بە فەرمی داوای پێدانی دەرماڵە بە خوێندكاران دەكرێت
2021-11-16
279 جار خوێندراوەتەوە

خەڵك میدیا -
فشارەكانی پەڕلەمانتاران بۆ پێدانی دەرماڵە بە خوێندكاران دەچێتە چوارچێوەی فەرمییەوە و بە یاداشتی واژۆكراو داوای كۆبوونەوەی پەڕلەمان دەكرێت بۆ گێڕانەوەی ئەو دەرماڵەیە، كە 5 ساڵە ڕاگیراوە.

ئەمڕۆ (٤٨) پەڕلەمانتار یاداشتێكی واژۆكراویان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان كردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەت بە (گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان) كە لەساڵی(2015-2016)وە بڕاوە.

عومەر گوڵپی، ‌ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەڕلەمانی‌ كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بە هەردوو نووسراوی‌ ژمارە (١٤٣ و ١٤٤) لە ڕۆژی‌ (٢١ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١)، بەدواداچوونمان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی‌ دەرماڵەی‌ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، كە نزیكەی‌ پێنج ساڵە ڕاگیراوە، ئەوەش بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغدا و دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش.

وتیشی، لە ئێستادا دۆخی‌ شەڕ تەواو بووە و نرخی‌ نەوت بەرزبۆتەوە و داهاتەكانی‌ تریش زیادبوون‌ و بڕە پارەیەكیش لە بەغداوە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ بودجە مانگانە دەگاتە هەرێمی‌ كوردستان و هەموو ئەمانەش بوونەتەهۆی‌ باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌، بەجۆرێك حكومەت توانای‌ خەرجكردنی‌ مووچەی‌ تەواوەتی‌ هەیە و خەرجكردنی‌ پارەش بۆ هەندێك پڕۆژە دەستپێكراوەتەوە”.

ئاشكراشی كردووە، بەزانینی‌ ئەوەی‌ ژمارەی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆ و پەیمانگا نزیكەی‌ (١٣٠ هەزار) خوێندكارن، بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ پێویستە بۆ خەرجكردنی‌ دەرماڵەكە زۆر نیە و تەنها نزیكەی‌ (٥٠ ملیار دینار)ە بۆ هەموو ساڵەكە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,672     ژمارەی میوان 281