بەدواداچوون بۆ کێشەى کەس و کارى شەهیدانى هەڵەبجەو بریندارانى چەکى کیمیایى
2022-03-14
231 جار خوێندراوەتەوە

حکومەت لە کوێی‌ ئازاری‌ کەس‌و کاری‌ شەهیدانی‌ هەڵەبجەو بریندارەکاندایە؟

پاش (٣٤) ساڵ لە کیمیاییبارانی‌ هەڵەبجە، لە کۆی‌ (٩٧٢) برینداری‌ چەکی‌ کۆکوژی‌ کیمیایی، نزیکەی‌ (٢٥٠) برینداریان پێویستیان بە چارەسەری‌ خێرایەو هێندێکیان ژیانیان لەنێوان مان‌و مردندایە، لەماوەی‌ ساڵێکی‌ ڕابردوودا تەنها (پێنج) بریندار نێرراون بۆ ئێران بۆ چارەسەر، ئەوەش بۆ یەکجار، بۆ دووبارە بینینەوەی‌ دکتۆرو چارەسەر ئەبێت قەرز بکەن تا سەر لە پزیشکەکانیان بدەنەوە!

پاش (٣٤) ساڵ لە کیمیاییبارانی‌ هەڵەبجەو هەورامان‌و شارەزوور، تا ئێستا (٢٥٤) هاووڵاتی‌ ماون زەوی‌ وەرگرن، هێندێک لەوانەی‌ پێشوش زەویان وەرگرتووە یەک سولفەیان پێدراوەو پێنج ساڵە چاوەڕێی‌ سولفەی‌ دووەم‌و سێیەم دەکەن بۆ کردنەوەی‌ خانووەکانیان! نزیکەی‌ (٧٠٠) ڕووفاتی‌ شەهیدانی‌ هەڵەبجە لە وڵاتی‌ ئێرانن‌و تا ئیستا حکومەت هیچ هەوڵێکی‌ نەداوە بۆ گەڕاندنەوەیان، هێندێک لەو ڕوفاتانە لە گۆڕستانی‌ بەهەشتی‌ زەهران‌و مەترسی‌ ئەوەیان هەیە گۆڕەکانیان بفەوتێن.

پاش (٣٤) ساڵ لە کیمیاییبارانى هەڵەبجە، دۆسیەی‌ (١١٩) منداڵى ونبووى هەڵەبجە دۆسیەی‌ پر ئازاری‌ بێ کۆتایە، کە حکومەت هیچ هەوڵێکی‌ جیدی‌ نیە بۆ ناسینەوەو گەڕاندنەوەو ناساندنەوەیان بە (٧٦) خێزان کە چاوەڕوانیان دەکەن و تا ئێستاش چارەنووسیان تادیارە!

پاش (٣٤) ساڵ لە کیمیاییبارانى هەڵەبجە، دۆسیەى قەرەبووى ئەم کارەساتە لە بەغداو سزادانى ئەو کۆمپانیاو وڵاتانەى پشتیوانى صەددام و ڕژێمەکەیان دەکردو چەکى کۆکوژیان پێ دەدا هیچ جوڵەیەکى پێ نەکراوەو تا ئێستاش ئەو دۆسیەیە بێ ئەنجامەو دەسەڵات لە بەغدا لە بری کارکردن لەم دۆسیەیە سەرقاڵى شەڕى پۆست و پلە دەکەن!

بۆ هەموو ئەوانە بە نووسراوی‌ ژمارە (٢٠٢) لە (٨ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢٢) داوامانکرد وەزارەتی‌ شەهیدان کە پێویستە وەزارەتی‌ پارێزەرو خزمەتکاری‌ کەس‌و کاری‌ شەهیدان بێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەر کارەکانى خۆى و حکومەت بۆ هەڵەبجەو دۆسیەى جینۆسایدى هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور، ڕوونیبکاتەوە چی‌ کردووە بۆ هەموو ئەو دۆسیانە؟ لەنێوان دوو شانزەی‌ سێدا بۆچی‌ دۆخەکە هەر وەک خۆی‌ وایە؟ حکومەت لە دۆخی‌ دارایی‌ باشی‌ لەمجۆرەدا نەتوانێت خزمەتی‌ کەس‌و کاری‌ شەهیدان‌و جینۆسایدی‌ هەڵەبجەدا بکات، کەی‌ دەتوانێت؟

عومەر گوڵپی‌

ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کورستان

١٤ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢٢


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 286,018     ژمارەی میوان 588