16 پەرلەمانتار: وەزیری ناوخۆ لەبارەی دانانی کامێرای تیژڕۆیی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت
2022-09-13
26 جار خوێندراوەتەوە

نازەنین گۆران -رووداو دیجیتاڵ

16 پەرلەمانتار داوا دەکەن وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و پرسیاری لە بارەی دانانی کامێرای تیژڕۆیی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لێ بکرێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "لایەنی بەرپرس لەو گرێبەستە وەزارەتی ناوخۆیە، بۆیە داوای ئامادەبوونی وەزیر دەکەن.
 
رۆژی شەممە 10-09-2022 عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 8ی ئەم مانگە یاداشتەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراوە و داواکراوە ئەو بابەتە بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ بخرێتە دانیشتنێکی پەرلەمانەوە.
 
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، لەبەر ئەوەی واژۆی وەزیری ناوخۆ لەسەر گرێبەستەکەیە بۆیە داوای ئامادەبوونی وەزیریان لە پەرلەمان کردووە.
 
ئەو یاداشتەی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراوە ئاماژە بە سێ خاڵ دەکات کە لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، ئەوانیش بریتین لە:
 
یەکەم: پێدانی کامێراکانی تۆماری تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل بە کەرتی تایبەت و گرێبەستی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ دانانی کامێرای تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین.
 
دووەم: گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل و زیادکردنی رسوماتی تابلۆی ئۆتۆمبێل.
 
سێیەم: زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆ.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر کردووە بۆ دانانی 225 کامێرا لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
 
عومەر گوڵپی پێیوایە هەندێک خاڵی گرێبەستەکە لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان نییە و دەڵێت، "یەکەم: پێبژاردنی هاونیشتمانیان ئەرکی حکومەتە نەک کۆمپانیا، بۆ نموونە کۆمپانیا حەز دەکات خەڵکێکی زیاتر سزا بدات، چونکە قازانجی خۆی تێدایە. دووەم، بەپێی گرێبەستەکە 400 ئۆتۆمبێل بۆ حکومەت دەکڕدرێت، بۆچی حکومەت ناتوانێت خۆی ئۆتۆمبێل بکڕێت؟ ئەو کۆمپانیا ئەو ئۆفەرەی داوە بە حکومەت بۆئەوەی سەرنجی حکومەت بۆ گرێبەستەکە رابکێشێت. سێیەم: گرێبەستەکە بۆ 15 ساڵە و ئەوەش کارێکی دروست نییە."
 
ئەو پەرلەمانتارە بە دووری دەزانێت دانانی ئەو کامێرایانە ببنە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و ئاماژە بەوە دەکات، "رێگەوبانەکان لە ئاستی پێویستدا نین و ئەمە تەنیا سزادانی خەڵکە و بارگرانی لەسەر خەڵک زیاد دەکات."
 
عەلی حەمە ساڵح رۆژی 6ی ئایاری 2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کامێراکان بەپێی سیستمێک جێگیر دەکرێن بەناوی پۆینت توو پۆینت و زۆر هەستیارە لە سزا وەرگرتن. واتە بە نموونە، ئەگەر شەش کیلۆمەتر رێگە دانرابێت بە پێنج خولەک بیبڕیت، ئەگەر شۆفێرێک رێگەکە بە 4 خولەک و 55 چرکە ببڕێت، ئەوا بڕی 70 هەزار دینار سزا دەدرێت و بەپێی تیژڕۆیی سزاکە زیاد دەکات.
 
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەکەیان رەتکردەوە. 23-08-2022، لە کۆبوونەوەی ژمارە 80یدا کە لەسەر داوای 16 ئەندامی کرا، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی سیستمی نوێی کامێرای تیژڕۆیی لە شەقامەکانی ئەو شارە بە دەنگی 28 ئەندامی رەتکردەوە.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 91,468     ژمارەی میوان 10