بەدواداچوون بۆ کوالێتی‌ بەنزین‌و ئەو گازوایلەی‌ بەرهەمدەهێنرێت
2022-06-20
252 جار خوێندراوەتەوە
 
چەندین پاڵاوگەو بەناو پاڵاوگە، گۆڕەپانی‌ سوتەمەنی‌، لە شارەکانی‌ کوردستان بوونیان هەیە، کە زۆرینەیان مۆڵەتیان وەرنەگرتووەو کاری‌ هێنان‌و عەمبارکردن و فرۆشتنى نەوت‌و بەرهەمەکانی‌ دەکەن، زۆرینەیان لە دەرەوەی‌ چاودێری‌‌و خەسڵەتە نێودەوڵەتیەکان کار دەکەن‌و چۆن قازانجیان بێت بەو جۆرە ماددەکان تێکەڵ دەکەن، بەبێ ڕەچاوکردنی‌ تەندروستی‌‌و سەلامەتی‌ هاووڵاتیان‌و شۆفێران.
 
بۆ کۆتایهێنان بەم فەوزا پڕ مەترسییە، ساڵی‌ پار، پەرلەمانی‌ کوردستان یاسای‌ ژمارە (٣)ى ساڵى (٢٠٢١)، یاساى (هاوردەکردن و عەمباکردن و فرۆشتنی‌ بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی‌ کوردستان)ی‌ دەرکرد، بە پێی‌ بڕگەی‌ (دووەم) لە ماددەی‌ (١)ی‌ یاساکە، لەسەر وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان پێویست کراوە خشتەی‌ پاشکۆ بەشێوەی‌ ڕێنمایی‌ دەربکات، بەجۆرێک هاوتابێت لەگەڵ خەسڵەتە جیهانیەکانی‌ بەرهەمە نەوتییەکان وەک بەرهەمەکانی‌ (بەنزینی‌ ئۆتۆمبیل، زەیتی‌ گاز، زەیتی‌ بزوێنەرو گریس بەهەموو جۆرەکانیەوە، غازی‌ شل، نەوت سپی‌، قیری‌ شل، پترۆ کیمیایی‌).
 
هەر بە بێی‌ بڕگەی‌ (یەکەم)ی‌ ماددەی‌ (چوارەم)ی‌ یاساکە، پێویستە کۆمپانیاکان پابەندی‌ مەرجەکانی‌ سەلامەتی‌‌و تەندروستی‌‌و ژینگە‌و کۆنترۆڵی‌ جۆری‌ بن.
 
ساڵێکی‌ تەواوە یاساکە دەرچووەو لە وەقائع بڵاو بووەتەوە، بەڵام وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان بە ئەرکی‌ سەرشانی‌ هەڵنەستاوەو ڕێنمایی‌ پێویستی‌ بۆ دەستنیشانکردنی‌ خەسڵەتەکان دەرنەکردووەو کاری‌ نایاسایی‌ تێکەڵکردن‌و بەرهەمهێنان‌و عەمبارکردنی‌ نەوت‌و بەرهەمەکانی‌ بەردەوامە!
 
وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان‌و دامەزراوەکانی‌ بەرپرسیارێتی‌ ژیان‌و سەلامەتی‌ هاووڵاتیانیان لە ئەستۆیە، نابێت لەوە زیاتر ژیان‌و تەندروستی‌‌و گیرفانی‌ هاووڵاتیان‌و ژینگەی‌ کوردستان بکەنە قوربانی‌ بەرژەوەندی‌ چەند کەسێکی‌ کەم کە زۆینەیان بازرگانی‌ سیاسین!
 
بابەتی‌ نەوت‌و بەرهەمەکانی‌، بابەتێکی‌ هەستیارە، بابەتێک نیە بدرێتە دەست بازاڕو بازرگان بەتەنها، بەڵکو پێویستە حکومەت‌و دامەزراوەکانی‌ بە جیدی‌ ئەرک‌و بەرپرسیارێتیەکانیان لەم بوارە لە ئەستۆ بگرن، ئەگەرنا لە ئایندەیەکی‌ نزیکدا هەموو باجی‌ ئەم بێباکیە دەدەین.
 
ڕۆژی‌ ١٤ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٢، بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە کرد، بەردەوامیش دەبین.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٠ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,835     ژمارەی میوان 85