بۆ (پۆلەتیک پرێسس): ڕاپۆرتەكانی‌ دیلۆیت بێجگە لەدیزاینێكی‌ جوانی‌ ژمارەکان شتێكی‌ تر نییە.
2021-01-24
414 جار خوێندراوەتەوە
عومەر گوڵپی بۆ پۆڵەتیک پرێس:" ڕاپۆرتەكانی‌ دیلۆیت بێجگە لەدیزاینێكی‌ جوانی‌ ئەو ژمارانەی كە بەرپرسانی‌ حكومەت پێیان دەدەن شتێكی‌ تر نییە"
 
لە (پۆڵەتیك پرێس) وەرگیراوە:
 
گومانەكان لەسەر راپۆرتەكەی دیلۆیت زیاتر دەبێت‌و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: ڕاپۆرتەكانی‌ دیلۆیت بێجگە لەدیزاینێكی‌ جوانی‌ ئەو ژمارانەی،‌ كە بەرپرسانی‌ حكومەت پێیان دەدەن شتێكی‌ تر نییە.
 
رۆژی هەینی 15ی كانونی دووەم، كۆمپانیای دیلۆیت، ڕاپۆرتێكی لەبارەی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكردبوو، لە سەرەتای ساڵی 2020 تا مانگی 9- 2020 هەرێمی كوردستان 124 ملیۆن و 798 هەزار و 921 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، كە ئەو راپۆرتە گومانی زۆری دروستكردووە.
 
لەو بارەیەوە عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هەر لە سەرەتای‌ خودی‌ هەر ڕاپۆرتێكیدا، دیلۆیت نووسیویەتی‌ بەرپرسیار نییە لەژمارەو داتاكان، چونكە داتاو زانیارییەكانیان لەبەرپرسانی‌ حكومەت وەرگرتووە، كێشەكەی‌ ئێمەش هەر ئەم ناشەفافییەت‌و ناڕوونییەیە، كە لەپرۆسەی‌ دەرهێنان و فرۆشتنی‌ نەوتدا هەیە.
 
عومەر گوڵپی وتیشی: ڕاپۆرتەكانی‌ دیلۆیت بێجگە لە دیزاینێكی‌ جوانی‌ ئەو ژمارانەی،‌ كە بەرپرسانی‌ حكومەت پێیان دەدەن شتێكی‌ تر نییە، ئەگەر حكومەت‌و لایەنەكانی‌ دەسەڵات دەیانەوێت خەڵك متمانەیان هەبێت بە پرسەی‌ نەوت ئەوە پێویستە یاسای نەوت‌و گازو یاسای‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكان جێ بەجێبكەن.
 
بەبۆچوونی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی بۆ پرۆسەی‌ وردبینی پێویستە دەرفەت بدەن بە پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران‌و لیژنەی‌ سامانە سروشتییەكان كە یەكەم دەزگای‌ باڵای‌ چاودێری‌ كارەكانی‌ حكومەتن تا كاری‌ چاودێری‌ خۆیان بكەن، هەروەها ڕێگە بدەن بەدیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ تا وردبینی‌ دۆسیەكان بكەن، كە یەك دیناری‌ تێ ناچێت.
 
عومەر گوڵپی هەروەها وتی: بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتەكانی‌ ڕابردوو، گریمان لە ساڵی‌ (٢٠٢١)، حكومەت توانی‌ بڕی‌ (١٥٠ ملیۆن) بەرمیل نەوت بفرۆشێت و ئەگەر لە باشترین حاڵەتدا نرخی‌ هەر بەرمیلێك بە (٤٠ دۆلار) ئەژمار بكەین، بە پێی‌ ئەو دۆخەی‌ ئێستای‌ دۆخی‌ نەوت، نزیكەی‌ (شەش ملیار دۆلار) داهات دەستكەوتوو دەبێت، لەو بڕەش تەنیا نزیكەی‌ نیوەی‌ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌ و ئەویتری‌ بۆ خەرجیە جۆراو جۆرەكان دەڕوات، واتە تەنیا نزیكەی‌ (سێ ملیار دۆلار) داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەی‌ گشتی‌، كەواتە بۆچی‌ نەوتەكە نادەنە بەغداو لە بەرانبەردا نزیكەی‌ (١٠ ملیار دۆلار) لەبودجە سودمەندبن بە پێی‌ یاسا بودجە؟
 
لە کۆتاییدا عومەر گوڵپی پێی وایە: پرۆسەی‌ دەرهێنان‌و فرۆشتنی‌ نەوت بووەتە خێرو بێر بۆ کۆمپانیای‌ بەرپرسانی‌ پارتی‌ و یەکێتی‌ لەلایەک‌و بە گرێبەستی‌ زۆر خراپ تاڵانفرۆش کراوەو کۆمپانیای‌ بیانی‌ زیاتر خێری‌ لێ دەبنێت، هەربۆیە باوەڕم وایە تەواوی‌ دۆسیەی‌ نەوت پێویستی‌ بە پیاچوونەوەو گۆڕانکاریی‌ ڕیشەیی‌ هەیە.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,696     ژمارەی میوان 83