پرسیارێک، پێویستە هەموومان بەدواى وەڵامەکەیدا بگەڕێین!
2021-02-04
352 جار خوێندراوەتەوە
(1)
 
هەرگیز ئەو بەیانیەم بیر ناچێتەوە، کاتێک گەنجێک کە تەمەنى نزیکەى (35) ساڵێک دەبوو، لەسەر کورسییەکى گەڕۆک، هاتە ژوورەکەم و باسى خۆى بۆ کردم: من ئەوە دوو ساڵە لەسەر ئەم کورسیە گەڕۆکەم، ئاتاجم بە هاوکارى کەسانى دەوروبەرو منداڵەکانمە تاوەکو هاتوچۆ بکەم، یان پێویستییەکانى رۆژانەم جێبەجێبکەم، خێزاندارم و سێ منداڵم هەیە، لە خانوویەکى کرێدام لە گەڕەکى رۆژهەڵات، تا ئەو رۆژەى کە بە رووداوى هاتووچۆ دڕکە پەتکم پساو لە ناو قەدم بەرەو خوارەوە لە جووڵە کەوت، من رۆژانە کرێکاریم دەکرد، کرێکارىی بینا، پێویستیم بە کەس نەبوو کە هاوکاریم بکات و خۆم بە پارەى حەڵاڵى خۆم ژیانى خۆم و منداڵەکانم دابین دەکرد، بەڵام ئەوە دوو ساڵە لەسەر ئەم کورسییەم، بێ زەحمەت پێم بڵێ چۆن بژێوى خۆم و خێزانەکەم دابین بکەم؟
 
ئەو کاتەى ئەو گەنجە ئەو رووداوەى بۆ گێڕامەوە، چوار ساڵ پێش ئێستە بوو، واتە ئەوە شەش ساڵە ئەو گەنجە لەسەر کورسییە جووڵاوەکەیەتى و تەمەنى بووەتە (39) ساڵ و منداڵەکانى هەریەکەیان چوار ساڵ چووەتە سەر تەمەنیان، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان تاوەک ئێستاش ئەو بڕە پارە هاوکارییەى کە بە یاسا مافى خۆیانە، بۆی دابین نەکردوون، هەروەها هیچ شتێکى دیکەیشى بۆ نەکردوون!
 
(2)
 
لە مانگى پێشوو، حکومەت بڕیاریدا مووچە لەگەڵ بەغدا رێک بکاتەوە، بەمەش وازى لە مووچەى پێنج مانگى فەرمانبەران هێنا، لە هەمانکاتدا وازیشى لە هاوکارییەکانى یانزە مانگى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هێنا، من نازانم حکومەت چۆن دەتوانێت ئەو هاوکارییەى کە بڕەکەى تەنها (150 هەزار) دینارەو بۆ منداڵانى (داون، تالاسیما، ئۆتیزم، شەشەل، ...) تەرخانکراوە وازى لێبهێنێت؟ ئەمە بۆ هەر مووچەخۆرێک جۆرە ناوێکى لێبنێت، بۆ کەسێک کە هاوکاریی پێ بەخشى و پێى نابەخشێت، ناودەنێت چى؟
 
(3)
 
لە هەموو کورستاندا تەنها لە ناو شارە گەورەکانى سلێمانى، هەولێر، دهۆک، پەیمانگەى تایبەت بە نابینایان و نابیستان هەیە، منداڵانى قەزا و ناحیە و شارۆچکەکان بێبەشن!
 
(4)
 
نزیکەى (80000 ـ هەشتا هەزار) هاووڵاتى، مانگانە هاوکارییان هەیە، کە کۆى بودجەکەى نزیکەى (12 ملیار دینار)ە، بەڵام زیاتر لە (20000 بیست هەزار) هاووڵاتى، لە (2012)ەوە چاوەڕوانى ئەوەن حکومەت بڕى ئەو (150هەزار دینار)ەیان بۆ دابین بکات! ئەمە لە دۆخێکدا بەتەنها پارەى دەستکەوتووى یەک ساڵى بەڕێوەبەرایەتییەکى وەک بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆى سلێمانى، دەتوانێت بودجەى ساڵێکى هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابین بکات!
 
(5)
 
تووشبووانى (تالاسیمیا، شەلەل دەماغ و هێندێک حاڵەتى دیکەیش) رۆژانە یان هەفتانە پێویستیان بە چارەسەرى پزیشکییە، بەڵام چارەسەرەکان لە نەخۆشخانەکان وەک پێویست دەست ناکەون، و وەک پێویست بەردەست نین!
 
(6)
 
ئەو منداڵانەى ئۆتیزمیان هەیە، ژمارەیان زیاترە لە (1500) منداڵ، بەڵام تەنها (40)منداڵیان لە سەنتەرى راهێنانى حکومى راهێنان وەردەگرن، ئەوانى دیکە هیچ سەنتەرێک نییە خزمەتگوزاریی راهێنانیان پێشکەش بکات و دەستیان بگرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ ژیانى ئاسایى، لە سەنتەرە حکومییەکانیش نرخى راهێنان لە نێوان (250000 بۆ 600000) هەزار دینارە، بەڕاستى ئەم بڕە پارانە بۆ خێزانێک زۆر قورسە، بەتایبەت لە دۆخى قەیراندا.
 
(7)
 
وەزارەتەکانى (شارەوانى، تەندروستى، پەروەردە، خوێندنى باڵا، کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى) زۆر کەمتەرخەمن بەرامبەر هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستیی تایبەت و جێبەجێکردنى یاساکەیان، و یاساى ژمارە (22)ى ساڵى (2011) وەک خۆى جێبەجێ ناکەن و ژینگەیەکى گونجاو و شیاو بۆ ژیانیان ناڕەخسێنن!
 
(8)
 
بۆ گفتوگۆى هەموو کێشە و گرفتەکانى منداڵان و هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستیى تایبەت، لە بەروارى (18-11-2020)، بە واژۆى (34) ئەندام پەرلەمان، داوامان کردبوو پەرلەمان بە ئامادەبوونى وەزیرانى (دارایى، تەندروستى، کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى) دانیشتنێکى تایبەت رێکبخات، لە بەروارى (25-11-2020) داواى لێکردین راپۆرتێک بۆ گفتوگۆى ئەو دانیشتنە تایبەتە ئامادە بکەین، لە بەروارى (30-11-2020) لە دووتوێى (10 لاپەڕە)و بە (یانزە خاڵ) راپۆرتەکەمان ئاراستەى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردەوە، هیوامان وایە هەوڵەکانمان سەرکەوتووبن لەم بوارەدا و پەرلەمان بتوانێت لەم بارەیەوە ئەرکەکانى جێبەجێ بکات، ئەم هەوڵەشمان بۆ ئەوەیە تاوەکو وەڵامى پرسیارى دەیان و سەدان گەنجى وەک ئەوەى سەرەوە بدەینەوە، پرسیارێک کە هەموو مرۆڤێکى بە ویژدان رادەگرێت و ناچارى دەکات بیر لەوانى دیکە بکاتەوە.
 
ئاخر چۆن دەبێت لە وڵاتێکدا بژین خەڵکێک هەبێت مووچەکەى بگاتە چەند ملیۆن دینارێک و خەڵکێکیش تەنانەت بە بڕێکى کەمى (هاوکاری)ش سوودمەند نەبێت لە داهاتى گشتى؟ بەتایبەتیش ئەگەر ئەو کەسانە هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستى تایبەت بن، بەڕاستى ئەمە گەورەترین نادادپەروەرییە لە دابەشکردنى داهات.
 
(9)
 
ئەمڕۆ، 3ى 12، کە رۆژێکى جیهانى تایبەتە بەوان، پێویستە هەموومان لە بیریاندا بین، بیرى هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستى تایبەت، راستە من لەسەرەوە زیاتر تیشکم خستووەتە سەر لایەنە ماددیەکە و ئەرکى دامەزراوە فەرمیی و دەوڵەتییەکان، بەڵام لە راستیدا ئەوان لە هەر هاووڵاتییەک چاوەڕوانیان هەیە، چاوەڕوانى رێز و مامەڵەیەکى تەندروست.
 
ئەم وتارە لە ڕۆژى ٣ى ١٢ى ٢٠٢٠، لە دیجیتاڵ میدیاى ڕووداو بڵاوکراوەتەوە، لێرە کلیک بکە بۆ بینینى.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 294,453     ژمارەی میوان 623