زامى یادەوەرییەک
2020-12-15
365 جار خوێندراوەتەوە
تازه‌ له‌ ژه‌هربارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌ڕابووینه‌وه‌، ماندوو و شه‌كه‌ت، پاش مانه‌وه‌مان بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگ له‌ سلێمانی‌‌و ده‌ستنه‌كه‌وتنی‌ هیچ شوێنێك به‌ كرێ یان هه‌رجۆره‌ نیشته‌جێبوونێك، ناچار له‌ شاره‌دێی‌ عه‌ربه‌ت گیرساینه‌وه‌، من دیسان هه‌ر چوومه‌وه‌ ئه‌و پۆله‌ی‌ كه‌ له‌ كیمیاییبارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ (ساڵی‌ پێشوو) وازم لێهێنابوو، پۆلی‌ پێنجه‌می‌ سه‌ره‌تایی‌.
 
به‌یانیه‌ك، ئه‌و كاته‌ی‌ مامۆستایه‌كی‌ باڵابه‌رزی‌ ڕووخۆش وانه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ شه‌رح ده‌كردین، هێشتا ئه‌و په‌نجا فلسه‌ی خەرجی ڕۆژانەم خه‌رج نه‌كردبوو كه‌ هه‌موو منداڵێك هاوتای‌ كتێبه‌كان خۆشی‌ ده‌وێت و بیریی ناکات تا له‌ حانووتی‌ خوێندنگه‌ شتێكی‌ پێ بكڕێت، له‌ پڕ كارگوزاره‌كه‌ له‌ ده‌رگایدا: مامۆستا بێ زه‌حمه‌ت عومه‌ر عه‌بدوڵڵا له‌ ئیداره‌وه‌ بانگی‌ ده‌كه‌ن، چوومه‌ ئیداره‌، خزمێكی‌ خۆمانم بینی‌، له‌ خزمایه‌تی‌ دوور بوو، به‌ڵام ته‌نها ئه‌و ده‌ستكه‌وتبوو بێت به‌ دوامدا، عومه‌ر ڕۆڵه‌ وه‌ره‌ بچینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، باوكت بانگت ده‌كات!
 
له‌ قوتابخانه‌ چووینە ده‌ره‌وه‌، زۆر ترس بە خزمەکەمانەوە دیاربوو، زۆر خێرا ده‌ڕۆشت، به‌جۆرێك كه‌ من به‌ هه‌نگاوه‌ بچوكه‌كانم نه‌متده‌توانی‌ هاوشانی‌ بڕۆم، لە ڕێگە تا گه‌یشتینه‌وه‌ ماڵی‌ خزم، هێندێك شتی‌ پچڕ پچڕی بۆ باسكردم، براكانت گیراون، دایك‌و باوكت ڕایانكردووه‌، هه‌موووتان ده‌گرن! له‌گه‌ڵ ئه‌م قسانه‌ بیرم ده‌چوویه‌وه‌ لای‌ قسه‌كانی‌ شه‌هید ئه‌حمه‌دی‌ برام، كاتێك هاوینی ئەو ساڵە له‌ سلێمانی‌ بووین و ده‌یانوت ئه‌مڕۆ له‌ بازاڕ قڵیشایه‌وه‌، ده‌یوت: الله اكبر، دایه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ بووین! دایکیشم ئەیکێشا بەسەر سنگی خۆیا ڕۆڵە وا نەڵێیت.
 
سی‌‌و دوو ساڵ پێش ئێیسته‌(١٩٨٨)، له‌ ڕۆژێكی‌ وه‌ك ئه‌مڕۆدا، شه‌پۆلێكی‌ توندی‌ پڕ له‌ ئازار له‌ خێزانه‌كه‌مانیدا، وه‌ك ئه‌و بوومه‌ له‌رزه‌یه‌ی كه‌ به‌ گوڕی‌ زیاتر له‌ شه‌ش پله‌ له‌ شوێنێکی پڕ دانیشتوان بدات، ئه‌وسا هه‌موو هه‌واڵ‌و باسێك ته‌نها گه‌ڕانه‌ به‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كێ ماوه‌و كێ نه‌ماوه‌؟
ئه‌و ڕۆژه‌، مه‌فره‌زه‌یه‌ك به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ مولازم عه‌لی‌، پاش دەستگیرکردنی شەهید کەیوان و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی، هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر قوتابخانه‌ی‌ عه‌ربه‌تی‌ كوڕان، هه‌ردوو ئازیز، شه‌هید موحه‌ممه‌دو شه‌هید ئه‌حمه‌دیان ده‌ستگیر كرد، به‌ هه‌مانشێوه‌ كاك ئه‌بوبه‌كری‌ براشم، شه‌هید موحه‌ممه‌د پۆلی‌ پێنجی‌ ئه‌ده‌بی‌ بوو، شه‌هید ئه‌حمه‌د ته‌نها سێیه‌می‌ ناوه‌ندی‌ (نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی‌)، ئه‌بوبه‌كر، كه‌ دواتر به‌هۆی‌ بچوكی‌ ته‌مه‌نیه‌وه‌ له‌ناو زیندانی‌ گه‌وره‌كانی‌ ئه‌منی‌ سلێمانی‌ ناویان نابوو به‌كره‌ بچكۆل، ته‌نها بۆلی یه‌كی‌ ناوه‌ندی‌ (حه‌وتی‌ بنه‌ڕه‌تی‌)بوو، ئه‌منه‌كان به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، فه‌رمانی‌ گرتنی‌ هه‌موومانیان پێبوو، ماڵه‌و ماڵ دەگه‌ڕان به‌دواماندا، خوای‌ گه‌وره‌ دایه‌و بابه‌و ئێمه‌ی‌ پاراست له‌و زه‌حمه‌ته‌.
 
ئه‌و شه‌وه‌، نزیكه‌ی‌ حه‌ڤده‌ ماڵمان كرد، له‌ هیچ شوێنێك جێگه‌مان نه‌ده‌بوویه‌وه‌، ده‌چووینه‌ هه‌ر شوێنێك وه‌ك مرۆڤێك نه‌خۆشییه‌كی‌ پڕ مه‌ترسی‌ گرتبێت سه‌یریان ده‌كردین! و داوای لێبوردنیان دەکردوو ترسی خۆیان نەدەشاردەوە، لە ڕاستیدا ناخەقیان نەبوو، دۆخەکە سەخت بوو.
لێره‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و چاو جوانه‌وه‌ ده‌نووسم کە وێنەکەیم داناوە، شه‌هید موحه‌ممه‌د، گه‌نجێكى پێست سپى، چاو گەورەى قژ زەرد، نمونه‌ی‌ ڕه‌وشت‌و ئه‌ده‌ب، نمونه‌ی‌ هێمنی‌ و ئارامی، نمونه‌ی‌ ئازایه‌تی‌، حه‌ڤده‌ به‌هاری‌ ته‌مه‌نی‌ هه‌ر له‌ مزگه‌وت‌و خوێندن‌و خوێندنه‌وه‌و كارو كه‌سابه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر برد، مانگێك پێش ده‌ستگیركرانی‌، بۆ كرێكاری‌ چوویه‌ دیوانیه‌، پاش مانگێك گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ سی‌ دیناری‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ هێنابوویه‌وه‌، بۆ خه‌رجی‌ ژیان‌و خوێندن، له‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌ی‌ ژیانى ده‌ جزمی‌ قورئانی کەلامى خواى‌ له‌به‌ربوو، دەنگێکى خۆش لە خوێندنى قورئان، سه‌ركه‌وتوو له‌ خوێندنه‌كه‌ی‌، جێگه‌ سه‌رنجی‌ هاوڕێكانی‌ لە قوتابخانەو دەرەوەى قوتابخانە، ئەو ڕۆژەم بیردێت کە پاش دەستگیرکرانى كچێكی‌ هاوپۆلی‌ كتێبه‌ به‌جێماوەکانى هێنایه‌وه‌، له‌ تاو گریان نه‌یده‌توانی‌ هیچ قسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دایكم بكات! هەر بە بێدەنگى کتێبەکانى (کە بە لاستیکێک پێکەوە بەسترابوون) دایە دەستى دایکم، به‌مه‌رجێك ته‌نها چوار مانگ بوو له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانی‌ یه‌كیان دەناسی‌.
 
ئای‌ چه‌ند گه‌نجی‌ جوان بوونه‌ قوربانی‌، له‌ پێناو ئازادی‌، له‌ پێناو ژیانێكی‌ باشتر، من نازانم ئه‌بێت چه‌ند ساڵی‌ تریش ئه‌م گه‌له‌ قوربانی‌ بدات؟ كه‌ی‌ تێده‌گه‌ین ئێمه‌ میلله‌تێكین شایسته‌ی‌ ژیانێكی‌ باشترین، شایسته‌ی‌ وڵاتین، شایسته‌ی‌ دامه‌زراوه‌ین، گەنجەکانمان شایستەی دەرفەت و کارو خۆشگوزەرانین، هه‌موو جار بیر ده‌كه‌مه‌وه‌و له‌ خۆم ده‌پرسم: ئه‌رێ ئه‌وانه‌ی‌ له‌و سه‌ری‌ سه‌ره‌وه‌ بڕیاری‌ وڵاتیان به‌ده‌سته‌، بڕیاری‌ گه‌وره‌و بچوكیان لایه‌، بۆ بیر له‌ ئاینده‌ ناكه‌نه‌وه‌، ئاینده‌ی‌ خۆیان، ئاینده‌ی‌ گه‌له‌كه‌یان، ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و كوێ ئه‌م میلله‌ته‌ پاڵ پێوه‌ بنێن؟ به‌ره‌و مردنێكی‌ تر؟
 
خوایە ئەو گەنجانەی لە ڕابردوو شەهیدبوون، ئەوانەشی کە ئەم چەند ڕۆژە شەهیدبوون، بکەرە پەپولەی باخەکانی بەهەشت، و ئارامی بڕژێنە بەسەر دڵی کەسوکاریاندا، ئامین.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,863     ژمارەی میوان 115