شوێنپێی گەندەڵکارو پیسخۆرو مافیاکان دیارە، بۆ ئاشکرایان ناکەن؟
2020-10-06
319 جار خوێندراوەتەوە
دەقی وتەکانی عومەر گوڵپی، لە دانیشتنی ڕۆژی (٥ى ١٠ى ٢٠٢٠)ى پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی:
 
٭ ئەگەر وەزارەتی دارایی ناتوانێت پلانی ستراتیجی بۆ داهات و خەرجی وڵات دابنێت، پێم وایە وەزارەتێکی زیادەیەو پێشنیار دەکەم هەڵوەشێتەوەو لە بری ئەوە بەڕێوەبەرایەتیەکی دابەشکردنی مووچە دامەزرێنن.
 
٭لە دوو ڕۆژی‌ ڕابردوودا بەڕێز جێگری‌ سەرۆکی‌ حکومەت لە پەیامێکیدا، باس لە خەڵکانێک دەکا کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانیدا، خەڵکانێکی‌ مافیاو گەندەڵ و پیسخۆر، لە ڕاستیدا هەر واشە، من وەک ئەندامێکی‌ پەرلەمان شوێنپێی‌ ئەو گەندەڵ و پیسخۆرو مافیایانە دەبینم، دەبینم لە زاخۆ تا خانەقین چۆن دەستیان خستووەتە قوڕقوڕاگەی‌ خەڵک و بوونەتە هۆی‌ ئەوەی‌ داهات بەشی‌ ژیان و گوزەران نەکات، و کاسەی‌ ئەوان پڕو هی‌ گەل خاڵی‌ بێت، بەڵام ئەگەر ناوەکانیانم بزانیانە ئێستە ئاشکرام دەکردن، بۆیە داوا دەکەم بەڕێزی‌ کە دەیانناسێت ناوەکان ئاشکرا بکات، ئەمە دادگای‌ گەلەو با گەل خۆی‌ بڕیار لە چارەنووسی‌ ئەو گەندەڵ و پیسخۆرو مافیایانە بدات کە بوونەتە مۆتەکەی‌ ژیانی‌ خەڵک و هەڕەشە لە ئایندەی‌ خۆمان و نەوەکانمان دەکەن.
 
٭ مرۆڤ تەنها ئەو کاتانە نامرێت کە پارووە نانی‌ دەست ناکەوێت، چارەسەری‌ بۆ برین و زامەکانی‌ ئەستەم دەبێت، بەڵکو مردنی‌ ڕاستەقینەی‌ مرۆڤ و خەڵک ئەو کاتانەیە کە بێ هیوا دەبێت، هیچ ئومێدێک بۆ ژیان نابینێت، من دەمەوێت ئەو ڕاستیە بڵێم کە سەرەڕای‌ دواکەوتنی‌ مووچەو کەمکردنەوەی‌، خەڵک ڕۆژ بەرۆژ هەنگاوێک زیاتر لە بێهیوایی‌ نزیک دەبێتەوە، زیاتر ئایندەیان لا ناڕوون دەبێت، ئەوەش بەهۆی‌ نەبینینی‌ هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری‌ گرفتەکان و هیچ پلانێک کە بەرنامەی‌ ژیانسازی‌ و ئایندەسازی‌ هەبێت، نەبینینی‌ ئیرادەو ئومێد لەلای‌ دامەزراوە دەوڵەتییەکان و پیاوەکانی‌ بۆ دامەزراندنی‌ حکومەتی‌ دامەزراوە، حکومەتێک کە بە یاسا کار بۆ میللەت دەکات، و جیاوازی‌ ناکات و دادگەری‌ بەرقەرار دەکات.
 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,189     ژمارەی میوان 13