وەڵامى چەند بۆچوون و ڕەخنەیەک لەسەر هەڵبژاردنەکانى ئەمجارەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق
2021-09-18
956 جار خوێندراوەتەوە
 
* بۆچى هەڵبژاردنى ئەمجارە جیاوازە؟
هەڵبژاردنى ئەمجارە، کە بەشێوەى بازنەى بچوک بچوکەو بۆ هەر سەد هەزار هاووڵاتى نوێنەرێک دانراوە، یەکەمجارە لە عێراق تاقیدەکرێتەوە، ئەمەش یەکێک لە جیاوازییەکانى هەڵبژاردنى ئەمجارەیە، کە وێڕاى لایەنە نەرێنیەکانى، خاڵى ئەرێنیەکەى ئەوەیە کە کاندید دەزانێت سنورى دەنگدەرەکانى کامەیەو لەلایەکى ترەوە هاووڵاتیانیش دەزانن نوێنەرانى ئەوان لەو بازنەیە کێن، هەربۆیە باشتر ئەتوانن چاودێریان بکەن و پەیوەندیان پێوە بکەن و لێشیان بپرسنەوە.
...
* سیستمى هەڵبژاردنى ئەمجارە بۆچى مەترسییە بۆ ئۆپۆزسیۆن و لایەنەکانى دەرەوەى دەسەڵات؟
شێوازى هەڵبژاردنى ئەمجارە، کە لەلایەن زۆرینەى پەرلەمانیەوە کرایە یاساى هەڵبژاردن، بە قازانجى ئەو حزبانەیە کە چەک و پارەو دەسەڵاتیان لەبەردەستە، چونکە لە ڕێگەى چەک و پارەو دەسەڵاتەکەیانەوە دەرفەتى ئەوەیان زیاترە کە دەنگى زیاتر بەدەستبهێنن و زۆرینەى بازنەکان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، ئەمە بێجگە لە هەوڵى نەزویرو فرت و فێڵ، بەتایبەت لە دۆخێکدا کە ڕێژەى بەشدارى هەڵبژاردنەکان لەساڵانى ڕابردوودا بەردەوام ڕووى لە داکشان بووە، داکشان و کەمبوونەوەى بەشدارى هاووڵاتیانیش لە دەرئەنجامى تووڕەیى و ناڕەزاییە لە ئەداى حکومڕانى، کە خودى حزبەکانى دەسەڵات لێی بەرپرسن، بەڵام باجەکە لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و ناڕازى دەیدەن.
...
* بۆچى بەشدارى بکەم؟ لایەنەکان چیان بۆ کردووم؟
ئەم پرسیارەى سەرەوە یەکێک لە ڕەخنە زۆر بڵاوەکانە، بێگومان زیاتر لەلایەن هاووڵاتیانى سادەوە یان ئاستى ڕۆشنبیرى لاوازەوە ئاراستە دەکرێت، ئەمەش پرسیارى تر بەدواى خۆیدا دەهێنێت، لەکێ ناڕازیت؟ ئەبوو چیت بۆ بکرێت؟ کێ بیکات؟
بێگومان ئەو لایەنەى هاووڵاتى لێى ناڕازییە بریتیە لەو لایەنەى حکومەتى پێکهێناوەو بریارو پارەى لەبەردەست بووە بەهۆى بوونى لە پێگەو وەزارەتەکانى حکومەتەوە، لە کوردستان یان بەغدا، ئەوان بوون نەیانتوانیوە ژیانێکى شایستە بۆ هاووڵاتى دابین بکەن، خزمەتگوزارى باش بکەن و وەڵامى داواو ناڕەزایى هاووڵاتیان بدەنەوە، بە نەچوون و بەشدارینەکردن لە دەنگدان دیسان هەر ئەو لایەنانە قازانج دەکەن کە تۆى هاووڵاتى ناڕازیت لێیان، چونکە لایەنى ئۆپۆزسیۆن و حزب و پەرلەمانتارو دەنگى ناڕازى نە وەزارەت، نە پارە، نە بڕیارى لەبەردەست نەبووە تا وەڵامى خواستى تۆى هاووڵاتى بداتەوە، خزمەتگوزاریت پێشکەش بکات و مووچە وەک خۆى بدات و هەلى کار بڕەخسێنێت و ئاوو کارەباو شەقام و رێگەو بانت بۆ چاک بکات، چونکە ئەگەر ئەوانەمان لەدەسەڵات و توانادا بووایە کەواتە ئێمە کەى ئۆپۆزسیۆن بووین؟ بەڵکو بەشێک بووین لەدەسەڵات.
کەواتە ئێمە لە حکومەت و دەسەڵات نەبووین تا ئەوەى پێویستە بۆ خزمەتکردنى تۆى هاووڵاتى لە ڕێگەى حکومەت و وەزارەت و دامەزراوەکانیەوە بیکەین، بەڵکو لە برى ئەوە ئەوەى توانیومانە لە بەغداو لە کوردستان نوێنەرایەتى دەنگى ناڕازى تۆمان کردووەو پشتیوانى هیچ پرۆسەیەک نەبووین لەبەرژەوەندى هاووڵاتى نەبێت، و بەو ڕێگەو وەسیلە پەرلەمانیانەى لەبەردەستماندا بووە دژى گەندەڵى و خراپەکارى و گەندەڵکاران بووین، هەر ئەمەش لە دەسەڵاتى پەرلەمانتاردایە.
...
* بۆچى بەشدارى بکەم، خۆ هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نادات؟
لەو وڵاتانەى خاوەنى سیستمى پێشکەوتوو نین، شێوازى حکومڕانیان خاوەنى دامەزراوە نییە، هاووڵاتى تەنها چوار ساڵ جارێک پرسى پێ دەکرێت، دواى ئەو چوار ساڵە ئیتر حزبەکانى دەسەڵات و پێکهێنەرى حکومەت و زۆرینەى پەرلەمانى فەرامۆشى دەکەن و تا چوار ساڵى تر لێى ناپرسنەوە، بەڵام ئایا لەو چوارساڵ جارەدا هاووڵاتى چى بکات؟ بایکۆت بکات و نەچێت دەنگ بدات؟ یان بەشدارى بکات و دەنگ دژى ئەو کەس و لایەنانە بدات کە لە ئاست خواستى ئەو نین و حسابى بۆ ناکەن و ڕەچاوى دەنگ و ناڕەزاییەکانى ناکەن؟
بێگومان هاووڵاتى ژیرو بەتواناو ڕۆشنبیرو خاوەن ئیرادە دەچێت بەشدارى دەکات و ئیرادەى خۆى بەکاردەهێنێت و دژى ئەو لایەنەنانە دەنگ ئەدات کە وڵاتیان بەم ئاقارە خراپ و مەترسیدارەدا بردووە، لەمبارەیەوە ویژدانى خۆى ئاسودە دەکات و لە برى ناڕەزایى نەرێنى بێ بەدیل، ناڕەزایى ئەرێنى ئەگرێتە بەرو هەڵوێستى دەبێت، هەڵوێستێکى یاسایى و ویژدانى سەردەمیانە.
...
* من بەشدار بم و بەشدار نەبم، ئەوان هەر زۆرینەن و دەسەڵات تەسلیم ناکەن!
هیچ هەڵبژاردنێک لە کوردستان دەنگى ئۆپۆزسیۆن و ناڕازى نەیتوانیوە پەنجا کۆ یەک بهێنێت، واتە نیوەى دەنگ و کورسییەکانى پەرلەمانى نەهێناوە، واتە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغەى بڵێین خۆ ئەگەر لایەنەکانى دەرەوەى دەسەڵات زۆرینەش بەدەستبهێنن ئەوە ڕێگەیان نادەن حکومەت پێکبهێنن و دەسەڵات بگرنە دەست، لە باشترین حاڵەتدا ئۆپۆزسیۆن خاوەنى چل کورسى زیاتر نەبووە، بەهەمان شێوە هیچ کات لاینەکانى ئۆپۆزسیۆن و ناڕازى نیوەى نوێنەرانى کوردیان لە بەغدا نەبردووەتەوە، بە ڕەچاوکردنى تەزویرو فرت و فێڵ.
پاشان ئایا دەکرێت لەبەر ئەوەى لایەنەکانى دەسەڵات ستەم دەکەن، دیکتاتۆرن، خۆسەپێنن، تەزویر دەکەن بۆ گرتنەوە دەستى دەسەڵات، ئیتر هاووڵاتى ناڕازى بەشدارى نەکات و تۆڵە بکاتەوە لە لایەنى ئۆپۆزسیۆن وناڕازى؟ یان لەو لایەنەى کە بەشێک نین لە خۆسەپاندن و دیکتاتۆرییەت و گەندەڵى؟ ئایا ئەوە سزادانێکى دروستە؟
بێگومان نەخێر، تا ئەو کاتەى بەدیلێکى باشتر بە ئاشتیانە فەراهەم دەبێت، بەشدارى هەڵبژاردنەکان و دەنگدان بە کاندیدو لیستى شایستە تەنها چارەسەرە، خۆ ئەگەر چارەسەرى ترى گونجاو هەبێت کە شەڕو ماڵوێرانى لە دوا نەبێت، ئەوە ئەکرێت هەموو پێکەوە پشتیوان و پشتگیریى بین.
...
* هەڵبژاردن گۆڕانکارى ڕیشەیى دروست ناکات!
ئەوە بۆچوونێکى دروستە کە هەڵبژاردن گۆڕانکاریى ڕیشەیى لە هیچ وڵاتێکدا دروست ناکات، چونکە خودى گۆڕانکاریى بەتەنها وابەستەى هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکو گۆڕانکاریى ڕیشەیى پێویستى بە ژینگەى گونجاوو ئامادە هەیە، پێویستى بە پرۆسەیەکى گەورەى کۆمەڵایەتى و پەروەردەیى هەیە، تا بەهۆى ژینگەى گونجاوو بەرنامەو پڕۆگرامى هەمەلایەنەى کۆمەڵایەیتى و پەروەردەیى و ئابورى و سیاسى گونجاوەوە گۆڕانکاریى لە تاک بە تاکدا ڕووبدات، یان لانى کەم زۆرینەیەکى هوشیارى بە ئاگا دروست دەبێت، نەوەیەکى نوێ لەسەر بنەماو بەهاى پێشکەوتوو و تەندروست پەروەردە کرابێت، چونکە گۆڕانکاریى لە سایەى بوون و ئامادەگى هاووڵاتیەکدا ناکرێت کە ئامادە بێت دەنگەکەى بە چەند دینارێک، یان دەمانچەیەک، یان بەڵێنى درۆینەى دامەزراندن، یان بەڵێنى درۆینەى چەند بارەى خزمەتگوزارى، یان لەسەر بنەماى عەشایەرى و خزمایەتى و خوێن ببەخشێتە حزب و لایەنى گەندەڵ و خراپەکار.
هاووڵاتى هوشیار ئامادە نییە دەنگ بدات و پاڵپشتى لایەنێک بکات بەبێ ئەوەى بزانێت ئایندەى ئەم وڵاتە لە سایەى ئەو فیکرو حزبەدا بە کوێ دەگات، هەربۆیە تا هاووڵاتی وشیار دروست نەبێت، تا نەوەیەکى نوێ پەروەردە نەکرێت، کە بە مێشک و بیرو دڵى خۆى بیر بکاتەوە، بەها باڵاکان لەلای وەک شاخێکى داکوترا بن، باوەڕى بتەوى بەخۆى هەبێت، ژیرانە بیر بکاتەوەو لە برى بیرکردنەوە تەنها لەخۆى بیرى لاى ئایندەى گەل و وڵاتەکەى و بەرژەوەندى گشتى بێت، هەرگیز ئەو گۆڕانکارییە گەورەو ڕیشەییە دروست نابێت، هەربۆشە خواى گەورە ئەفەرموێت: (ان الله لا یغیروا ما بقوم حتى یغیروا ما بانفسهم).
...
* هەمووتان وەک یەکن، هیچ جیاوازیتان نییە!
ئەمە لاوازترین ڕەخنەیە بینیبێتم و بیستبێتم، ئەتوانم بڵێم لاوازترین و بێباکترین ڕەخنەیە، کە هیچ پەیامێکى لە پشت نییە، هیچ بیرکردنەوەیەکى لە پشت نییە، ئەگەرچى لە ڕواڵەتدار خودى ڕەخنەکە بێزارى و ناڕەزاییە لە حزبەکانى دەسەڵات و حکومڕانان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ئەو ئامانجە گەورەیەیە کە حزبەکانى دسەڵات هەیانە، ئەویش یەکسانکردنى خۆیانە لەگەڵ ئەوانەى کە هیچ بریارێکى ئەم وڵاتەیان لا نەبووەو دەستیان لەگەندەڵى و خراپەکاریدا نەبووە.
ئاخر چۆن هیچ جیاوازییەک نییە؟ دزو دەستپاک وەک یەکن؟ کەسێک خۆپیشاندەر بکوژێت وەک ئەوە وایە کە بەشدارە لە خۆپیشاندان و لەگەڵ ناڕەزایى هاووڵاتیاندایە؟ گەندەڵ و بەشدار نەبوو لە گەندەڵى وەک یەکن؟ ئەوانەى کارى باش دەکەن لەکەڵ ئەوانەى خراپە دەکەن وەک یەکن؟ ئەوانەى دەیان کۆمپانیایان دروست کردووە، کۆشک و تەلارى گەورە گەورەیان دروستکردووە، حساب بانکیەکانی وڵاتانیان پڕ کردووە لەپارە، وەک ئەوانە وان کە نەیان کردووە؟ بە پێى چ پێوەرێک؟ بەپێى چ یاسایەک؟ لە کوێى دونیا هەبووە میللەتێک یان هاووڵاتیەک بەمجۆرە بیر بکاتەوە؟
...
* من دەنگ بدەم و تۆ دەوڵەمەند ببیت؟
هەڵبژاردن بۆ دەستنشانکردنى نوێنەرایەتیە، واتە لە بنەمادا هیچ کەس ناچێتە پەرلەمان، تا مووچەکەى بهێنێتەوەو لەگەڵ ئەو هاووڵاتیانەى دەنگیان پێداوە بەشى بکات، وانازانم هیچ کەسێکى ئاقڵیش ئەم داوایەى هەبێت، ئەگەرچى لەهەموو وڵاتان جیاوازى لە نێوان مووچەى ئاست و بەرپرسیارێتیە جیاوازەکان هەیە، بەڵام ئەوەى لە کوردستان و عێراق هەیە کەمێک جیاوازە، جیاوازى گەورەش لەوەوەیە کە بەشێوەیەکى گشتى دادگەریى لە مووچەدا نیە، ئەگەرنا نەوەک مووچە، هەر هیچ پەرلەمانێکیش لە وڵاتدا نەبێت، نە مووچەى خەڵک باش دەبێت، نە کێشە داراییەکانى، بەڵکو کێشەو گرفتەکە لە شوێنى ترە و پەیوەستە بە نەبوونى سیتمێکى حکومڕانى کە کار بکات بۆ بەرپاکردنى دادگەریى و دادگەریى کۆمەڵایەتى.
پاشان ئەم ڕەخنەیە بە نیسبەت ئێمەى کۆمەڵ هیچ زەمینەیەکى نیەو زیادەیە، چونکە تەنها حزبە لە هەموو سەرزەوی نیوەى مووچەى پەرلەمانتارو خاوەن پلەو پۆستەکانى وەردەگرێتەوەو لە ڕێگەى کارو پڕۆژەکانیەوە بەشێکى زۆریان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە خزمەت هاووڵاتیاندا خەرج دەکاتەوە.
ئێمە نە بازرگانى نەوتین، نە دەستمان بەسەر گومرگدا گرتووە، هەربۆیە بەشێک لە بودجەى حزب لە پشکى حزب لە پەرلەمانتارانى سەرچاوەى گرتووە، بە نوێ و کۆنەوە، ئێمە ئەو پارەیە بەرکادەهێنین بۆ بەڕێوەبردن و خەرجییەکانى تەلەفزیۆن، تەلەفزیۆن و ڕادیۆى بانگەوازکارى، بنکەو بارەگاى پەروەردەیى، دامەزراوەو رێکخراوى قوتابیانەو لاوانە، ئەمەش نمونەى لە هیچ وڵاتێکى دونیا نییە، نە عەلمانى نە ئیسلامى، هەربۆیە ئەم ڕەخنەیە بەنسیبەت ئێمەى کۆمەڵ هیچ بەهایەکى نیەو ئەو مووچەیەى بۆ هەر ئەندام پەرلەمانێک دەمێنێتەوە زۆر نزیکە لە دادگەرییەوە بەراورد بە ئاست و پلەو بەرپرسیارێتى پەرلەمانتار، پشت بەخوا لەسەر ئەم شانازییەش دەمێنینەوەو بەردەوام دەبین.
...
* بۆچى هەر ئەم دەم و چاوە دووبارانە، پیاوى ترتان نەبوو؟
 
ئەمە یەکێک لە ڕەخنەکانە، سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە کاندیدبوون، و بوون بە ئەندامى پەرلەمان لاى ئێمە جیاوازەو بەهیچ جۆرێک پەیوەندى بە مووچەى باش و پارەو دەوڵەمەندبوونەوە نییە، بگرە هیچ کەسێکی پلە باڵاش بە مووچەى حەڵاڵ بە چوار ساڵ یان زیاتر دەوڵەمەند نابێت بەو جۆرە دەوڵەمەندییەى ئێستەى بەرپرسانى گەندەڵى عێراق و کوردستان دەیبینین، ئەمە بێجگە لەوەى کە ئێمە نیوەى مووچە لە پلە باڵاکانمان وەردەگرینەوە، تەنانەت بەو پەرلەمانتارانەشى کە خانەنەنشین بوون!
 
پاشان ئەم هەڵبژاردنە جیاواوە، لە ڕووى تەکنیکەوە سەختى تیایە بۆ کاندید، هەموو کەس ناتوانێت بە ئاسانى تەنها بە دەنگى ئەندام و لایەنگرانى خۆى و حزبەکەى سەرکەوێت و دەنگى پێویست بەدەستبهێنێت وەک لە سیستمى یەک بازنەدا هەیە، بەڵکو پێویستى بە کاندیدێک هەیە کەمتر پێویستى بە ناساندن بێت و خۆى ناسراو بێت و ناوبانگى باشى هەبێت، و لە ماوەى بانگەشە خۆى بە شتى لاوەکیەوە سەرقاڵ نەکات کە ناساندنى خۆى و تواناکانى بێت بە دەنگدەران.
 
پاشان یەکێک لەلایەنە باشەکانى ئەمجۆرە کاندیدبوونە بریتیە لە بوونى ئەزموون و شارەزایى، کە بەداخەوە زۆربەى کات کاندیدو دەم و چاوى نوێ زیاتر لە ساڵێکى پێویستە تا لەگەڵ ئەرک و کارەکانى لە پەرلەمان شارەزا دەبێت، ئەوەش کوشتنى کات و توانایەکى زیادەیە.
 
پاشان هیچ رێگرییەک نییە لەوەى کەسێک کە ئیشى سیاسەتە و قاڵبووەوەی ئەم بوارەیە بەردەوام بێت، ئەمە لە وڵاتانى دونیاش زۆرەو زۆر جار ئەندام پەرلەمان و نوێنەرو سیاسییەکان چەندین خول وەزیر یان پەرلەماننار بوون.
 
بە نسیبەت هاووڵاتیەوە ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە نوێنەرەکەى شایستەبێت، بە توانابێت، دڵسۆزبێت، گەندەڵ نەبێت و پشیوانى گەندەڵکاران نەکات، بتوانێت نوێنەرایەتى ئەو بکات، چونکە دواجار لە یەک حزبیشدا هەرگیز ئیمکانیەتى ئەوە نییە کە هەموو کادیرەکانى حزب یەک بە یەک ئەو پۆست و بەرپرسیارێتیانە ببینن، گرنگ بوونى سیستمێکە ڕێگە بە نادادگەریى نەدات لە کاندید بوون، و دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ کادیرانى حزب و دیاریکردنى نوێنەران لەسەر بنەماى کوتلەو کوتلەکارى و خزمایەتى نەبێت.
 
هەروەها ئەوەندەى من ئاگاداربم هیچ کاندیدێکى کۆمەڵ لەسەر داواو سوربوونى خۆى دا نەنراوە، ئەگەرچى ڕەزامەندى خۆشى پێویستە، بەڵکو زۆرینەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى وایان پێ باشبووە لەم قۆناغەى کە سیستمێکى نوێى هەڵبژاردن تاقیدەکرێتەوە بەمجۆرە بەشدارى بکەین.
 
ئەمە بێجگە لەوەى ئەو کەسەى کاندید دەبێت لە کۆمەڵ ڕووبەڕووى ئەرکى زۆر دەبێتەوە، کە بەشێکى زۆر لە ئەرکەکان ماددین و زۆرجار تا ساڵانێکى زۆر کاندیدى سەرنەکەوتوو باجى ئەو خەرجیە زۆرانەى داوە، ئەمەش ئاسان نیە جارێکیتر کاندیدو کادیرى خۆت بخەیتەوە ناو هەڵبژاردنێک کەسەرکەوتنى مسۆگەر نەبێت، بە پێچەوانەى حزبەکانى دەسەڵاتەوە کاندید بوون نەوەک ئەرکە، بەڵکو ئیمیتازەو لەسایەى پارەى مۆڵى هاتوو لەگەندەڵیەوە کاندیدەکان پشتیوانى دارایى زۆر دەکرێن و بگرە لە ڕووى داراییەوە قازانجیش دەکەن.
 
پاشان ئەبێت من و تۆى هاووڵاتى لە بیرمان بێت، کە لە کاتى دەنگداندا حەزناکەین دەنگ بە کەس و کاندیدێک بدەین کە دەرچوونى نزیک نەبێت لە مسۆگەرەوەو ئەگەرى سوتان و بەفیرۆچوونى دەنگەکەکان زۆر بێت، هەربۆیە هاووڵاتى دەنگدەر پێى خۆشە دەنگ بدات بەوانەى کە ئەگەریى دەرچوونیان بەهێزە.
 
دواجار، بەشێک لەو ڕەخنەیەش ڕاستە کە پێویستە کەسانى نوێش بهێنرێنە پێش و پشتیوانیان لێ بکرێت تا بۆ ئەرک و کارى نوێ ئامادەبن، ئەکرێت حزبەکان ئەم بابەتە بە ڕێژەیەک بە هەند وەربگرن، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆى کەمى کاندیدەکانیەوە، کۆمەڵ دووبارەبوون بە کاندیدەکانیەوە دیارە، ئەگەرنا لە کۆتا هەڵبژاردنى کوردستان، لە کۆى نزیکەى پەنجا کاندید تەنها چواریان دووبارە بوون، ئەوانیتر نوێ بوون.
...
* ئێوە لە داواى شەرعى خواوە هاتوونەتە سەر دژایەتى گەندەڵى!
 
یەکێیتر لە ڕەخنەکان ئەمەیە، ئەم ڕەخنەیەش هیچ وردەکارییەکى تێدا نییە، بۆچى؟ چونکە:
 
١ـ ئێمە نەمانوتوەو ناشڵێین بە پەرلەمان حوکمى شەرع دەگەڕێنینەوە، بەڵکو وتومانە ئەمە وەسیلەیەکى باشە بۆ سیاسەت و حکومڕانى، ئەگەر میللەت وشیار بێت و مسوڵمان و تێگەیشوو بێت، ئەوە نوێنەرانى باش بۆ وڵاتەکە دەنێرێتە پەرلەمان، تا وەک پێویستیەکانى ژین و دینى میللەت یاساکان دانێن و چاودیرى حکومەت بکەن.
 
٢ـ شەرع بەزۆر ناکرێتە حاکم بەسەر خەڵکەوە، بەڵکو پێویستە خەڵک و میللەتێک هەبێت خۆى شەرع و ئیسلام و بەرنامەى خواى پەسەند بێت، پاشان ئیتر پێویست بەزۆر ناکات، چونکە خۆى سیستمى خراپى دوور لە مسوڵمانێتى قبوڵ نیە، پاشان هەر شتێک بە زۆر بچەسپێنرێت، ئەوە نەوەک سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو مرۆڤى مونافیق و دووڕوو دروست دەکات، کە دۆخەکەیان لەڕووى شەرعەوە لە کافر خراپترە.
 
٣ـ کارى ئێمە تەنها هەڵبژاردن و پەرلەمان نییە، بەڵکو دەیان ڕێکخراوو دەزگاو میدیامان هەیە، کە کار دەکەن بۆ پەروەردەکردنى مرۆڤى مسوڵمانى تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، خواناس و دڵسۆز بۆ گەل و میللەت و وڵاتەکەى.
 
٤ـ ئایا لادانى ستەم، نەهێشتنى برسێتى، دژایەتى گەندەڵى، هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەى پارەى وڵات بۆ خەڵکى وڵات، بەرپاکردنى دادگەریى و دادگەریى کۆمەڵایەتى، لە شەرعدا جێى نابێتەوە؟ ئایا مرۆڤى مسوڵمان تەنها نوێژو ڕۆژوى خۆى دەکات و کارى بەسەر گەندەڵى و خراپەکارى و فەسادو دزى و ستەمکاریى و هەژارکردنى خەڵکەوە نییە؟ ئایا مرۆڤى مسوڵمان لەنێوان بوون و نەبوونى شەقامى باش، بوون و نەبوونى نەخۆشخانەى باش، بوون و نەبوونى پارک و بازاڕى پێشکەوتوو، بوون و نەبوونى نەخۆشخانەى باش، بوون و نەبوونى ئاوى خواردنەوەو کارەبا، بێ لایەنە؟ ئایا مسوڵمان هیچ پەیوەندى بە ژیانى میللەتەکەیەوە نییە؟ ئایا شەرعى خوا پشتیوانى مرۆڤەکانى تیا نییە بۆ کارى باشە؟ ئایا شەرعى خوا تەنها و تەنها بۆ کاروبارى قیامەتەو پەیوەندى بە دونیاوە نییە؟ ئایا مرۆڤى مسوڵمان تەنها لەگەڵ مرۆڤى مسوڵمان دەتوانێت هاوکار بێت؟ ئایا کارى باشى کافرو خوا نەناس و هەڵگرانى دین و ئاینەکانى تر پەسەند ناکات و لەگەڵیان هاوکار نابێت؟
 
 
بێگومان نەخێر، مسوڵمان هەموو ئەوەى پەیوەندى بە ژیانێکى باش و بەختەوەرو خزمەتگوزارییەوە هەیە، بە کارى خۆى دەزانێت، بە ئەرکى خۆى دەزانێت، ژیانى خەڵک، ژیانى شارو وڵاتەکەى بە هى خۆى دەزانێت، خەڵک ناسڕێتەوەو پێکەوە هاوکار دەبێت، لەمبارەیەوە دەیان بەڵگەى شەرعى هەن، ڕووداوى مێژوویى هەن، هاوپەیمانێتى ناسراو بە هاوپەیمانێتى فزوڵ (حلف الفضول) یەکێکیانە کە پێغەمبەرى خوا (درودى خواى لەسەر) بەشدارى تێدا کردووەو فەرموویەتى ئەگەر دووبارەش ببێتەوە بەشدار دەبم تیایدا، پەیماننامەى مەدینە لەنێوان مسوڵمانان و جولەکەکان لە مەدینە بۆ بەرێوەبردنى شارو پاراستن و دابینکردنى ئەمن و ئاسایش و بەرگرى لە شارەکە، نمونەیەکى ترى زیندووە.
 
پاشان ئەگەر میللەت هەمووى مسوڵمان بوو، شەرعى خوا حاکم بوو، ئیتر وڵات پێویستى بە پەرلەمان و هەڵبژاردن نابێت؟ وڵات بدەینە دەست کەسێک یان گروپێک بەئەقڵى خۆیان بەرێوەى بەرن؟ ئێ خۆى ئەمە دروستکردنەوەى دیکتاتۆرە، ئیسلامیش دژى ئەم شێوازە حکومڕانیەیەو دواى پێغەمبەرى خوا(درودى خواى لەسەر) هیچ کەس نیە شایستەى بە گوێکردنى هەمیشەیى و حکومڕانى هەمیشەیى و موتڵەق و تاکانە بێت، هەر ئەبێت ڕاویژ بە خەڵک بکرێت وپەرلەمان و هەلبژاردن هەبێت، ئەگەرنا خراپتر لە ستەمکار دروست دەبێت، کە ئەمجارەیان بەناوى خواو شەرعەوە حکوم دەکات و خۆى دەسەپێنێت.
 
...
* دواجار!
 
ئێمە وەک کۆمەڵ، لەسەر یەک ڕێگەو ڕێبازى مسوڵمانێتى و خەڵک ویستى بەردەوام دەبین، ئەوەى بەرژەوەندى ژیانى خەڵک بێت ئەوە دەکەین و بۆى تێدەکۆشین، لە سیستمى حکومڕانیا دژى گەندەڵى و گەندەڵکارانین، پارەو دەسەڵات و ترس لە حشتەمان نابات و لەسەر رێگەو رێبازەکەمان سوور دەبین، لە ژیانى کۆمەڵایەتى و پەروەردەییدا کار بۆ پەروەردەکردنى مرۆڤى ساڵح دەکەین بۆ ئەم کۆمەڵگەو وڵاتە، ئەوەى ڕاست و دروست بێت بەگەلى خۆمانى دەڵێین و لێى ناشارینەوە، ئەمەشمان لە ڕابردوودا سەلماندووە، چوار ساڵ جارێک پێویستمان بەدەنگى هاووڵاتیانە، تا دەنگمان بەرزترو بیستراوتر بێت، تا باشتر بتوانین پەیامەکانمان بگەیەنین، حەوت کورسى جیاوازى زۆرە لەگەڵ پانزە کورسى، لەگەڵ بیست و سى و چل، ئەگەر زیاتر بێت کاریگەرترو بەهێزتر دەبێت، گەندەڵکاران زیاتر سڵ دەکەنەوەو ئێمەش باشتر ئەتوانین بڵێین ئەم میللەتە ئێوەى ناوێت و بەزۆر خۆتان سەپاندووە، هەربۆیە داواى دەنگ و ڕەنگ و پشتیوانیتان لێ دەکەین، بە دڵنیاییەوە لە ڕابردوودا سەلماندوومانە لە ئاست دەنگ و متمانەى ئێوەداین، هیچ کەسیش لە دەنگدان بە کۆمەڵ پەشیمان نەبووەتەوە.
 
هەروەها پێوەرى دەنگدان و هەڵبژاردنیش تەنها هەڵبژاردنى باش بەسەر خراپدا نییە، بەڵکو هەڵبژاردنە لەنێوان باش و باشتر، یان خراپ و خراپتر، واتە تۆى هاووڵاتى ئەگەر ئەوەى مەبەستتە لەبەردەستت نیە، ئەوەى دڵخوازى تەواوى تۆیە ئامادە نییە، ئەوە هەر بچۆو بەشدارى بکە، چونکە ئەتوانیت نوێنەرێکى کەم خراپ هەڵبژێرى بەسەر زۆر خراپێکدا، ئەوسا تۆ ئەرکى یاسایى و ویژدانى خۆت بەرانبەر گەل و وڵات و بیروباوەڕەکەت ئەنجامداوەو هەر ئەوەش لە دەسەڵاتى تۆ بووە.
 
 
نوسینى: عومەر گوڵپى
ئەندام پەرلەمانى کوردستان/ کۆمەڵ

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,698     ژمارەی میوان 85