بۆچی کۆڵنادەین لەم داوایە؟
ئەمڕۆ، بۆ جاری (٢٢)هەمین، داوای یاسای بودجەمان کرد.
شەش مانگی ساڵی (٢٠٢٢)ش، هاوشێوەی هەشت ساڵی ڕابردوو تێپەڕی، بەبێ بوونی یاسای بودجەو بوونی هیچ بەڵگەو دۆکیومێنتێک کە داهاتو خەرجییەکانی حکومەت ئاشکرا بکات!
نەبوونی یاسای بودجە، واتە نەبوونی سادەترین هەنگاو لە بواری شەفافیەت، واتە نەبوونی هیچ پلانو بەرنامەیەکی داراییو ئابوریو کۆمەڵایەتیو سیاسی لای حکومەت.
واتە نەبوونی دادگەرییو دادگەریی کۆمەڵایەتی، نادادگەریی لە بەگەڕخستنی پڕۆژەکان، ستەم لە تەرخانکردنی پارە بۆ شارەکان.
بە نەبوونی یاسای بودجە، هەموو هەڵسو کەوتی ئەنجومەنی وەزیران بە (داهات)ەوە دەچێتە خانەی کاری نایاساییەوە، ئەمە تەنها بۆچوونی ئێمە نیە، بەڵکو بۆچوونی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کورستانو بەغداشە.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بەهەرسێ ڕێگەی پرسیارو یاداشتو خاڵی پەیڕەوییەوە، (٢٢)جار بەدواداچوونم بۆ ئەم داوا ڕەوایە کردووە، بەردەوامیش دەبین.
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
٢٢ی ٦ی ٢٠٢١