بێجگە لە بێکارییەکی کوشندە لە دەڤەرەکەو خراپی خزمەتگوزارییو کەموکورتی نەخۆشخانەکانو سیستمی تەندروستی لە دەڤەری ڕاپەڕین، دەسەڵات و حکومەتە شکستخواردووەکەیان تەنانەت بە زیاتر لە دە ساڵیش نەیانتوانی ڕێگەی دوو سایدی چوارقوڕنە دوکان تەواو بکەن!
پڕۆژەی دوو سایدی (چوارقوڕنە - دوکان) و نۆژەنکردنەوەی سایدە کۆنەکە زیاتر لە دە ساڵە سپێردراوە بە کۆمپانیا، بەهۆی خەرج نەکردنی شایستەی دارایی بۆ کۆمپانیاکە، تا ئێستا پڕۆژەکە تەواو نەکراوە، بەهۆی تەواو نەکردنیشییەوە دەیان ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە.
دەسەڵات لە ساڵی (2011)ەوە سەرقاڵی دروستکردنی پڕۆژەی بە دووسایدکردنی ڕێگای سەرەکی (چوارقوڕنە - دوکانە) کە تەنها لە (٦٥) کیلۆمەتر پێکهاتووە بە تێچووی نزیکەی ( ١٥٠ ملیار دینار)، هێشتا تەنها لە 45% تەواو بووە، واتە ئەو پڕۆژەیە سێ سەرۆک حکومەت، سێ جێگری سەرۆکی حکومەتو سێ وەزیری ئاوەدانکردنەوەی بینیوەو هێشتا تەواو نەبووە، بۆ ساڵی ٢٠٢٢ پڕۆژەكە پێویستی بە ١٢ ملیار دینار بوو، بەڵام بۆی خەرج نەكرا.
دەسەڵاتو حکومەتێک نەتوانێت لە نێوان یادێکی ڕاپەڕینو یادێکی تری ڕاپەڕینی دەروازەی ڕاپەڕیندا، بچوکترین خزمەتی خەڵکی ڕاپەڕین بکات، مافی ئەوەی نیە بڵێ من بەرهەمی ڕاپەڕینم، بەڵکو ئەو دەسەڵاتە بەرهەمی ڕاپەڕینی دزی و خەڵکیان فریوداو ئامانجیان تەنها دەوڵەمەندکردنی هەردوو حزبی دەسەڵاتو بەرپرسەکانیان بوو.
عومەر گوڵپی
٥ى ٣ى ٢٠٢٣