پاش (٣٤) ساڵ لە خاپوورکردنی، سەید سادق چاوەڕوانی ئاوەدانیو خزمەتە
قەزای سەید سادق، (٣٤) ساڵ بەر لە ئێستەو پاش کیمیاییابارانی هەڵەبجە، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خاپوورکراو دانیشتوانەکەی پەڕاگەندەو ئاوارەى شارەکانی تر بوون، بەڵام پاش ئەو ماوە زۆرە، شارەکە بە تەواوەتى فەرامۆشکراوەو هێشتا سیمای ئاوەدانی بە شارەکەوە دیار نییەو شارەکەو خەڵکەکەی ڕووبەڕووی زۆر گرفتی پەیوەست بە نەبوونى خزمەتگوزاریى بوونەتەوە.
کێشەکانی سەیدسادق زۆرن، بەشێکیان هەمان ئەو کێشانەن کە شارەکانی تری کوردستان پێوەیان گیرۆدەن، بەڵام هێندێک لە کێشەکان لە سەیدسادق قەبارەکەیان گەورەترە، وەک کێشەی بێکاریی و بێکاری گەنجان کە قەبارەکەی لەم شارە زیاترە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پرۆژەکانى وەبەرهێنان و ڕەخساندنى هەلى کار لەم شارە نزیکن لە سفرەوە.
نەبوونی بینای پێویستی قوتابخانە وای کردووە بەشێک لە قوتابخانەکان سێ دەوام بن و زۆرێک لە پۆلەکانیان زیاتر لە (٤٠) قوتابی لە خۆ دەگرێت، ئەمە بێجگە لە کۆنیو خراپی بیناکان، هەروەها تا ئێستا هەموو بەڵێنەکان بۆ بیناى تاقانە کۆلێجەکەى نەبوونەتە کردارو کۆلێجەکەى لە بینایەکى ناشایستەدا ماوەتەوە. تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانو ماڵەکانی شاری سەیدسادق گیرۆدەی قوڕو چڵپاوی زستانو تەپو تۆزی هاوینن بەهۆی قیرتاونەکردنى بەشێکی زۆر لە کۆڵانەکانی، بێجگە لە تێکچوونی ژمارەیەک لە شەقامە سەرەکییەکانی کە بە تێپەڕبوون پیایاندا تێدەگەیت چۆن دەسەڵات ئەم شارەی فەرامۆشکردووە، تا ئێستاش شارەکە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی شایستەى نیەو لە زۆر گەڕەکو کۆڵان ئاوی ماڵان ئاوێکی ناشایستەیە بۆ خواردنەوەو تۆڕەکانی ئاو پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، هەروەها نەخۆشخانەکەی لە ئاستی پێویستدا نیەو بێجگە لە توانای چارەسەری سەرەتایی، توانای پێویستی نیە بۆ وەڵامدانەوەی نەخۆشەکانی بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕو پێداویستیو دەرمانی پێویستەوە.
قەرەبوونەکردنەوەی خەڵکی سەید سادق یەکێک لە دۆسیەکانە، کە تا ئێستا حکومەت و حزبەکانى دەسەڵات کە پۆستە پەرلەمانی و وزارییەکانیان لابووە لە بەغدا کاریان لەسەر نەکردووە تا ئەو دۆسیەیە لە بەغدا بچێتە پێشەوەو خەڵکە قوربانیدەرەکەى قەرەبوو بکرێنەوە.
ڕێکنەخستنی شارو نەبوونی تاپۆ بەشێک لە کێشەی هاووڵاتیانو شارەکەیە، بەتایبەت بوونی سەربڕینخانە لە نزیکی دانیشتوان مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست دەکات، ئەمە بێجگە لە چەندین دیاردەی ناشیرین لەناو بازاڕ کە شایستە نین بەو شارەو خەڵکەکەی، هەروەها فەرامۆشکردنی شارەکە لە ڕووی سەوزاییو نەبوونی پارکی پێویستو فەرامۆشکردنی ئەو ژمارە کەمەی سەوزایی کە لە شارەکە هەن بەتایبەت پارکە سەرەکییەکەی.
سەید سادق، بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە ناوەندی دەشتی شارەزوورەوە، شوێنێکە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت خۆی بژیەنێت، بە کردنەوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە بواری کشتو کاڵو ئاژەڵداری لە ڕێگەی هاندانی سەرمایەدارانو وازهێنانی دەسەڵات لە خۆکردنە شەریکی سەرمایەداران لە پرۆژەکاندا، ئەگەر گرنگی بەم شارە بدرێت لە ڕووی کشتو کاڵو شوێنە گەشتو گوزارەکانیەوە وەک سەراوی سوبحان ئاغاو بەنداوی سیروان، ئەوە دەتوانێت سەرچاوەی داهاتیش بێت بۆ هەرێم نەوەک تەنها خەڵکەکەی.
ڕاستە پێویستە حکومەت وەڵامی داوای هەموو هاووڵاتیانو خزمەتگوزارییەکان بداتەوە، بەڵام ئەو شارانەی کە کاولکرانو بە تەواوەتی خاپوورکران و بوونە بەشێک لە تاوانى جینۆساید، پێویستیان بە بودجەی تایبەت هەیە، پێویستیان بە ئاوڕدانەوەی جیدی هەیە، ئەگەرنا سەیدسادق و شارەکانی هاوشێوەی لەماوەیەکی تری نزیکدا ئەبێتە جەهەننەمی هاووڵاتیەکانی، بەتایبەت گەنجەکانی.
هەربۆیە بە نووسراوی ژمارە (٢١٠) لە (١٥ی ٣ی ٢٠٢٢) داوامان کرد حکومەت ڕوونکردنەوەمان پێبدات لەسەر فەرامۆشکردنی شاری سەیدسادق، هەروەها بۆ ئێمەو خەڵکی قەزاکەی ڕوونبکاتەوە ئەمساڵی (٢٠٢٢) بەرنامەو پلانیان چیە بۆ خزمەتکردنی؟ بەتایبەت کە ئێستە دۆخی دارایی زۆر باشەو هیچ پاساوێک بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەکان نەماوە، داوامانکردووە پێمان بڵێن بەرنامەیان بۆ ئەم شارە چیەو پلانیان چیە بۆ خزمەتگوزاریی لە قەزایەک کە زیاتر لە (١٣٠ هەزار) هاووڵاتی تیایدا دەژین؟
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
٢٤ی ٣ی ٢٠٢٢