ڕەخنەکانمان سیاسین؟
2021-10-03
518 جار خوێندراوەتەوە
 
(وەڵامێک بۆ سەرۆکی‌ ئەنجومەنى وەزیران)
 
ـ بە یاسا، بڕو کاتی‌ مووچەی‌ فەرمانبەر دیاریکراوە، بەڵام ئەوە شەش ساڵە حکومەتەکەتان پابەندی نیە و ئێمەش ئەم ڕەخنانە دەگرین، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ حکومەت هەشت ساڵه‌ یاسای‌ بودجەی‌ نییە، کە لە هەمانکاتدا بووەتە هۆى پەکخستنى یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی‌ پەرلەمان، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ یاسا لەسەر حکومەت پێویست دەکات، سندوقی‌ کوردستان بۆ داهاتە نەوتییەکان دروست بکەن، ئێوە نایکەن، لەسەرتان پێویستە دەکات فرۆشتن‌و داهات‌‌ى نەوت ئاشکرا بکەن، ئێوە نایکەن، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ یاسا لەسەرتانی‌ پێویست دەکات، خزمەتگوزاریی‌ پێشکەش بکەن، ئێوە نایکەن، هەزاران هاووڵاتی‌ لە چەندین گەڕەکی‌ شارو شارۆچکە جیاوازەکان بێ بەشن لە ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ، شەقام‌و ڕێگەوبان، قوتابخانەو نەخۆشخانەی‌ پێویست، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ یاسا لەسەرتانی‌ پێویست دەکات، داهاتی‌ گومرگ، باج، ڕسومات ئاشکرا بکەن، ئێوە نایکەن، خەرجییەکان ئاشکرا بکەن، ئێوە نایکەن، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ ئێوە لەسەرتان پێویستە، دامەزراندن‌ بکەنەوەو هەلی‌ کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن، ئێوە نایکەن، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ بە پێى ڕێنمایى حکومەتەکەتان ئەبێت دوای‌ سێ ساڵ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست بکەنە هەمیشەیی‌، ئێوە پانزە ساڵە نەتانکردوون، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ یاسا لەسەرتانی‌ پێویست دەکات، گەندەڵەکان بدەنە دادگا، ئێوە نایاندەنە دادگا، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ باج بە یاسا ڕێکخراوە، نابێت بەڕێنمایی و بڕیار زیاد بکرێت، ئێوە زیادی‌ دەکەن، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ بە پێی‌ یاسا هەر هاووڵاتیەک کەمئەندام بوو، پێویستە حکومەت مانگانە بڕی‌ (١٥٠ هەزار) دیناری‌ بۆ تەرخان بکات، ئەوە نۆ ساڵەحکومەتەکەتان نایکات، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ بەپێی‌ یاسا، ئەبێت حکومەت چاودێری‌ مافی‌ کرێکاران بکات، بیانپارێزێت، ئێوە نایکەن، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ ئێوە شەش ساڵە ئەو بڕە پارە کەمەی‌ كە هەژارەكان هەیانبوو کە تەنها (١٥٠ هەزار) دیناربوو، بڕیوتانە، ئەم ڕەخنەیە سیاسیە؟
 
ـ بە پێی‌ یاسا، پێویستە زەوی‌‌و یەکەی‌ نیشتەجێبوون بۆ خێزانەکان دابین بکەن، ئێوە نایکەن، ئەم ڕەخنەیە سیاسییە؟
 
ـ بە پێی یاسا، لەسەر حکومەت پێویستە سندوقی‌ خانەنشینی هەبێت، ئەوە بە درێژایی‌ تەمەنی‌ نۆ کابینەیە ئەم سندوقەتان دروست نەکرد، مووچەى خانەنشینان دەخۆن، لێیان دەبڕن، ئەم ڕەخنەیە سیاسیە؟
 
ئێوە لە حکومەت یاساکانتان وەلا ناون‌و بە میزاجی‌ خۆتان حکومەت بەڕێوە دەبەن، ئەتانەوێت خەڵک چیتان پێ بڵێت؟
 
عومەر گوڵپى
ئەندامى پەرلەمانى کوردستان
٣ى ١٠ى ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,537     ژمارەی میوان 335