هەمان فەزیحەی هۆڵەندا، بە قەبارەی گەورەتر لە کوردستان هەیە، بەڵام!
2021-01-19
326 جار خوێندراوەتەوە
 
ئەمڕۆ هەینی، ١٥ی‌ ١ی‌ ٢٠٢١، حکومەتەکەی مارک ڕوتە لە هۆڵەندا، وازنامەی خۆی پێشکەش بە پادشای وڵات کرد، ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوت حکومەت لە ساڵانی (٢٠١٣تا ٢٠١٩) بە بڕیارێکی هەڵەی ئیداری داوە کە بووەتە هۆی بڕینی مووچەی نزیکەی نۆ هەزار خێزان و ناچارکردنیان بە گەڕاندنەوەی ئەو هاوکارییە کۆمەڵایەتیانەی وەریانگرتووە بۆ منداڵەکانیان بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنان و نەگەیاندنی بەمەبەستی خۆی کە خزمەتی منداڵەکانیانە.
حکومەتی هەرێمیش لە مانگی (٨)ی ساڵی (٢٠١٥)ەوە هاوکاری کۆمەڵایەتی زیاتر لە (١٠٠) هەزار خێزانی بڕی بە هەمان تۆمەتی ناشایستەبوون.
 
ئەوانەی حکومەتی هۆڵەندا مووچەو هاوکاری کۆمەڵایەتی بڕیبوون بریتیبوون لە هاوکاری منداڵان بەبێ ڕەچاوکردنی سەرچاوەی داهاتیان، چونکە هەموو منداڵێک لە هۆڵەندا هاوکاری هەیە بۆ خەرجییەکانی خواردن و جل و بەرگ و پێداویستی تر، بەڵام حکومەتی هەرێم هاوکاری منداڵانی بێ سەرپەرشتی بڕی، واتە ئەو منداڵانەی باوک یان دایک و باوکیان لە ژیاندا نەماوەو هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە.
 
ژمارەی ئەوانەی لە هۆڵەندا ستەمیان لێ کراوە، نزیکەی نۆ هەزار خێزانن، بەڵام ئەوانەی هەرێم نزیکەی سەد هەزار خێزانن، کە بە هەزارانیان لە منداڵانی بێ سەرپەرشتن.
 
بڕی ئەو هاوکارییەی لە هۆڵەندا دەدرێتە هەر منداڵێک لە ( ١٩٨) یۆرۆ دەستپێدەکات تا (٢٨٧) یۆرۆ بەپێی تەمەن بۆ هەر منداڵێکی خێزان، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەو هاوکارییەی دەیدا و ئێستە بڕدراوە تەنها ١٥٠ هەزار دیناربوو، بۆ هەموو منداڵانی خێزانە بێ سەرپەرشتەکە، واتە ئەگەر خێزانەکە پێنج منداڵی بێ سەرپەرشت بوونایە یان یەک منداڵ وەک یەک هاوکارییان وەردەگرت.
 
ئەو هاوکارییەی حکومەتی هۆڵەندا بۆ منداڵانی وڵاتەکەی خەرج دەکات سەرچاوەکەی ئەو (باج)ەیە کە بەشێوەیەکی دادگەرانە کۆی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی هەرێم بە داهاتی ئاسان دەستکەوتووی (نەوت)یش هاوکاری منداڵانی بێ سەرپەرشتی وڵاتەکەی ناکات، نەوەک هەموو منداڵان.
 
ئەگەرچی ستەمێکی گەورە دەکەین کاتێک حکومەتی هەرێم بەراورد بە حکومەتێکی وڵاتێکی وەک هۆڵەندا دەکەین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەوانەی هەرێم کاتێک پێیان دەڵێین ئێوە نغرۆی گەندەڵین و شکستتانخواردووە، دەماری لاملیان دەردەپەڕێت و دەڵێن ئێمە زۆرینەمان لە هەڵبژاردنەکان هێناوەو براوەین و دیموکراسیانە لە حکومین، بەڵام حکومەتی دیموکراتیانەی زۆرینەی هۆڵەندا بەبێ فشار خۆی دەست لەکاردەکێشێتەوە و کابینەی حکومەتەکەی بە شایستەی میللەتەکەی نازانێت مادام هەڵەی گەورەی ئیداری کردووەو بووەتە بارگرانی دارایی بۆ ژمارەیەک خێزان.
 
ئێستە لە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی لە داهاتی نەوت و قاچاخی و گومرگ بە سەدان کۆمپانیای خۆیان بوونەتە ملیاردێری دۆلار، بەڵام منداڵێکی بێ سەرپەرشت لە داهاتی زەبەلاحی ئەم وڵاتە یەک دیناری پێ ڕەوا نابینرێت!
 
ئەمە بچوکترین جیاوازی حکومەتی هۆڵەنداو ئەو بەڵایەیە کە دوو هێزی دەسەڵات بەناوی (حکومەت)ەوە بەسەر خەڵکدا سەپاندوویانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,460     ژمارەی میوان 296