لەسەر ڕاگرتنى پلە بەرزکردنەوەى مامۆستایان و فەرمانبەران، سکاڵاى یاساییمان جوڵاند
2022-08-03
322 جار خوێندراوەتەوە

 

بەمەبەستى دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوەو گەڕاندنەوەى ئەو مافە یاساییە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران، بە ژمارە (١٨٨) لە (٣ى ٨ى ٢٠٢٢) سکاڵاى یاساییمان لە رێگەى دەستەى مافى گشتى لە سەرۆکایەتى داواکارى گشتى جوڵاند، لەو نووسراوەدا داوامان کرد بێجگە لە دەستپێکردنەوەى ئەو مافە یاساییە، قەرەبووى مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بکرێتەوە کە لە ساڵى (٢٠١٦)ەوە بێبەشکراون لەو مافە.

ئەمەى خوارەوە ناوەڕۆکەى ڕێکارە یاساییەکەیە:

بەڕێز/ سەرۆکایەتى داواکارى گشتى – دەستەى مافى گشتى

بابەت/ جوڵاندنى سکاڵا لەسەر ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى مامۆستایان و فەرمانبەران

بەپێى حوکمەکانى ھەردوو یاساى ڕاژەی شارستانی، ژمارە (٢٤)ى ساڵی (١٩٦٠) و یاساى مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ژمارە (٢٢)ى ساڵی (٢٠٠٨)، پلە بەرزکردنەوە (الترفیع) وەک مافێکی یاسایى فەرمانبەران و مامۆستایان جێگیرکراوەو بەپێى چەند مەرج و ڕێوشوێنێکى کارگێڕى پێویستە هەر فەرمانبەرێک چوار یان پێنج ساڵ جارێک بە پێى پلەو ئاستى فەرمانبەرێتى، پلەکەى بەرزبکرێتەوە بۆ پلەیەکى نوێ، کە لە ڕووى ماددى و مەعنەوییەوە جیاوازى هەیە لەگەڵ پلەى پێشوو.

بەڵام بەدەر لە یاساو تەنها بە پشت بەستن بە ڕێنمایى ژمارە (١١)ى ساڵى (٢٠١٦)ى وەزارەتى دارایى کە پاڵپشتە بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران، ژمارە (٥٦) لە (٢١/١٢/٢٠١٥) و ڕێنمایی ژمارە (١٥)ى ساڵى(٢٠١٧)ى هەمان وەزارەت کە پاڵپشتە بە نووسراوى ئەنجومەنى وەزیران، ژمارە(١٥٥٥) لە(٤/٤/٢٠١٧)، پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە.

بۆیە پاڵپشت بە بڕگەى (یەکەم) لە ماددەى (دووەم)ى یاساى ژمارە (١٥٩)ى ساڵى (١٩٧٩)، یاساى داواکارى گشتى، داوا لە بەڕێزتان دەکەم بفەرموون بە جوڵاندنى سکاڵاو گرتنەبەرى ڕێوشوێنى یاسایى بەمەبەستى وەرگرتنەوەى ئەو مافە یاساییەى مامۆستایان و فەرمانبەران و گەڕاندنەوەى دۆخى میلاک و وەزیفەى گشتى بۆ دۆخى سروشتى خۆى کە جێبەجێکردنى بنەما یاسایی و کارگێڕییە بەرکارەکان و دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوەیە، هەروەها قەرەبووکردنەوەى زیانەکانى ڕاگرتنى پلە بەرزکردنەوەى مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵى (٢٠١٦)ەوە تا ئێستا.

 

لەگەڵ ڕێزدا

 

عومەر عەبدوڵڵا فەتاح

ئەندامى پەرلەمانى کوردستان

٣ى ٨ى ٢٠٢٢


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,207     ژمارەی میوان 89