پرساندن بۆ وەزیرى دارایى و ئابورى لەسەر نادیاریى داهات و خەرجى و نەبوونى یاساى بودجە
2022-06-21
250 جار خوێندراوەتەوە
لەسەر بودجەو داهات و خەرجی، داوای لێپرسینەوە(پرساندن)مان کردووە
 
نەبوونی‌ شەفافیەت لە داهات‌و خەرجییەکان، نەبوونی‌ یاسای‌ بودجەو نەگەڕانەوەی‌ بەشێک لە داهاتەکان بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌‌و بەردەوامی‌ کاری‌ نایاسایی‌ لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان، تەوەری‌ سەرەکی‌ لێپرسینەوەن(پرساندن) لە وەزیری دارایی و ئابوری.
 
پرساندنەکە پاڵپشت بە ماددەکانی‌ (٦٨، ٦٩، ٧٠) لە پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمان پێشکەشکراوەو لەلایەن (١٩) ئەندام پەرلەمان واژۆکراوە کە بریتین لە (عومەر گوڵپی‌، د.ئیسماعیل عەلی‌، سیروان بابان، د.هەورامان گەچێنەیی‌، ئەبوبەکر هەڵەدنی‌، د.شێرکۆ جەودەت، عوسمان کانی کوردەیی‌، دیاری‌ ئەنوەر، سەرچنار ئەحمەد، ڕووپاک ئەحمەد، بەدریە ئیسماعیل، عەلی‌ حەمەساڵح، دابان موحەممەد، هڵز ئەحمەد، شیرین ئەمین، ئاشنا عەبدوڵڵا، موسلیم عەبدوڵڵا، مەم بورهان قانیع، عەبدولستار مەجید).
 
 
پرساندنەکە شەش تەوەر لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە:
 
 
١ـ نادیاری‌ کۆی داهاتی هەرێم و شاردنەوەو ئاشکرانەکردنی داتاو زانیاریی داهات بۆ ساڵانی (٢٠١٩، ٢٠٢٠، ٢٠٢١) بەجۆرێک داتاو زانیارییەکان ملکەچی بنەمای‌ شەفافیەت بن.
 
 
٢ـ نادیاری‌‌و ئاشکرانەکردنی‌ داهاتەکانی (گومرگ) و (ڕسومات) بەپێی یاساو هەر بڕە پارەیەکی هاتوو لە سەرچاوەکەیەوە لە سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و بۆ هەر وەزارەتێک بەپێی فەسڵ و ماددەکان.
 
 
٣ـ نادیاریی‌ و پێنەدانی زانیاریی خەرجیەکانی حکومەتی هەرێم سەرەڕای گەڕانەوەی سەرجەم خەرجی وەزارەت و دەستە نەبەستراوەکان بە وەزارەت بۆ وەزارەتی دارایی بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە و بنەما ژمێریارییەکان.
 
 
٤ـ نەگەڕانەوەی بەشێک لە داهات لە پارێزگاکانەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
 
 
٥ـ بەردەوامی وەرگرتنی پارە لە دەرەوەی یاسا لە خاڵە سنورییە گومرگیەکان و ئەنجامدانی کۆمەڵێک گرێبەست لەگەڵ نزیکەی‌ (١٣) کۆمپانیا بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی کە بوونەتە هۆی بەزایەدانی داهات و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی، هەروەها بەردەوامی‌ قاچاخچێتی‌ لە خاڵە سنورییەکان.
 
٦ـ نەبوونی یاسای بودجە لە ساڵی (٢٠٢١) و نەبوونی پابەندی بە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی (٢٠٢٢)و نەناردنی‌ (ژمێرەی‌ کۆتایی‌) بەو جۆرەی لە ماددەی‌ (٩٨)ی‌ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هاتووە.
 
 
ئێمە کێشەی شەخسیمان لەگەڵ هیچ وەزیرو حزب و بەرپرسێکی حکومەت نیە، هەوڵەکانمان لە پێناو جێبەجێکردنی یاساو بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتیدایە.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٧ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,719     ژمارەی میوان 522