بەدواداچوون بۆ گرێبەستى ئەلیکترۆنى ئۆتۆمبیل و پارەى خۆڵ و خاشاک
2022-01-17
438 جار خوێندراوەتەوە
" لە (کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک) و ڕێنمایی (گرێبەستی ئەلیکترۆنی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل) سەرپێچی یاساو بنەما دەستورییەکان کراوە، داوامان کرد هەڵوەشێنەوە"
 
بەدواداچوون:
 
بە پێی‌ بڕگەی‌ (یەکەم) لە ماددەی‌ (٢٨)ی‌ دەستور، هیچ "باج" و "ڕسومات"ێک وەرناگیرێت، هەروەها لێخۆشبوونی‌ بۆ ناکرێت، تەنها بە یاسا نەبێت، هەربۆیە شێوازی‌ وەرگرتنی‌ پارەی‌ خۆڵ‌و خاشاک لەلایەن شارەوانی‌ و هێندێک ڕسوماتی‌ تری‌ شارەوانی‌ و سەپاندنی‌ گرێبەستی‌ ئەلیکترۆنی‌‌و ژمارەیەک ڕسوماتی‌ تر بە ڕێنماییەک بەسەر کڕیارو فرۆشیاری‌ ئۆتۆمبیل‌و پێشانگاو کۆمپانیاکانی‌ ئۆتۆمبیل پێچەوانەی‌ یاسان‌و پێویستە دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێنەوە، هەربۆیە بە نووسراوی‌ ژمارە (١٣٥) لە (٩ی‌ ١ی‌ ٢٠٢٢) داوامانکردووە ئەم دوو بڕیارو رینماییە هەڵوەشێنەوە:
 
١ـ ئەو کرێ و ڕسومات و سزایانەی‌ لە رێنمایی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ، ژمارە (٣)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)ی‌ ڕێکخستنی‌ کاری‌ کۆمپانیاکانی‌ هاوردەکردن و گواستنەوەو فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبیل و پێشانگاکانی‌ فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبیلدا هاتوون کە بوونەتە هۆی‌ بارگرانی‌ بەسەرشانی‌ هاووڵاتیان‌و پەکخستنی‌ کاری‌ پێشانگاو کڕیارو فرۆشیاری‌ ئۆتۆمبیل.
 
٢ـ کۆکردنەوەی‌ پارەی‌ خۆڵ و خاشاک لەڕێگەی‌ کۆمپانیاوە کە پشتی‌ بە بڕیاری‌ ژمارە (٩١)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)ی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بەستووەو تا ئێستا تەنها لە شاری‌ سلێمانی‌ خراوەتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا بە پێی‌ بڕگەی‌ (یەکەم)ی‌ ماددەی‌ (دوو)ی‌ یاسای‌ ژمارە (١٣٠)ی‌ ساڵی‌ (١٩٦٣)، یاسای‌ داهاتی‌ شارەوانیەکان، بەرکار لە هەرێمی‌ کوردستان، هەموو پارەی‌ ڕسومات و کرێی‌ ئەو خزمەتگوزارییانەی‌ شارەوانیەکان پێشکەشی‌ دەکەن بە تەنها لە ڕێگەی‌ کارمەندی‌ شارەوانیەوە کۆدەکرێنەوەو بەهیچ جۆرێک نابێت بدرێن بە کۆمپانیا، ئەمە بێجگە لەوەی‌ هەموو کرێ و ڕسوماتەکانی‌ شارەوانی‌ بە یاسا دەستنیشانکراون و بە بڕیارو ڕێنمایی‌ حکومەت هەموار ناکرێن، هەربۆیە پشت بەستن بە بڕیاری‌ ژمارە (٩١)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)و بڕیاری‌ ژمارە (١٢٦)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٧) تایبەت بە ڕێکخستنەوەی‌ ڕسوماتی‌ شارەوانیەکان هەڵەیە.
 
دەستبردن بۆ زیادکردنی‌ ڕسومات‌و کرێی‌ خزمەتگوزاریی‌‌و شێوازی‌ کۆکردنەوەی‌ لە دەرەوەی‌ یاسا، هەڵەیەکی‌ کوشندەیە، لە چەندین بوار حکومەت سەرقاڵی‌ ئەم کارەیە، ئەمە بێجگە لە نایاسایبوونی‌، دەبێتە هۆی‌ بارگرانی‌ بۆ ژیانی‌ هاووڵاتیان، چونکە لە بنەمادا ڕەچاوی‌ ژیانی‌ هاووڵاتی‌‌و کارو کەسابەت‌و ئاستی‌ بژێوی‌ نەکراوەو تەنها بیر لەوە کراوەتەوە داهات زیادبکرێت‌و ژمارەیەک کۆمپانیا ببنە خاوەنی‌ پارەو پوولی‌ زیاتر! بۆیە ئێمە دژی‌ ئەبین‌و هەوڵی‌ هەڵوەشاندنەوەیان دەدەین، لەم کارەشدا لیژنەکانی‌ (یاسا، دارایی‌‌و ئابوری‌، شارەوانی‌‌و گەشت‌و گوزار) لە پەرلەمانی‌ کوردستان ئەرکی‌ گەورەیان لەسەرشانە‌و چاوەڕوانی‌ وەڵامدانەوەی داوای‌ هاووڵاتیانیان لێ دەکرێت.
 
لەبری‌ ئەمجۆرە بڕیارو ڕێنماییانە، ڕێگەی‌ ڕاست ئەوەیە حکومەت کار بە یاساکان بکات‌و لەهەر بوارێک پێی‌ وایە پێویستی‌ بە یاسا یان هەمواری‌ یاسا هەیە پێشنیاری‌ خۆی‌ ئاراستەی‌ پەرلەمان بکات، ئەگەرنا بەمشێوازەی‌ کارکردن ئەنجومەنی‌ وەزیران جێگەی‌ هەموو دەسەڵاتەکان دەگرێتەوە، باری‌ ژیانی‌ هاووڵاتیانیش ڕۆژ بەڕۆژ قورستر دەبێت.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٩ی‌ ١ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,574     ژمارەی میوان 578