وەرگرتنى باج لە ئۆتۆمبیلى تایبەت پشتى بە هیچ ماددەیەکى یاسایى نەبەستووەو دژى دەبین
2021-01-17
42 جار خوێندراوەتەوە

لە (ناس کورد نیوز) وەرگیراوە:


ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، دانانی باج لەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەت پشتی بە هیچ مادەیەکی یاسایی نەبەستووە و پشتیوانى ناکەن.

ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم 11 بڕیاری بەناوی ڕێكخستنەوەی باج دەركرد کە یەکێکیان تایبەتە بە دانانی باج لەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەت، بەبێ ئەوەى هیچ وردەکارییەک لەو بارەیەوە بخرێتەڕوو.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (11ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەکەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی باج کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەى ئەو خاڵەی باس لە باج خستنە سەر ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکات.

وتیشى، "تا ئێستا هیچ وردەکارییەک نییە و نازانرێت بڕەکەی چۆنە و لە کێ وەردەگیرێت، چونکە ئەوەی باس کراوە ئۆتۆمبێلی تایبەتە ئەوەش لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ دەگرێتەوە کە نرخەکەی سێ بۆ چوار هەزار دۆلارە تاوەکو ئۆتۆمبێلێک کە نرخەکەی زۆر گرانترە بەڵام ئەوەی وتراوە گوایە بۆ ئۆتۆمبێلی گرانبەهایە و ئەوان پشتیوانی هیچ بڕیارێکی لەوجۆرە ناکەن."  

عومەر گوڵپی باسی لەوەشکرد، باج خستنە سەر ئۆتۆمبێلی تایبەت پشتی بە هیچ مادەیەکی یاسایی نەبەستووە و ئەگەر بڕیارێکی لەوجۆرە هەبێت پێویستە پرۆژەیەکی تایبەت لەوبارەیەوە لەلایەن حکومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و لە پەرلەمان پەسەندبکرێت لەسەر بنەماى بەرژەوەندى گشتى و ڕەچاوکردنى دۆخى دارایى خەڵک و چەسپاندنى دادگەرى لە وەرگرتنى باج و خەرجکردنەوەى لە بوارەکانى خزمەتگوزارى.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 13
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net