کەی بڕیاری پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانو مامۆستایان دەدرێت؟
ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانو مامۆستایان یەکێک لە کارە نایاساییەکانی کابینەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران بوو، کە تا ئێستاش ئەم کابینەیە بەردەوامە لەم پێشێلکارییەی مافی فەرمانبەرانو مامۆستایان، ئەگەرچی پاساوی کابیەی پێشوو دابەزینی نرخی نەوتو شەڕی داعشو خراپی دۆخی دارایی بوو، بەڵام لە هیچ دۆخێکدا بڕیاری حکومەت توانای ڕاگرتنی مافێکی فەرمانبەرانی نیە کە یاسا بەخشیویەتی، بۆیە هەوڵمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانو دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەیە، بەتایبەت لە ئێستەدا کە دۆخى داهاتى هەرێم زۆر باشە.
بۆ ئەو مەبەستە، لە (٢ی ٩ی ٢٠٢١) پێشنیازە بڕیارێکمان بەناونیشانی (پابەندکردنی حکومەت بە ئەرک و پابەندییە داراییەکان) پێشکەشکرد کە یەکێک لە ماددەکانی دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەیە.
بە نووسراوی ژمارە (ک/٢٩٤٣) لە (٢٩/١١/٢٠٢١) دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێشنیازە بڕیارەکەیان بۆ گەڕاندینەوە، لەسەر بنەمای بۆچوون و پێشنیاری لیژنەی کاروباری یاسایی هۆکارەکەیان بۆ نەبوونی هیچ بۆشاییەکی یاسایی لەو بارەیەوە گەڕاندبوویەوە. پاشان ئێمە کە ژمارەمان (٢٣) ئەندامی پەرلەمان بوو، جارێکیتر جەختمان لە پێشنیازە بڕیارەکەمان کردەوەو لە بەرواری (١ی ١٢ی ٢٠٢١) پێشنیازە بڕیارەکەمان خستەوە بەردەست دەستەی سەرۆکایەتی تاوەکو بابەتەکە بخرێتە بەردەست پەرلەمان بۆ بریارلەسەردان بە پێی ماددەی (٨٠)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
بە نووسراوی ژمارە (١٦٣) لە (٣٠ی ٣ی ٢٠٢٢)، جارێکیتر بەدواداچوونمان بۆ ئەو پێشنیازە بڕیارە کردەوە، ئەوەش وەک بەدواداچوونو فشار بۆ داوای ڕەوای مامۆستایانو فەرمانبەران، بەردەوامیش دەبین.
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
٢ی ٤ی ٢٠٢٢