دەستەى پاڵپشتى شارى کفرى دەستەیەکى سەربەخۆیەو پێکهاتووە لە نوێنەرانى چین و توێژە جیاجیاکانى شارى کفرى، و کاردەکات بۆ بوژاندنەوەى شارى کفرى لەڕێگەى دیدارو چاوپێکەوتن و دروستکردنى فشارو چالاکی مەدەنیەوە.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 13
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net