گەڕانەوە بۆ بەرەی كوردستانی!
2023-05-15
332 جار خوێندراوەتەوە

 

لە بری گەڕاندنەوەی متمانە بۆ خەزێنەی گشتی و ڕێزگرتنی فۆڕمی دامەزراوەكانی حكومەت و كاراكردنی دیوانی چاودێری دارایی و پاراستنی خەزێنەكانی حكومەت، هەردوو حزبی دەسەڵات ڕێككەوتوون كە لە ڕێگەی (لیژنەیەكەوە!)داهات كۆ بكرێتەوەو سەرپەرشتی بكرێت، دوای نۆ كابینەی حكومەت ئەمە گەڕانەوەیە بۆ ئەو كاتەی بەرەی كوردستانی هەبوو و لایەنەكان داهاتی گومرگیان لەناو خۆیاندا دابەشدەكرد.

زیاتر لە سی ساڵە حكومەتی هەرێم پێكهێنراوە، نۆ كابینەی بەڕێكردووە، بە حساب لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە یەك ئیدارە هەیە، كەچی گیرفانی حزبەكانیان و بەرژەوەندی بنەماڵەكانیان ڕێگە نادات هەرێمی كوردستان یەك خەزێنەی هەبێت و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەپێی یاسا كۆ بكرێتەوەو بەپێی یاسا بەسەر هاووڵاتیان و شارەكاندا دابەش بكرێتەوە.

بە پێی یاسا وەزارەتی دارایی و فەرمانگەكانی بەرپرسیاری كۆكردنەوەی داهاتن، تا ئەو كاتەی وەزیر لە یەكێك لەم دوو حزبانە بوو، جێگرێكیشی هەبوو بە هەمان دەسەڵاتی وەزیر كە وەك وەزیری دارایی حزبەكەی تر كاری دەكرد، هەریەكەشیان ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییە حزبی و داراییەكانیان بوو، نەوەك شتێكی تر، كاتێكیش ئەم وەزارەتە بۆ دوو كابینە دەچێتە لای حزبێك لە دەرەوەی ئەم دوو حزبە دیسان بەرژەوەندییە حزبییەكانیان ڕێگە نادات ئەم وەزارەتە بە پێی یاسا بەركارەكان كار بكات و یەك خەزێنەی هەبێت.

لە ساڵی (٢٠١٣)ەوە لە كوردستان هیچ یاسایەكی بودجە نیەو كەس نازانێت داهاتی ڕاستەقینە چەندە؟ هەروەها ژمێرەی كۆتاییش نیەو كەس نازانێت پارەی ئەم هەرێمە چۆن خەرج كراوە؟ ڕێز لە كاری دیوانی چاودێری دارایی ناگیرێت و كارئاسانی بۆ ناكرێت تا وردبینی داهاتی ڕاستەقینە بكات، گرێبەستە زەبەلاحەكانی بواری خزمەتگوزاریی لە مەلەفەكانی نەوت و گومرگ و خزمەتگوزارییەكانی تر ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی هەردوو حزبی دەسەڵاتن، كەچی زۆر بێباكانە دێنە بەرانبەر خەڵكی كوردستان و دەڵێن كورتهێنان هەیەو داهات بەشی تەنانەت مووچەش ناكات!

پرسیارەكە لێرەدا ئەمەیە: باشە ئەگەر لیژنەیەك لە وەزیرەكانی پارتی و یەكێتی سەرپەرشتی كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ بكات و پێشتریش داهات و خەرجی نەوتیش لە دەرەوەی وەزارەتی دارایی بووە و وەزارەتی دارایی تەنها چاوەڕووان بووە بزانێت كەی بڕێك پارەی پێدەگات لە سامانە سروشتییەكانەوە، كەواتە كاری وەزارەتی دارایی چیە؟

عومەر گوڵپی

١٥ی ٥ی ٢٠٢٣


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,666     ژمارەی میوان 51