بەعس نەیكرد، بیست ساڵیشە چاوەڕێی حكومەتی یەكێتی و پارتی دەكەن!
2022-12-19
387 جار خوێندراوەتەوە
بەعس نەیكرد، بیست ساڵیشە چاوەڕێی حكومەتی یەكێتی و پارتی دەكەن!
 
ئەمانە وێنەی كۆڵانەكانی گەڕەكێكن لە ناحیەی خورماڵ، كە پاش بیست ساڵ چاوەڕوانی خەڵكەكەی، پڕۆژەكە درایە كۆمپانیا بۆ قیرتاوكردن، پاش هێندێك بڕین و شۆستە، بەهۆی خەرجنەكردنی پارە بۆ كۆمپانیا، پڕۆژەكە بەمجۆرە بەجێهێڵراوە كە بووەتە قوڕو چڵپاو لەم وەرزی بارانە، پاش تەپ و تۆزی هاوین.
 
سەرجەم پارەی پێویست بۆ پڕۆژەكە یەك ملیارو پێنج سەد ملیۆن دینارە، كۆمپانیا ڕازییە بە كاركردن و تەواوكردنی كارەكانی بە مەرجێك هەفتانە تەنها پانزە ملیۆن دیناری بۆ خەرج بكەن، كەچی دەسەڵات ئامادە نیە ئەو بڕە پارە كەمەش خەرج بكات تا خەڵك لەم زەلكاوە ڕزگاری ببێت!
 
دەزانم لە شاروشارۆچكەكان سەدان كۆڵان و گەڕەكی نوێ هەن ئەمە حاڵیانە، بەڵام ئەم گەڕەكە لەو گەڕەكە نوێیانە نییە كە لە ساڵانی دوای ٢٠١٣ ەوە لە شارو شارۆچكەكان دروست بوون، بەڵكو ئەمە گەڕەكێكە لە كۆمەڵگەیەكی زۆرە ملێ پاش بەزۆر چۆڵكردنی گوندەكان دروست كراو لە ساڵی ١٩٧٨ ەوە گەڕەكەو خەڵكی تیا دەژی، من بۆ خۆم لە ساڵی ١٩٨٣ كە تەمەنم شەش ساڵان بوو لەناو ئەم قوڕا لەگەڵ هاوڕێكانم یارییم كردووە، چەندین جار بەهۆی قاچی قوڕاویمەوە دەبوومە زەحمەت بۆ دایكە زەحمەت كێشەكەم.
 
لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ملیارەها دۆلار هاتە ئەم وڵاتە، كەچی دەسەڵات نەیتوانی ئەمجۆرە خزمەتە سادانە بۆ خەڵك بكات.
 
ئێستەش ئەوە كێشەی نەبوونی پارە نییە كە ئەم پڕۆژەیەی وەستاندووە كە نوێترین بەڵێنی ناڕاستی بەرپرسانی دەسەڵاتە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بەڵكو ئەمە قوڕی ناكۆكییەكانی پاتی و یەكێتیە خەڵك دەیشێلێت.
 
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
٣١ی ١٠ی ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,748     ژمارەی میوان 29