بەشدارى مانگرتنى ژمارەیەك پەرلەمانتار لەنێو بیناى پەرلەمان
2020-12-17
336 جار خوێندراوەتەوە
 
هەڵوێستی بەشێک پەرلەمانتاران لەسەر دۆخی ئەمڕۆی كوردستان و خۆپیشاندانەكان و پەكخستنی پەرلەمان
جەماوەری ستەمدیدەی كوردستان.
 
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەو گەنجە غەدر لێكراوانەی بە ناهەق لە خۆپیشاندانەكاندا و لەسەر داواكردنی مافە رەواكانیان شەهیدكران، خۆپیشاندەرانی ئازیز.
 
ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستان، وێڕای سوربونمان لەسەر یەكدەنگیی و بەرگریكردن لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان و پێداگریمان لەسەر باشكردنی ژیان و گوزەرانیان و هەروەها چارەسەركردنی قەیرانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەم راگەیاندراوە فەرمییە، هەڵوێستی خۆمان بۆ رایگشتیی كوردستان رادەگەیەنین:
 
1- سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە دروستكراوانەی خۆیان بونەتە ئەندازیاری دروستكردنی و هەرێمی كوردستانیان نغرۆی كارەساتی گەورەی دارایی و ئابوریی كردوە، كەچی هێشتا بەردەوامن لە برسیكردنی خەڵك و ناشەفافییەتی داهاتەكانی نەوت و شاردنەوەی گرێبەستەكان و قاچاخچێتیی لە سنورەكان دا، لەكاتێكدا رۆژانە گەنجی غەدر لێكراو و بێكاریش بە گوللە شەهیددەكرێن.
 
2- ئێمە دژی توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لا پیرۆزتر و گەورەترە لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی حزبیی و، دەبێت بەرپرسانی حزبیی و حكومیی، بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقام دا بكەن ئەم خوێنڕشتن و توندوتیژیە كۆتای پێبهێنرێت، و داوایش لەهێزە ئەمنییەكان دەكەین، خۆپیشاندەرانیش رۆڵەی ئەم هەرێمەن و ئەو غەدرەی لەوان كراوە و لەسەری دێنە سەر شەقام، هەمان غەدر لەئێوەیش كراوە بۆیە لولەی تفەنگەكانتان لە بەرانبەریاندا رامەگرن.
 
3- داواكارین لە سەرجەم حزبەكان، لەو شار و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵبكەن و خۆیان بەدوربگرن لە روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبسێنێت.
 
4- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، یاداشتێك ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆببینەوەو حكومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی حكوحەت مولزەم بكرێت چاکسازی ڕیشەیی بکات لە دۆسیەی نەوت و گەندەڵیی و قاچاخچێتیی و دۆسیەی باج و کۆمپانیاکاری و چارەسەری ڕیشەی كیشەی موچەی فەرمانبەران و ڕێكەوتنی فعلی لەگەڵ حكومەتی ناوەند و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.
 
5- داوا لە خۆپیشاندەران دەكەین، شێوازی ئاشتییانە بگرنە بەر بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان، وەك چۆن دەربڕینی ناڕەزایی، مافێكی پیرۆزە و پشتیوانییان داوایان لێدەكەین داوا دەکەین خۆیان بپارێزن لە توندوتیژیی و سوتاندنی شوینە گشتییەكان، كە موڵكی گشتین.
جەماوەری دڵسۆزی كوردستان.
 
بەڵێنتان بۆ دوپاتدەكەینەوە هەمیشە پشتیوان دەبین بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانتان و ھەموو ڕێکارێکی پەرلەمانی و مەدەنی لەم پێناوەدا دەگرینە بەر، بڕیارماندا بە مانگرتن لە پەرلەمانی کوردستان لە پێناو ئامانجی خۆپیشاندەران و چاکسازی گشتگیرو ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان.
 
لە پشتیوانیکردنی ناڕەزاییەکان بەردەوام دەبین، تا ئەوكاتەی ئاسۆیەكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكی كوردستان دەردەكەوێت و پەرلەمان كارادەكرێتەوە و كۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەهێنرێت.
داوادەکەین سەرجەم پەرلەمانتاران پشتیوانی خواستی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بکەن .
 
بەشێک پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان
٩ى ١٢ى ٢٠٢٠

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,227     ژمارەی میوان 111