وەرگرتنی ئەو پارانە لە خاڵە سنورییەکان بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە
2021-11-03
275 جار خوێندراوەتەوە
عومەر گوڵپی بۆ ڕووداو: "وەرگرتنی ئەو پارانە لە خاڵە سنورییەکان بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە و هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتی و حکومەتەوە نییە"
 
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک دەبێت شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان مانیان لە کارکردن گرتووە و هۆکارەکەشی بۆ دانانی سۆنەری پشکنین و چەند هۆکارێکی دیکە دەگەڕێننەوە، ئەندامێکی لیژنەی داراییش لە پەرلەمانی کوردستان کە سەردانی مەرزەکەی کردووە پێیوایە "وەرگرتنی ئەو پارانە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە و هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتی و حکومەوەتەوە نییە".
 
رۆژی دووشەممە 01-11-2021، ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێرانی بارهەڵگرەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان گردبوونەوە، کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک دەبێت مانیان گرتووە. هۆکاری مانگرتەنەکەشیان وەک خۆیان دەڵێن بۆ ئەو بڕە پارانەیە کە لەژێر چەندین ناوەوە لێیان وەردەگیرێت.
 
یەکێک لەو شۆفێرانە لەبارەی کێشەکانیانەوە قسەی بۆ هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان کرد و گوتی: "لە پای درێژەپێدانی ئەو هەموو قۆرخکاری و گەندەڵییەی چ لەلایەن حیزب و چ لەلایەن حکومەتەوە دەکرێت، کە پاڵنەری ئەو هەموو گەندەڵییە حیزبە، لەپای یەک کێشەو یەک هۆکار نەهاتووینەتە ئێرە، بەڵکو دەیان کێشەو سەتان کێشەو ئامانجمان هەیە".
 
بە گوتەی ئەو شۆفێرە کۆتا کێشەی ئەوان "بەکارخستنی سۆنەری پشکنینە، کە لە هەموو دونیادا سۆنەری پشکنین بۆ کەرتی حکومییە بۆ ئەمنیەتە. ئەمنیەت لە هیچ شوێنێکدا نەبووە بە دەستی کەرتی تایبەتەوە بێت، بەڵام ئێستا حکومەت بە ناوی ئەمنیەت و پشکنین و سۆنەری هێناوەو بڕی 25 دۆلار لە شۆفێران وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەش چەندین کێشەو گرفتی دیکەمان هەیە، کە وایکردووە هەرچی بار و بازرگانی مەرزەکە هەیە بچێتەوە مەرزەکانی خوارووی عێراق و قەیرانی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دروست ببێت".
 
هاوکات عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان کە سەردانی مەرزەکەی کردبوو، بۆ پەیامنێری رووداو قسەی کرد و گوتی: "داواکاری ئەو شۆفێرانە، داواکارییەکی راست و رەوایە. ئەویش ئەوەیە ئەو هەموو باج و رسومات و سەرانەیەی کە لە خاڵە سنوورییەکان وەردەگیرێت، بووەتە هۆی ئەوەی هەم هاووڵاتی باجی ئەو گرانییە ئەو پارە زیادانە بدات، هەم هاتووچۆی گومرگی لێرەوە کەم ببێتەوە و شۆفێران کاریان کەمتر دەستبکەوێت".
 
بە گوتەی عومەر گوڵپی لە خاڵە سنوورییەکان "چەند جۆرە پارەیەک بەبێ یاسا وەردەگیرێت، بۆ نموونە ئەوەی پەیوەندی بە دڵنیایی ئۆتۆمبێلەکانەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بە دەرمانکردنی ئۆتۆمبێلەکانەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بە سۆنەرەوە هەیە، لەگەڵ هەندێک پارەو رسوماتی دیکە. من لە بەدوداچوونی خۆم بۆ دەرکەوتووە وەرگرتنی ئەو پارانە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە و هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتی و حکومەوەتەوە نییە".
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئەو کۆمپانیایانەش کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە 80٪ی داهاتەکەیان هەر بۆ کۆمپانیاکانە و ناچێتە خەزێنەی گشتی، گرێبەستی کۆمپانیاکانیش بە ناڕوونی و قۆرخکاری دەکرێت و ساڵانە ئەو گرێبەستانە بۆ گرووپێک کۆمپانیا لە هەر خاڵێکی سنووری درێژدەکرێتەوە".
 
عومەر گوڵپی ئاماژە بەوەش دەدات بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردوویانە لەڕێگەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی، "سەرپێچی و گەندەڵییەکی روونە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت نەهاتووەتە ژێر باری راستکردنەوەی. فشار دەکەین و هەوڵ دەدەین، یاداشتێک دەدەمە لیژنەی دارایی و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی بۆ ئەوەی کۆتایی بەو گەندەڵییە و پۆخڵەواتە بهێندرێت، هەم هاووڵاتی باجی گرانبوونی کاڵاکان نەدات، هەم شۆفێرانیش کاریان باشتر دەستکەوێت و بازرگان ناچار نەبێت خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەو خاڵە بەجێبهێڵیت و بچێت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بارەکانی داخڵ بکات".

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,743     ژمارەی میوان 74