"ژمارەی‌ هەژارەکان لە کوردستان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە حکومەت بڵاوی‌ دەکاتەوە"
2020-10-17
18 جار خوێندراوەتەوە
لە وتارێکیدا کە لە پەیجی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە تۆڕی‌ کۆمەڵایەتی‌ فەیس بووک بڵاوکراوەتەوە، عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان ڕەخنە لە وەزیری‌ پلاندانانی‌ حکومەت دەگرێت‌و پێی‌ وایە زانیاریی‌ هەڵەی‌ لەبارەی‌ هەژارەکان بڵاو کردووەتەوەو نایەوێت ڕاستیەکان لەبارەی‌ دۆخی‌ خراپی‌ هەژارەکان بۆ دامەزراوەکان و ڕایگشتی‌ بخاتەڕوو.
 
لەو بارەیەوە عومەر گوڵپی‌ نووسیویەتی‌: "لە بەرنامەی‌ ڕووداوی‌ ئەمڕۆ، ١٥ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٠، وەزیری‌ پلاندانانی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان، د.دارا ڕەشید، باسی‌ لە ئاماری‌ هەژاری‌ کرد لە هەرێمی‌ کوردستان و بەبێ ئاماژەدان بە ساڵی‌ وەرگرتنی‌ ئەو ژمارە ئامارییە وتی‌: ڕێژەی‌ هەژاری‌ تەنها لەسەدا پێنج(٥%)ه، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە هەرگیز تەعبیرێکی‌ ڕاستەقینە نییە لە دۆخی‌ ئێستەی‌ هاووڵاتیانی‌ کوردستان و ژمارەی‌ هەژارەکان چەند هێندە لەو ژمارەیە زیاترە، ئەی‌ وەزیری‌ (پلاندانان !)ی‌ حکومەتی‌ هەرێم چۆن زانیارییەکی‌ هەڵەی‌ لەمجۆرە دەخاتە ڕوو کە دەبێتە هۆی‌ شێواندنی‌ ڕاستیەکان؟ ".
 
لەبارەی‌ ژمارەی‌ ڕاستەقینەی‌ هەژارەکانیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئەڵێ ژمارەی‌ هەژارەکان لەسەدا پێنج نیەو پێی‌ وایە لەسەدا پانزە دەبێت، لەو بارەیەوە نووسیویەتی‌: " بە پێی‌ لێکدانەوە مەیدانییەکان، و هێندێک ئاماژە لە وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌، و دابەشنەکردنی‌ مووچە وەک ئەوەی‌ لە یاسادا هەیە، و بڕینی‌ هاوکاری‌ کۆمەڵایەتی‌ نزیکەی‌ (١٠٠,٠٠٠) خێزان لە مانگی‌ (٨)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٥)ەوە، هەروەها دیقەتدان لە خەرجی‌ هەر تاکێک لە کوردستان کە هێندێک داتا بە نزیکەی‌ سەد هەزار دینار بۆ هەر تاکێکی‌ لێکدەدەنەوە، دڵنیام ڕێژەی‌ هەژاری‌ لە هەرێمی‌ کوردستان کەمتر نییە لە سەدا پانزە (١٥%)، ئەوە داتایەکی‌ پشتڕاستکراو نیە، و لێکدانەوەی‌ بەندەیە وەک شارەزایەکی‌ موتەوازیعانە لە ئامارو پێنج ساڵ ژیانی‌ مەیدانی‌ لەگەڵ هەژارەکان، بۆیە دەڵێم ئەو ژمارەەو داتایانەی‌ وەزیرو وەزارەتی‌ پلاندانان بڵاویان دەکاتەوە ڕاست نین".
 
لە کۆتاییدا عومەر گوڵپی‌، سەرسوڕمانی‌ خستوەتەڕوو کە حکومەت بۆچی‌ نایەوێت لە خراپی‌ دۆخی‌ ژیانی‌ خەڵکی‌ تێبگات و زانیاریی‌ ناڕاست بڵاو دەکاتەوە.
 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 10
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net