بەدواداچوون بۆ داهاتى خاڵە گومرگییە سنورییەکان و هۆکارى کەمى داهاتەکەى
2022-07-04
231 جار خوێندراوەتەوە
بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، خستنەڕووی چارەسەر:
 
 
وێڕای‌ جموجوڵێکی‌ زۆری‌ بازرگانی‌، بەهۆی‌ بوون‌و کارکردنی‌ (٢١) کۆمپانیا لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان‌و دەیانی‌ تر لە فرۆکەخانەکان، داهاتی‌ گومرگ لەهەرێمی‌ کوردستان، مانگانە تەنها لە (١٤١ ملیار) دینار تێناپەڕێت!
 
 
پاش بەدواداچوونی‌ ورد، تا ئێستاش (٢١) کۆمپانیا لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان‌و دەیانی‌ تر لە هەردوو فرۆکەخانەی‌ سلێمانی‌‌و هەولێر کار دەکەن، بەشێکی‌ زۆر لە کاری‌ ئەم کۆمپانیایانە بە کارمەندو فەرمانگەی‌ حکومەت دەکرێت، بەڵام دراون بە کۆمپانیا کە زۆینەی‌ کۆمپانیاکانیش کۆمپانیای‌ حزبەکانی‌ دەسەڵات‌و پێکهێنەری‌ حکومەتن‌و لە گرێبەستەکانیاندا ڕەچاوی‌ یاساو بەرژەوەندی‌ گشتی‌ نەکراوە.
 
 
بە پێی‌ بەدواداچوونەکانمان، پشکی‌ داهاتی‌ ئەم کۆمپانیایانە زۆرینەی‌ بۆ خۆیانەو تەنها بڕێکی‌ کەمی‌ بۆ حکومەت‌و خەزێنەی‌ گشتیە، لە هێندێک حاڵەت رێژەی‌ پشکی‌ حکومەت‌و خەزێنەی‌ گشتی‌ تەنها (5%) لەسەدا پێنجە! لە زۆرینەی‌ حاڵەتەکانیش لە ریژەی‌ (20%) بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌ تێناپەرێت! ئەمەش پێچەوانەی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌‌و یاساو ڕێنماییە بەرکارەکانەو بەهەدەردانی‌ بەمەبەستی‌ سامانی‌ گشتییە.
 
 
لە ساڵی‌ (٢٠٢١)، سەرجەم داهاتی‌ خاڵە گومرگیەکان‌و فرۆکەخانەکان، تەنها (١,٦٩١,٠٣٦,٢٢٥,٠٠٠) یەک ترلیۆن‌و شەش سەدو نەوەدو یەک ملیارو سی‌‌و شەش ملیۆن‌و دوو سەدو بیست‌و پێنج هەزار دینار بووە بە تێکڕای‌ بۆ هەر مانگێک دەکاتە نزیکەی‌ (١٤١) ملیار دینار، ئەمەش بۆ ئەو جموجوڵە زۆرەی‌ بازرگانی‌‌و ئاڵوگۆڕی‌ شمەکە بڕێکی‌ کەمەو دەکرێت بەرز بکریتەوە بۆ (سێ ترلیۆن) بۆ ساڵێک و (٢٥٠ ملیار) دینار بۆ مانگێک، ئەگەر:
 
 
١ـ کاری‌ هێندێک لە کۆمپانیاکان هەڵوەشێتەوەو حکومەت خۆی‌ ئەو کارانە بکات.
 
 
٢ـ کۆمپانیاکان بە پێی‌ یاساو ڕێنماییە بەرکارەکان‌و لەڕێگەی‌ کێبڕکێی‌‌و زیادکردنی‌ ئاشکراوە گرێبەستەکانیان پێبدرێت بۆ ئەو بوارانەی‌ پێویستن‌و لە توانای‌ حکومەتدا نین، نەوەک بە قۆرخکاریی‌ و لەدەرەوەی‌ یاساو رێنماییەکان.
 
 
٣ـ کۆتایی‌ بە قاچاخچێتی‌ بهێنرێت.
 
 
٤ـ کۆتایی‌ بە لێخۆشبوونی‌ گومرگی‌ نایاسایی‌ بهێنرێت.
 
 
٥ـ پیاچوونەوە بە سیستمی‌ بەریوەبردن بکرێت‌و کاری‌ گومرگەکان بە سیستم‌و تەکنەلۆجیا پێکەوە گرێبدرێت.
 
 
ئایا حکومەت‌و لایەنەکانی‌ دەسەڵات بەردەوام دەبن لەسەر ئەم یاساشکێنی‌‌و گەندەڵی‌‌و خراپ بەکارهێنانەی‌ دەسەڵات لە کاتێکدا حکومەتەکەیان توانای‌ دابینکردنی‌ ئاوی‌ خواردنەوەو خزمەتگوزاریی‌ سەرەتایی‌ نیە بۆ هاووڵاتیان؟
 
 
بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون‌و فشار ...
 
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٤ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,364     ژمارەی میوان 193