بەدواداچوون بۆ دەستپێکردنەوەى دەرماڵەى قوتابیانى زانکۆو پەیمانگا
2021-09-21
296 جار خوێندراوەتەوە
 
بە هەردوو نووسراوی‌ ژمارە (١٤٣ و ١٤٤) لە رۆژی‌ (٢١ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١)، بەدواداچوونمان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی‌ دەرماڵەی‌ قوتابیانی‌ زانکۆو پەیمانگا کە نزیکەی‌ پێنج ساڵە ڕاگیراوە، ئەوەش بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغداو دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش، بەڵام لە ئێستەدا دۆخی‌ شەڕ تەواو بووەو نرخی‌ نەوت بەرزبووەتەوەو داهاتەکانی‌ تریش زیاد بوون‌و بڕە پارەیەکیش لە بەغداوە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ بودجە مانگانە دەگاتە هەرێمی‌ کوردستان، و هەموو ئەمانەش بوونەتە هۆی‌ باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌، بەجۆرێک حکومەت توانای‌ خەرجکردنی‌ مووچەی‌ تەواوەتی‌ هەیەو خەرجکردنی‌ پارەش بۆ هێندێک پڕۆژە دەست پێکراوەتەوە.
 
سەدان‌و هەزاران قوتابی‌ لە دۆخێکی‌ سەختی‌ ژیان‌و گوزەراندا دەست بە ساڵێکی‌ نوێی‌ خوێندن دەکەن، بەتایبەت قوتابیانی‌ هەژار ئەوانەی‌ کە خێزانەکانیان هیچ سەرچاوەیەکی‌ داهاتیان نییە لە دۆخێکی‌ سەخی‌ بژێویدان، ئایا ئەکرێت دەست لە خوێندن هەڵگرن بەهۆی‌ هەژاری‌‌و نەبوونی‌ توانای‌ دابینکردنی‌ پێویستی‌‌و خەرجییەکانی‌ خوێندن؟ ئایا دەکرێت قوتابیانی‌ هەژار هەر چاوەرێی‌ دەستی‌ چاکەکاران‌و خێرخوازو گروپی‌ خێرخوازی‌ بن تا پێویستیەکانی‌ ژیان‌و خوێندنیان بۆ دابین بکات؟ خوێندن لە وڵاتێکدا کە ڕۆژانە نزیکەی‌ (٤٠٠ هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی‌ سەرو (٦٠ دۆلار) بفرۆشێت، دەکرێت بەمجۆرە بێت؟
 
لە ئێستەدا داهاتی‌ هەرێمی‌ کوردستان زیاترە لە یەک ترلیۆن‌و سەد ملیار دیناری‌ مانگانە، بە دڵنیاییەوە توانای‌ پێویست بەردەستە بۆ خەرجکردنەوەی‌ ئەم دەرماڵەیە کە پاڵپشتیەکی‌ گەورەیە بۆ قوتابیان.
 
بەزانینی‌ ئەوەی‌ ژمارەی‌ قوتابیانی‌ زانکۆو پەیمانگا نزیکەی‌ (١٣٠ هەزار) قوتابیە، بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ پێویستە بۆ خەرجکردنی‌ دەرماڵەکە زۆر نیەو تەنها نزیکەی‌ (٥٠ ملیار دینار)ە بۆ هەموو ساڵەکە، بە پێی‌ زانیاریی‌ ئێمە توانای‌ پێویست بۆ خەرجکردنی‌ ئەو بڕە پارەیە لە هەرێمی‌ کوردستان لەبەردەستە.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٢١ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,520     ژمارەی میوان 340