بەدواداچوون بۆ خاو دابەشکردنى مووچەو دواکەوتنى
2022-05-17
206 جار خوێندراوەتەوە
 
بە نوسراوی‌ فەرمی‌ لە (٢٣ی‌ ١ی‌ ٢٠٢٢)، داوای‌ ڕوونکردنەوەو زانیارییمان کرد لە هۆکاری‌ دواکەوتنی‌ مووچەو خاو دابەشکردنی، بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری بە نووسراوی‌ ژمارە (٧ / ١ / ٤٧٧٤) لە (١٨ی‌ ٤ی‌ ٢٠٢٢)، وەڵامی‌ داوینەتەوەو لە وەڵامەکەیدا هۆکاری‌ خاو دابەشکردنی‌ مووچەی‌ لە مانگەکانی‌ ڕابردوو بۆ نەناردنی‌ (٢٠٠ ملیار دینار)ەکەی بەغدا گەڕاندووەتەوە!
 
 
لە ڕاستیدا ئەم وەڵامە بۆ ئێمە بڕواپێهێنەر نیەو خۆلادانە لە وەڵامی‌ ڕاستەقینەو دەستخستنەسەر برینەکان، بەتایبەت لەلایەن وەزارەتی‌ داراییەوە کە پێویستە ئاگاداری‌ هەموو شتێک بێت‌و بەڕوونی‌ هۆکارەکانی‌ خاو دابەشکردن‌و دواکەوتنی‌ مووچەو کێشە داراییەکان بۆ ئێمەو خەڵکی‌ کوردستان لەسەر ئاستی هەرێم ڕوونبکاتەوە، هەروەها بە هاووڵاتیانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین بڵێت هۆکار چییە کە ئەو گرفتەی‌ لەو شارانە هەیە لە هەولێرو دهۆک نیە؟
 
 
حکومەتی‌ هەرێم لە سەرەتای‌ ساڵی (٢٠٢١)ەوە بەهۆی بەردەوام زیادبوونی داهاتەکانەوە بەڵێنیدا هەموو مانگێک لە ٢٥ی مانگ دەست بە دابەشکردنی‌ مووچە بکات و لەماوەی‌ هەفتەیەکدا کۆتایی‌ پێبهێنێت، بەڵام لە مانگی‌ (١١)و (١٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)ەوە تا ئێستا مووچە نەوەک بە هەفتەیەک بەڵکو بە بیست ڕۆژو زیاتریش دابەش دەکرێت، بەجۆرێک لە ئێستەدا مووچەی‌ مانگێک دواکەوتووە!
 
 
ئەم بەدواداچوونانەی‌ ئێمە لە کاتێکدایە کە داهاتی‌ ئێستەی‌ هەرێمی‌ کوردستان تەنانەت بە زانیارییەکانی‌ بەرپرسانی حکومەت و دەسەڵات خۆشیانەوە بەبێ (٢٠٠ملیار دینارە)ەکەی بەغداشەوە زیاترە لە پێویستی‌ بۆ مووچەو بەگەڕخستنی‌ وەزارەتەکان‌و خزمەتگوزاریی‌، بەڵام حکومەت مووچە لەکاتی‌ خۆی‌ دابەش ناکات‌و لە سلێمانیش کێشەی‌ دواکەوتنی‌ مووچە زیاترە، چ جای‌ خەرجنەکردنی‌ پارەی‌ کۆمپانیاکانی‌ دەرمان‌و پاککردنەوەو وەستانی‌ پڕۆژەکان کە دۆخێکی سەختیان بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە!
 
 
بەرپرسیارێتی‌ وەزیری‌ داراییە زانیاریی‌و ڕاستیەکان وەکخۆی‌ بۆ هاووڵاتیان ڕوونبکاتەوەو بە پێی‌ یاسا وردەکاری‌ داهات‌و خەرجی‌ حکومەت بۆ ئێمەو خەڵک ئاشکرا بکات، چونکە پارەو داهات موڵکی‌ خەڵکی‌ کوردستانە نەوەک حزبەکانی‌ دەسەڵات.
 
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
١٧ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,680     ژمارەی میوان 9