بەدواداچوون بۆ چارەنووسی مووچەی ۲۰ هەزار منداڵ و هاووڵاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت
2020-10-24
229 جار خوێندراوەتەوە
بە پێی‌ بڕگەی‌ (دووەم) لە ماددەی‌ (شەشەم)ی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازاتی‌ کەمئەندام و خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەکان، ژمارە (٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١١)، هەر منداڵ‌و هاووڵاتیەکی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بە زگماک یان بە ڕووداو کەمئەندام بوو، ئەوە بە پێی‌ ڕاپۆرتی‌ پزیشکی‌ مافی‌ خۆیەتی‌ بڕی‌ (١٥٠,٠٠٠ - سەدو پەنجا هەزار)دیناری‌ لەلایەن حکومەتەوە بۆ تەرخان بکرێت بێجگە لە خزمەتگوزاری‌ جیاجیای‌ تر، بەڵام لە ساڵی‌ (٢٠١٢)ەوە ئەم تەرخانکردنە بەبێ هۆ ڕاگیراوە، ئەمەش سەر پێچیە لەو ماددە یاساییەو بێبەشکردنی‌ ئەو هاووڵاتیانەیە لە سەرەتایترین مافیان کە بە پێی‌ زانیارییەکانی‌ من زیاتر لە (٢٠)هەزار کەس دەبن.
 
بۆ ئەو مەبەستە، بە نووسراوی ژمارە (١٠) لە بەرواری ۲۰ی ۱۰ی ۲۰۲۰، داوامان لە سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کردووە کە لیژنەی‌ پەیوەندیدار ڕاسپێرن تا بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە بکەن‌و ئەو خێزانانە ئەو مافە سەرەتاییەی‌ خۆیان دەستبخەن کە بڕەکەشی‌ زۆر کەمەو تەنها هاوکارییەکی‌ کۆمەڵایەتییە.
 
ئەم ڕاگرتنەی‌ تۆمارکردن لەکاتێکدایە کە حکومەت لە ساڵانی‌ (٢٠١٢ تا ٢٠١٥) کێشەی‌ دارایی‌ نەبووە، هەروەها لەو ساڵانەشەوە تا (٢٠٢٠) زیاتر لە (٢٠)هەزار کەمئەندام لە لیستی‌ هاوکاری‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت دەرهێنراون بە هۆکاری‌ مردن یان پیاچوونەوە یان هەر هۆکارێکی‌ تر وەک سەفەر بۆ هەندەران، واتە بەردەوام ئەو بڕە پارەیەی‌ کە بۆ هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان بووە لێی‌ ماوەتەوەو گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌.
 
دەقی‌ ناوەڕۆکی‌ یاداشتەکە:
 
سەبارەت بە کێشەی‌ نزیکەی‌ (٢٠,٠٠٠ – بیست هەزار) منداڵ و هاووڵاتی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەتی‌ دانیشتووی‌ هەرێمی‌ کوردستان کە لە ساڵی‌ (٢٠١٢)ەوە چاوەڕوانی‌ تەرخانکردنی‌ بڕە پارەی‌ هاوکارین، ئەم داوایە دەخەینە بەردەستتان بەمەبەستی‌ ڕاسپاردنی‌ لیژنەی‌ پەیوەندیدار بۆ ئەوەی‌ حکومەت پابەند بکەن بە مافەکانی‌ منداڵان و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، هەربۆیە لە خوارەوە لایەنەکانی‌ کێشەکەو داواکارییەکە دەخەمەڕوو:
 
یەکەم/ کیشەکە چییە؟
١ـ لە ساڵی‌ (٢٠١٢)ەوە هەر منداڵێک بە کەمئەندامی‌ لە دایکبووبێت یان هەر هاووڵاتیەک بە ڕووداوێک کەمئەندام بوبێت، حکومەت هاوکاری‌ بۆ تەرخان نەکردووە کە بڕەکەی‌ مانگانە تەنها (١٥٠,٠٠٠ - سەدو پەنجا هەزار) دینارە، ئەمەش سەرپێچی‌ بڕگەی‌ (دووەم) لە ماددەی‌ (شەشەم)ی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازاتی‌ کەمئەندام و خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەکان، ژمارە (٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١١)یە، و بە پێی‌ ئەو ماددەیە پێویستە حکومەت ئەرکی‌ چاودیری‌ و پێدانی‌ هاوکاریکردنیان لە ئەستۆ بگرێت.
٢ـ لە ساڵی‌ (٢٠١٢)ەوە تا ئێستا، بەردەوام بەهۆکاری‌ جیاجیا، وەک (پیاچوونەوە بە لیستەکان، مردن، کۆچ بەرەو هەندەران، ...) ژمارەی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە لیستی‌ وەرگرتنی‌ هاوکاری‌ کەم دەبێتەوە، ئەو ژمارەیەش کەمبوونەوەتەوە نزیکەی‌ (٢٠,٠٠٠ – بیست هەزار) کەمئەندامن، و لە لیستی‌ مووچەو هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان نەماون، کەواتە ئەو بڕە پارەیەش تەرخان بوو بۆ کەمئەندامان بەردەوام ژمارەیەکی‌ کەمتری‌ لێ ڕاکیشراوەو لە خەزێنەی‌ گشتی‌، بودجەکە لە وەزارەتی‌ دارایی‌ ماوەتەوە.
 
٣ـ بە پێی‌ زانیارییەکان، کۆی‌ ئەو بڕە پارەیەی‌ تەرخان بوو بۆ هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کەمئەندامان لە بڕی‌ زیاتر لە (١٤) ملیار دینار لە پێش ساڵی‌ (٢٠١٥)ەوە دابەزی‌ بۆ نزیکەی‌ (١٢)ملیار دینار لە ساڵی‌ (٢٠٢٠).
 
دووەم/ داواکارییەکە:
داوا دەکەم بۆ چارەسەرکردنی‌ ئەم کیشەیەو کۆتایهێنان بە چاوەڕوانی‌ دایک و باوکی‌ منداڵانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بۆ ئەو بڕە هاوکارییە کە مافێکی‌ یاسایی و ئاسایی‌ خۆیانەو کەمترین پابەندی‌ حکومەتە بە پێشکەشکردنی‌ خزمەتگوزاری‌ پێویست بە منداڵانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و خانەوادەکانیان و بەشێک لە ئازارو گرفتە داراییەکانیان لەسەر سوک دەکات، هەموو کەمئەندامێک تۆماربکرێت و ئەو بڕە پارە هاوکارییەیان بۆ خەرج بکرێت، چونکە مافێکی‌ یاساییەو پارەش لەو بودجەیە بەردەستە کە بۆ هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان کراوە، و پاساوی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ نەبێتە رێگر لەبەردەم بەجێهێنانی‌ ئەم ئەرکە پیرۆزەدا بۆ شکستەبارترین کەسانی‌ کۆمەڵگە.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,620     ژمارەی میوان 4