دەسەڵاتى دەوڵەمەندو حکومەتی‌ موفلیس‌، هۆکارو چارەسەر!
2022-05-08
89 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتى دەوڵەمەندو حکومەتی‌ موفلیس‌، هۆکارو چارەسەر!

بە پێی‌ پێناسە زانستییەکان، حکومەت کاتێک بە موفلیس ئەژماردەکرێت کە نەتوانێت قەرزەکانی‌ بداتەوە، هەروەها دەستەوسان بێت لەبەردەم بەڕێکردنی‌ کارە داراییەکانی‌‌و خەرجکردنی‌ مووچەو شایستەی‌ دارایی‌ هاووڵاتیان‌و مووچەخۆران.

ئەگەر جورئەتی‌ ئەوە بدەینە خۆمان بڵێین لە کوردستان حکومەت بەپێى پێناسە زانستییەکان بوونى هەیە، ئەوە بەمانای‌ وشە ئەو حکومەتە ئیفلاسی‌ کردووە، ئەوانەشی‌ ئیفلاسیان بە حکومەت کردووە بریتین لە بڕیاربەدەستانی‌ هەردوو حزبی‌ دەسەڵات، ئەوەش بەهۆی‌ سیاسەتی‌ چەوتی‌ بەڕێوەبردنیان لە ماوەی‌ نۆ کابینەى یەک لە دواییەک، لە سی ساڵى‌ ڕابردوودا.

یەک/ بۆچی‌ حکومەت ئیفلاسی‌ کردووە؟

سەرەڕای‌ داهاتی‌ زۆری‌ کوردستان بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ بەردەوامى نرخی‌ نەوت‌و بەردەوام زیادبوونی‌ داهات لە سەرچاوەکانى گومرگ‌و باج‌و ڕسوماتەوە، بەڵام لە خوارەوە دۆخی‌ خراپى دارایی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەخەینەڕوو، تا ڕوونتر دەرکەوێت کە بێجگە لە "ئیفلاس" دۆخى دارایى حکومەتى هەرێم هیچ پێناسەیەکى دیکە هەڵناگرێت:

١ـ حکومەت توانای‌ خەرجکردنی‌ مووچەی‌ مووچەخۆرانی‌ نیە بە پێی‌ کات‌و بەرنامەیەکی‌ ڕێک‌و پێکى مانگانە کە متمانە لای‌ مووچەخۆران دروست بکات‌، هەروەها ببێتە هۆی‌ سەقامیگریی بازاڕو پاراستنى هاوسەنگییەکەی‌.

٢ـ حکومەت تا ئێستا نزیکەى (٢١ ترلیۆن دینار) قەرزاری‌ مووچەخۆرانەو تا ئێستا هیچ بەرنامەو پلانێکى‌ نیە بۆ گەڕاندنەوەی‌ ئەو قەرزانە! بۆ هاووڵاتیان، ئەمە بێجگە لە چەند ترلیۆن دینارێک قەرزى تر کە نە بڕەکەى نەهۆکارى قەرزەکە دیارنییە، ئەوەش بەهۆى بەکارهێنانى پارەى بانکە ئەهلیەکان و پارەى هاووڵاتیان و صندوقە جۆراو جۆرەکان، بەبێ هیچ پشتیوانیەکى یاسایى و هیچ پلان و بەرنامەیەک بۆ گەڕاندنەوەیان.

٣ـ حکومەت نزیکەی‌ (یەک ملیار دۆلار) قەرزاری‌ بەڵێندەرانەو تا ئێستا هیچ بەرنامەیەکی‌ نیە بۆ گەڕاندنەوەی‌ ئەو پارانە کە مافی‌ یاسایی‌‌و شەرعی‌ خۆیانەو لەماوەى شەش ساڵى ڕابردوودا سەدان بەڵێندەر بەو هۆیەوە تووشی‌ قەرزاری‌‌و کێشەی‌ کۆمەڵایەتی‌ بوون بەهۆی‌ دەستبەسەراگرتنی‌ پارەکانیان لەلایەن حکومەتەوە.

٤ـ بە بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیران، زیاتر لە شەش ساڵە پلە بەرزکردنەوەی‌ فەرمانبەران‌ ڕاگیراوە، بەو بڕیارەش‌ مانگانە لەنێوان (٦٠ تا ٣٠٠ هەزار دینار) زیان بە فەرمانبەرانی‌ شارستانی‌ دەکەوێت.

٥ـ بانکەکان یەک دیناریان تێدا نیەو هیچ پشتیوانیەکی‌ دارایى بۆ هیچ چین‌و توێژو سێکتەرێک بوونی‌ نیە، لەکاتێکدا نەبوونى پشتیوانى بەشێوەى مینحە یان قەرز بۆ جوتیاران و بازرگانان و پیشەوەران و گەنجانى بێکار، دۆخى دارایى و ئابورى هەرێمى کوردستان بەرەو خراپتربوون دەبات.

٦ـ زیاتر لە (٢٠,٠٠٠) فەرمانبەری‌ گرێبەست چاوەرێن بڕیاری‌ بە هەمیشەییکردنی‌ ڕاژەکانیان بدرێت، کە بەپێی‌ بنەما دەستوریی‌‌و یاسایییەکان‌و ڕێنماییەکانی‌ حکومەت خۆشی‌ دەبوو دوای‌ سێ ساڵ لە کارکردن بکرێنە هەمیشیەیی‌، بەڵام هیچ بەرچاوڕوونیەک تا ئێستا بۆ بەهەمیشەییکردنیان نیە.

٧ـ زیاتر لە (٦٠٠ هەزار) هاووڵاتی‌ بێکارن کە نزیکەی‌ (٤٠٠ هەزار)یان گەنجانى تەمەن (١٦ بۆ ٢٤ساڵ)ن، لەناو ئەو بێکارانەشدا زیاتر لە (٢٠,٠٠٠) گەنج بەناونیشانى مامۆستاى وانەبێژ (کە لە هیچ یاسایەکدا ناونیشانى کارکردنى لەمجۆرە بوونى نیە) ناچارى کارکردنن لە دۆخێکى خراپى بژێوى و کەم و کورتى لە مافدا، حکومەتیش هیچ بەرنامەو پلانێکی‌ نیە بۆ ڕزگارکردنی‌ هاووڵاتیانی‌ بێکار بەتایبەت گەنجان لەو دۆخەی‌ تیایدان!

٨ـ بە بەهای‌ نزیکەى ( پێنج ملیار دۆلار) نزیکەى (٣,٥٠٠) پڕۆژەى جۆراو جۆر وەستاون، بەشێک لەو پڕۆژانەش بەهۆى وازلێهێنانیان زیانى گەورەیان بەرکەوتووە کە بە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێنرێت، حکومەتیش هیچ پلان‌و بەرنامەیەکى نیە بۆ بەگەڕخستنەوەى ئەو پڕۆژانەو پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى بە هاووڵاتیان!

٩ـ لەماوەی‌ دە ساڵی‌ ڕابردوودا، دەیان‌و سەدان کۆڵان‌و گەڕەکی‌ نوێ لە شارو شارۆچکەکان دروست بوون‌ کە بەدەست کێشەکانى نەبوونى ڕێگاوبان‌و ئاوی‌ خواردنەوەو ئاوەڕۆو نەخۆشخانەو قوتابخانەو سەوزایی‌ و کەمى خزمەتگوزاریى دەناڵێنن، حکومەتیش هیچ بەرنامەو پلانێکی‌ نیە بۆ وەڵامدانەوەی‌ داوای‌ ئەو هاووڵاتیانە لەو گەڕەک و کۆڵانە نوێیانەو کۆتایهێنان بە چاوەڕوانیان!

١٠ـ حکومەت یاسای‌ بودجەی‌ نیە، هەروەها هیچ شەفافیەتێکیشی‌ لە داهات‌و خەرجیەکانی‌ نیەو هیچ کەس نازانێت بەرنامەو پلانی‌ بۆ هەر ساڵێکی‌ دارایی‌ بۆ سێکتەرو بوارە جیاجیاکان و ژیانی‌ خەڵک چیە؟

لە بەرانبەر ئەم دۆخە داراییەى حکومەتدا، حزبەکانى دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەوڵەمەند دەبن، ئاشکراتر لەڕێگەى کۆمپانیاکانیانەوە داهات بۆ خۆیان کۆ دەکەنەوە، بەڕێگەو شێوازى جۆراو جۆر زیاتر دەست بەسەر زەوى نایاب لەشارەکان دەگرن و زیاتر تەنگ بە سەرمایەدارە ڕاستەقینەکان هەڵدەچنن بۆ پشکى خۆیان، بەجۆرێک بە پێى زانیارییەکان لەماوەى ساڵێکى ڕابردوودا ژمارەیەک سەرمایەدارى کورد ڕوویان لە بەغداو شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق کردووە بۆ کارى بازرگانى و وەبەرهێنان، چونکە پێیان وایە ئەوێ شوێنێکى باشترە بۆ بەگەڕخستنى سەرمایەکانیان، ئەمەش سەرەتاى مەترسییەکى گەورەیە کە هەڵهاتنى سەرمایەدارەکانە، ئەم دیاردەیەش خراپتربوونى دۆخى بێکارى و جوڵەى بازاڕ لە هەرێمى کوردستان بەدواى خۆیدا دەهێنێت.

دوو/ چارەسەر چییە؟

دەکرێت ئاماژە بە دوو ڕێگەى سەرەکى چارەسەر بدەین، کە یەکێکیان پەیوەندى بەناوخۆى کوردستان و ئەویتریان ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا هەیە، بەتایبەت پاش بڕیارى دادگاى فیدراڵى لە دۆسیەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە ئەم دوو ڕێگایە پێکەوە دەتوانن چارەسەرى ئەم دۆخە بکەن نەوەک بە تەنها.

چارەسەرى یەکەمیان لە ناوخۆیە، ئەویش بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و بەردەوامى باشبوونى داهاتەوەیە، بەو هۆیەوە هەرێمى کوردستان دەتوانێت بارە خوارەکان ڕاست بکاتەوەو خۆى لەم دۆخە خراپەى دارایى ڕزگار بکات، بەو مەرجەى حزبەکانى دەسەڵات دەست لە سەرچاوەکانى داهات وەرنەدەن و ڕێگە بدەن هەموو داهاتەکان بگەڕێنەوە خەزێنەى گشتى، هەروەها شەفافیەت لە داهات و خەرجى بەرقەراربکرێت و یاساى بودجە ببێتە سەرچاوەى شەرعیەتى دەستنیشانکردنى تەرخانکراوو خەرجییەکان، هەروەها هەر لە یاساى بودجەدا قەرزەکان و چۆنیەتى دانەوەیان چ هى مووچەخۆران چ قەرزەکانى تر دەستنیشان بکرێن.

رێگەو چارەسەرى دووەم بریتییە لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت کە ئێستە دۆخى دارایى بەغدا بەرەو باشبوون دەچێت، ئەوەش بەهۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى پارەى یەدەگى بانکى مەرکەزى عێراقى بە دراوى جیهانى بۆ سەرو (٧٠ ملیار دۆلار) کە سێ جار زیاترە لە بڕى قەرزەکانى سەر عێراق، هەروەها بەرزبوونەوەى داهاتى نەوتى عێراق بەجۆرێک کە مێژووى عێراق داهاتى بەو رێژەیە بەخۆیەوە نەبینیوە.

ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەرفەتێکى زێڕین و تەنها ڕێگەو دەرەچەى ڕزگاربوونە لەم دۆخە خراپەى دارایى بۆ هەرێمى کوردستان، چونکە بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا هەرێمى کوردستان تەنها ئەوە لەدەستدەدات کە سەربەخۆ نەوت و غاز بفرۆشێت، بەڵام هەرێمى کوردستان لانیکەم لەم دۆخەدا دەبێتە شەریکى قاسە پڕەکەى بەغدا کە مانگانە بە پێى ڕێژەى (١٢,٦٨%)بەلاى کەمەوە زیاتر لە (١,٤ ترلیۆن دینار) بەدواى خۆیدا دەهێنێت بێجگە لە داهاتەکانى ناوخۆ، لەلایەکى ترەوە ئەگەر پێش بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لەسەر دۆسیەى نەوت ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا تەنها دەرفەتێک بووبێت، ئەوە پاش بڕیارەکە وەکچۆن رێککەوتن دەرفەتە ئاوا ڕێکنەکەوتن هەڕەشەیەکى جدییە لەسەر دۆسیەى نەوتى هەرێم کە زیاتر لە سەدا هەشتاو پێنجى داهاتى کوردستان پێکدەهێنێت، هەرێمى کوردستان و خەڵکەکەشى بەرگەى هەڕەشەیەکى لەو جۆرە ناگرێت و نابێت بڕیار بەدەستانى حکومى و سیاسى لەناو حزبەکانى دەسەڵات ئەو موجازەفەیەش بە خەڵکى کوردستانەوە بکەن، چونکە سەرەنجامى باش نابێت و ئایندەى دارایى و ئابورى هەرێمى کوردستان بەرەو مەترسییەکى گەورە دەبات کە لێکەوتەکانى چاوەڕوان نەکراو دەبن لەسەر ژیانى خەڵک!

لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا خەڵک قازانج و حزبەکانى دەسەڵات زیان دەکەن، ئایا هەردوو حزبى دەسەڵات دواى ئیفلاسبوونى حکومەتەکەیان و تاقیکردنەوەی سەختى سیاسەتى بەناو ئابورى سەربەخۆ، ئامادەن دەست لە بەرژەوەندى خۆیان هەڵگرن لە پێناو بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە ئایندەیەکى نزیک وەڵامەکەى وەردەگرینەوە.

عومەر گوڵپی‌

ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان

٨ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢٢


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 38,209     ژمارەی میوان 6