بە پێى هەڵسەنگاندنێکى ئەنستیتیوتى پەى، فراکسیۆنى کۆمەڵ پێشەنگن
2022-05-22
236 جار خوێندراوەتەوە

بە پێی‌ ڕاپۆرتی‌ نۆیەمی‌ ئینستیتیوتی‌ پەی‌ بۆ ئەدای‌ پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران لە ماوەی‌ ساڵێکی‌ کاریاندا، کە ڕۆژی‌ ١٩ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢٢ لە ساڵیادی‌ یەکەمین هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان بڵاویکردەوە، فراکسیۆنی‌ کۆمەڵ‌و ئەندامەکانی‌ لە پێشەنگی‌ باشترین ئەدای‌ کاری‌ پەرلەمانین کە لە خوارەوە ئاماژە بە هێندێک لە ئەنجامەکانی‌ ڕاپۆرتەکە دەکەین:

یەکەم/ لە بواری‌ ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی‌ پەرلەمان:
لە کۆی‌ (١٠٨) ئەندام پەرلەمان، تەنها (٤١) ئەندام پەرلەمان ئامادەی‌ سەرجەم دانیشتنەکانی‌ پەرلەمان بوون، ئەوانەش چوار ئەندامیان ئەندامی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵ بوون کە بریتبوون لە بەرێزان (بەدریە ئیسماعیل، ڕووپاک ئەحمەد، عوسمان عەلی‌، عومەر گوڵپی‌).
 
دووەم/ لە بواری‌ ئامادەبوون لە دانیشتنی‌ لیژنەکانی‌ پەرلەمان:
لە کۆی‌ (١٠٨) ئەندام پەرلەمان، تەنها (٣٦) ئەندام پەرلەمان ئامادەی‌ سەرجەم دانیشتنی‌ لیژنەکانی‌ پەرلەمان بوون‌و هیچ غیابیان نیە، لەو ژمارەیەش دوانیانە ئەندامی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵ کە بریتین لە (هەورامان حەمەشەریف، عومەر گوڵپی‌).
 
سێیەم/ لە بواری‌ ژمارەی‌ بەشداریی‌‌و وتەی‌ ئەندامان لە دانیشتنەکانی‌ پەرلەمان:
لە کۆی‌ (١٠٨) ئەندامی‌ پەرلەمان، وتەو بەشداری‌ پەرلەمان لە نێوان (٩١ تا ١) جار بووە، ژمارەی‌ بەشداری‌ ئەندامانی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵ لەو ڕێژەیە بەمجۆرە بووە: (عومەر گوڵپی‌ ٦٦ جار، عوسمان عەلی‌ ٤٨ جار، بەدریە ئیسماعیل ٤٦ جار، ڕووپاک ئەحمەد ٢٥ جار، موسلیم عەبدوڵڵا ٢٢ جار، هەورامان حەمەشەریف ١٣ جار، عەبدولستار مەجید ١٠ جار).
 
چوارەم/ لە بواری‌ ماوەی‌ بەشداری‌‌و وتەی‌ ئەندامان:
لە کۆی‌ (١٠٨) ئەندامی‌ پەرلەمان، ماوەو کاتی‌ قسەکردنی‌ ئەندامانی‌ پەرلەمان لە دانیشتنە فەرمیەکان لە نێوان (١,٥٨ - یەک سەعات و پەنجاو هەشت دەقیقە) بۆ (١,٠٩ - یەک دەقیقەو لە سەدا نۆی‌ سانیەیەک) بووە.
لەو بارەیەوە، ماوەی‌ قسەکردنی‌ ئەندامانی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵ بەمجۆرە بووە:
ـ (عومەر گوڵپی‌: ١,٣٨.٣٢ - یەک سەعات‌و سی‌‌و هەشت دەقیقەو سی‌‌و دوو سانیە)
ـ (عوسمان عەلی‌: ٣٩,٣٠ - سی‌‌و نۆ دەقیەو سی‌ سانیە).
ـ (بەدریە ئیسماعیل: ٣٨,٤٤ - سی‌‌و هەشت دەقیقەو چل‌و چوار سانیە).
ـ (موسلیم عەبدوڵڵا: ٣١,١٥ - سی‌‌و یەک دەقیقەو پانزە سانیە).
ـ (عەبدولستار مەجید: ٢٨,٣٦ - بیست‌و هەشت دەقیقەو سی‌و شەش سانیە).
ـ (ڕووپاک ئەحمەد: ٢٦,٥٦ - بیست‌و شەش دەقیقەو پەنجا سانیە).
ـ (هەورامان حەمەشەریف: ٢١,٣٦ - بیست‌و یەک دەقیقەو سی‌‌و شەش سانیە).
 
پێنجەم/ لە بواری‌ واژۆی‌ پێشکەشکردنی‌ پڕۆژە یاسا، (ئەوانەی‌ کە خوێندنەوەی‌ یەکەمیان بۆ کراوە):
لە کۆی‌ (١٠٨) ئەندامی‌ پەرلەمان، زۆرترین بەشداری‌ پێشکەشکردنی‌ پڕۆژە یاسا بریتبووە لە (٧)، کەمترین بەشداریش بریتی بووە لە (سفر)، لەو بارەیەوە: سێ پەرلەمانتاری‌ کۆمەڵ کە هەریەکە لە (عومەر گوڵپی‌‌و بەدریە ئیسماعیل‌و موسلیم عبدالله)ن هەریەکەیان بەشدارییەکەی‌ ( پێنج) بووە، چوار ئەندامەکەی‌ تری‌ فراکسیۆنیش (عەبدولستار مەجید، ڕووپاک ئەحمەد، عوسمان عەلی‌، هەورامان حەمەشەریف) هەریەکەیان بەشدارییان لە (چوار) پڕۆژە یاسا کردووە.
 
شەشەم/ لە بواری‌ واژۆکردن‌و پێشکەشکردنی‌ یاداشت بۆ دانیشتنەکانی‌ پەرلەمان:
لەکۆی‌ (١٠٨) ئەندامی‌ پەرلەمان، ژمارەی‌ بەشداری‌ ئەندامان لەنێوان زۆرترین بەشداری‌ (٢١ یاداشت) و کەمترین بەشداری‌ (سفر) یاداشت بووە، لەو ژمارەیە، بەشداری‌ پەرلەمانتارانی‌ کۆمەڵ بەمجۆرە بووە: (ڕووپاک ئەحمەد: ٢١) (عومەر گوڵپی‌: ٢٠)، (بەدریە ئیسماعیل: ٢٠)، (هەورامان حەمەشەریف: ١٨)، (عوسمان عەلی‌: ١٦)، (موسلیم عبدالله: ١٦)، (عەبدولستار مەجید: ٧).
 
حەوتەم/ لە بواری‌ پێشکەشکردنی‌ بیرۆکە بۆ پەرلەمان:
لە کۆی‌ (١٠٨) ئەندام پەرلەمان، تەنها نۆ ئەندام پەرلەمان بیرۆکەیان پێشکەش کردووە، لەوانە دوانیان ئەندامی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵن کە هەریەکە لە (عەبدولستار مەجید، عوسمان عەلی‌)ن.
 
هەشتەم/ لە بواری‌ پێشکەشکردنی‌ پرساندن:
لە کۆی‌ (١٠٨) ئەندامی‌ پەرلەمان، تەنها یەک یاداشت بۆ پرساندنی‌ وەزیرانی‌ حکومەت پێشکەش کراوە، ئەویش لەلایەن ئەندامی‌ فراکسۆنی‌ کۆمەڵ (عومەر گوڵپی‌) پێشکەش کراوە بۆ پرساندنی‌ وەزیری‌ سامانە سروشتیەکان.
 
ئەنیستیتیوتی‌ پەی‌ بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ڕێکخراوێکی‌ کۆمەڵگەی‌ مەدەنیەو لە چوارچێوەی‌ پڕۆژەی‌ چاودێری‌‌و هەڵسەنگاندنی‌ کارەکانی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، ناو بەناو هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای‌ پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران دەکات، ئەم هەڵسەنگاندنە ڕاپۆرتی‌ نۆیەمی‌ ڕێکخراوەکە بوو کە لە ١٩ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢٢ لە هۆتێل ڕامادا لە شاری‌ سلێمانی‌ لە کۆنگرەیەکی‌ ڕۆژنامەوانیدا خرایە ڕوو و تیایدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای‌ پەرلەمانتاران کرا لە ماوەی‌ نێوان (١ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢١ بۆ ٢٨ی‌ ٢ی‌ ٢٠٢٢).

 

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 293,885     ژمارەی میوان 81