قەرزەکان! (دەستنیشانکردنی‌ کێشەو پێشنیارکردنی‌ چارەسەر)
2022-06-25
557 جار خوێندراوەتەوە
 
 
حکومەت ئەگەر بیەوێت چەند ملیۆن دینارێک قەرزی‌ هاووڵاتیەک کە بۆ دروستکردنی‌ خانوو یان هاوسەرگیریی‌ لە ساڵانی‌ پێشوو وەریگرتووە، وەرگرێتەوە، نووسراوێک دەکاتە سەر فەرمانگەی‌ کەفیلەکەی‌‌و بەپێی‌ یاسای‌ قەرزە حکومییەکان ناچاری‌ دەکات هاووڵاتیەکە قەرزەکە بگێڕێتەوە، بەڵام هەمان ئەم فشارە ناکات بۆ وەرگرتنەوەی‌ ملیارەها دیناری‌ تری‌ خۆی‌ کە بەشێک لەوانە کۆمپانیاى حزبەکانى دەسەڵات یان نزیک لەوانن!
 
ئەگەرچى یاساى تایبەت بە مامەڵەى حکومەت لەگەڵ قەرزارەکان هەیە، بەڵام پاش دوو ساڵ لە یاسای‌ چاکسازیش! لە کۆی‌ (٩٦٩,٤٠٢,٨١٥,٨٤٩ - نۆسەو شەست‌و نۆ ملیارو چوارسەدوو دوو ملیۆن‌و هەشت سەدو پانزە هەزارو هەشت سەدو چل‌و دینار) حکومەت تا ئێستا تەنها (٤١,٢٤٤,١٩٩,٤٠٧ - چل‌و یەک ملیارو دووسەدوو چل‌و چوار ملیۆن‌و سەدو نەوەدو نۆ هەزارو چوارسەدو حەوت دینار)ی‌ لە کۆمەڵێک بازرگان وەرگرتووەتەوە کە زۆرینەیان لە پەنای‌ حزبەکانی‌ دەسەڵاتدا بازرگانن!
 
حکومەت بۆ مامەڵە لەگەڵ قەرزەکان، چ ئەوانەی‌ قەرزی‌ خۆیەتی‌، چ ئەو قەرزانەی‌ لەسەریەتی‌، نایەوێت ڕێگەی‌ دروست هەڵبژێرێت، ئەویش ئەمەیە:
 
١ـ ژمارە بانکیەک بکاتەوە بۆ هەموو مووچەخۆرێک، بۆ ئەوەى قەرزەکانی‌ لەسەر پاکتاو بکرێت.
 
هاووڵاتی‌ قەرزاری‌ حکومەتەو حکومەتیش قەرزاری‌ هاووڵاتیە، بۆچی‌ وەک هەنگاوی‌ سەرەتاو نیەتپاکی‌ بۆ گەڕاندنەوەی‌ قەرزی‌ مووچەخۆران بەهۆی‌ پاشەکەوت‌و لێبڕین‌و دابەشنەکردنی‌ مووچەوە، حکومەت ئەم هەنگاوە ناهاوێژێت‌و بڕێک لە قەرزی‌ مووچەخۆران لەبەرانبەر ڕسومات‌و قەرزەکانی‌ تردا پاکتاو ناکات؟ ئەمە لە بڕگەی‌ (یەکەم)ی‌ ماددەی‌(١٣)ی‌ یاسای‌ چاکسازیشدا هاتووە، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشنیازە یاسایەکیشمان بۆ رێکخسنی‌ ئەم بابەتە پێشکەشکردووە.
 
٢ـ ئەو قەرزانەی‌ لای‌ بازرگان‌و کۆمپانیاکانن، زۆر دەمێکە ماوەی‌ یاسایی‌ بۆ گەڕاندنەوەیان تێپەڕبوە، کەواتە بۆچی‌ چاوپۆشی‌ دەکرێت لە گرتنەبەری‌ ڕێکاری‌ یاسایی‌ لە ڕێگەی‌ دادگاوە بۆ وەرگرتنەوەی‌ ئەو قەرزانە؟ ئەم خاترگرتنە لەبەر چی‌‌و لەبەر کێ؟ بۆ دەبێت هاووڵاتى ناچار بکرێت بە گەڕاندنەوەى چەند ملیۆنە دینارێک بەڵام لەبەرانبەر بازرگانێکدا بەو جۆرە مامەڵە نەکرێت کە بێجگە لە قەرزى ئاسانکارى سەدان دۆنم زەوى خۆارییشیان پێ دراو دەیان ئاسانکارى تریان بۆ کرا؟
 
٣ـ نزیکەی‌ (٣,٥٠٠) پڕۆژە بە تێچووی‌ نزیکەی‌ (١١,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ - یانزە ترلیۆن دینار) وەستاون، بەهۆی‌ بەشێک لە کارکردن لە پڕۆژەکانیش حکومەت نزیکەی‌ (یەک ملیار دۆلار) قەرزاری‌ بەڵێندەرانە، دەیان بەلێندەر بەهۆی‌ بەم هۆیەوە ئیفلاسیان کردووە، زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاووڵاتیش بێکار بوون! ئەمە لە کاتێکدا ئەو پڕۆژانە زۆرینەیان پڕۆژەی‌ زۆر پێویست‌و پەیوەندیدارن بە ئاوی‌ خواردنەوەو کارەباو نەخۆشخانەو قوتابخانەو شەقا‌و ڕێگەوبانن، ئایا دەکرێت پڕۆژەکان هەر بەمجۆرە بووەستن؟ ئایا خەڵک ژیان‌و خزمەتگوزاری‌ ناوێت؟
 
بۆ ئەم تەوەرەیە پێویستە حکومەت بە زوویی‌ بەرنامەیەک بەشێوەی‌ پلەبەندی‌ بۆ دەستپێکردنەوەی‌ پڕۆژەکان دەست پێبکات‌و مانگانە بڕە پارەیەک تەرخان بکات بۆ خەرجکردن بۆ پڕۆژەکان، بەم کارەی‌ لەلایەک خزمەتگوزاری‌ بۆ هاووڵاتیان دەست پێدەکاتەوە، لەلایەکی‌ ترەوە ژمارەیەکی‌ زۆر لە هەلی‌ کار دەڕەخسێت‌و بەشێک لە کێشەی‌ قەرزی‌ بەڵێندەرانیش چارەسەر دەبێت.
 
حکومەت‌و دەسەڵات ئەگەر بیانەوێت، ئەم ڕێگاو ڕێکارانە دەتوانن ببنە بەشێک لە جوڵەی‌ بازاڕو بەگەڕخستنەوەی‌ پڕۆژەکان‌و ڕەخساندنی‌ هەلی‌ کارو گەڕاندنەوەی‌ ماف بۆ هاووڵاتیان.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٥ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,689     ژمارەی میوان 272