دەسەڵات نایەوێت دامەزراوەیەک هەبێت چاودێرى کارەکانى بکات
2021-10-29
205 جار خوێندراوەتەوە

دڵشاد ئەنوەر، ڕاپۆرتى دەنگى ئەمریکا لەسەر کێشەکانى پەرلەمان لە ٢٨ى ١٠ى ٢٠٢١:

کێشە و ئاڵۆزیەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان تا دێت قوڵتر دەبێتەوە، کارگەیشتە یەکتری تۆمەتبارکردن بە "جنێودان" بەیەکتری، ئەمەش دوای بەردەوامبوونی مشتومڕی نێوان فراکسیۆنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و چەندین جار هێرشکردنە سەر یەکتری.

لەدانیشتنی چەند ڕۆژی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستاندا، مشتومڕ لەنێوان فراکسیۆنەکان دروستبوو، بەشێک لە فراکسیۆنەکان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد و داوای سزادانی جەلال پەرێشان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتییان کرد، بەتۆمەتی قسەوتنی "نەشیاو" بە شایەن کاکە ساڵەح ی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان.

ئەرشەد حسێن پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت "کاک جەلال ئەو قسەی نەکردبوو، کە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، لەوانەیە قسەیەکی کردبێت بەدڵی ئێمە نەبووبێت، بەڵام قسەکەی پەرچەکرداربوو بەرامبەر قسەی پەرلەمانتارێک، بە پارتی."

زۆرترین ڕەخنە لە ئەدای ئەم خولەی پەرلەمان و پەرلەمانتارەکانی دەگیرێت، بەوەی "ناشارەزان" و کارەکانیان هێندەی بۆ موزایەدە و میدیایە، هێندە سەرقاڵ نین بە ئەرکی پەرلەمانتاریەوە، کە بریتیە لە یاسادانان و چاودێریکردنی ئیشەکانی حکومەت.

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، هەرچەندە پێیوایە ئەم خولەی پەرلەمان کۆمەڵێک پەرلەمانتاری جدی و دڵسۆزی تێدایە، بەڵام نکۆڵی لە نزمی ئاستی پەرلەمانتاران ناکات، دەڵێت "دەبێت حیزبەکان کاندیدی شایستە دانێن و خەڵکیش بەهۆشیاریەوە کاندید هەڵبژێرێت، چونکە پەرلەمان دەبێت نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی تێدابێت، ناکرێت 50%ی پەرلەمانتاران پێشتر لە سلکی سەربازیدا بن، بەشێکی زۆریشیان ڕۆژنامەنوس بن، دواجار دەسەڵاتیش بەرپرسیارە لە خراپی و باشی پەرلەمان، چونکە هەوڵی لاوازکردنی دەدات."

بەبڕوای عومەر گوڵپی، دەسەڵاتی سیاسی و جێبەجێکردن نایانەوێت دەسەڵاتێکی ئەکتیڤ هەبێت و چاودێریان بکات، وتی"بۆیە حیزب بەرپرسە لەوەی کێ کاندید دەکات، خەڵکیش بەرپرسە لەوەی کێ هەڵدەبژێرێت."

بەشێک لە پەرلەمانتاران، هۆکاری خراپی ئەدای پەرلەمان و ڕەخنەکانی سەریان بۆ لاوازی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەگێڕنەوە، کە سەرۆکەکەی یەکێتی و جێگرەکەی پارتی و سکرتێرەکەی کاندیدی تورکمانە، بەوەی پەیڕەوی ناوخۆ پێشێل دەکەن و هەماهەنگی پێویست لەنێوانیان نیە.

هاوڕێ مەلا ستار ئەدامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، پێیوایە ئەم خولەی پەرلەمان هێندەی پەرلەمانتاری ئازا و ئازادی تێدایە لەهیچ خولێکی تردا نەبووە، بەڵام وەکئەو دەڵێت"سەرۆکایەتی پەرلەمان لاوازە، ناتوانێت بەرامبەر حکومەت ڕاوەستێت و کاری ناپەیڕەوی دەکات، بۆیە دەرەئەنجام موناقەشەی ناپەیرەوی دروست دەبێت."

جەختیشیکردەوە"سەرۆکایەتی پەرلەمان تا ئەندازەیەکی زۆر پەرلەمانی بێ هەیبەت کردووە و شکۆی شکاندووە."

بەڵام ئەرشەد حسێنی پەرلەمانتاری پارتی دۆخەکە جیاوازتر دەبینێت و ئاماژەبەوەدەکات هەندێک لەپەرلەمانتاران پابەندی پەیڕەوی ناوخۆ نابن، زیاتر سەرقاڵی موزایەدە و یەکتری شکاندن، وتی"ئەم خولە لەهەموو خولەکانی تر باشتربووە و زۆرترین وەزیر هێنراوەتە پەرلەمان، بەڵام مەسەلەی کواڵێتی پەرلەمان، بوونی چەند لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن و کاریگەری نێگەتیڤی سۆشیال میدیایە، بەتایبەت کاتێک پەخشی دانیشتنەکانی پەرلەمان ڕادەگیرێت، گفتووگۆکان زۆر نەرمن."


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,858     ژمارەی میوان 110