لەگەڵ ژمارەیەک لە خوشک و برایانی پەرلەمانتار، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی ٩ی ٢٠٢١، ئامادەی دانیشتنی دووەمى ژمارەیەک لە چالاکەوانانی سنوری پارێزگای دهۆک بووین کە بریتی بوون لە بەڕێزان (ئەریوان، مەسعود، شیروان، کارکەر) لە دادگای تاوانەکانی (٢)ی هەولێر.
لە دەستەی دادوەران، سەرۆکی دادگاو دادوەری دەستە ڕاستی دادگاکە گۆڕابوون، هەربۆیە بە پاساوی ئەوەی دادوەرە نوێیەکان دۆسیەکەیانە نەبینیوەو وردبینیان تێدا نەکردووە، دادگاییەکە دواخرا بۆ ٤ی ١٠ی ٢٠٢١.
وەک هەموو جارێک، ژمارەیەکی زۆر لە کەسو کاری دەستگیراکراوان لە ڕێڕەوەکانی دادگا ئامادەبوون، تەنها بۆ بینینی کوڕو براو باوکو کەسەکانیان، ئەوەش لە دووری زیاتر لە ١٠٠ مەترەوە، ئەوەش ئەگەر لە نێو قەدو باڵای ئەو هەموو پۆلیسو کارمەندەی ئاسایشو پۆلیسەوە ئەو دەرفەتو چانسەیان هەبێت.
ئەمجارەیان جیاواز لە جارەکانی تر، دایکی شیراون تەنها یەک ڕۆژ لەمەوپێش کۆچی دوایی کردبوو، ئەوەش پاش سەردانی ئاسایشی گشتی بۆ بینینی کورەکەی، کە بەداخەوە ڕێگەیان نەدابوو، لە گەڕانەوەشیدا بەهۆی جەڵتەیەوە گیانی لەدەستدابوو، بەو هۆیەوە سەرجەم ئامادەبووان سیمای پرسەیان پێوە دیار بوو، هەروەک داواشیان لە ئێمە دەکرد تا شتێک نەکەینو نەڵێین کە شیروان بزانێت دایکی مردووە.
لەگەڵ هەموو هێنانو بردنێکی چالاکەوانان بۆ هۆڵی دادگا کەسو کاری زیندانیکراوان بە دەنگی زۆر بەرز هاوار دەکەن، بەرزترینو دیارترین هاوار هاوارو بانگی ئازادییە، کە هەموو پێکەوە ئازادی ئازادی ئازادی دەڵێنەوە، ئەمە بێجگە لە گریانو تووڕبونێکی زۆر، ئەم دیمەنانە هەمیشە دڵ دەکەن بە ئاو، چونکە ئێمە دەزانین ئەمانە بێ تاواننو تەنها تاوانێک هەیان بێت ئەوەیە کە ڕەخنەیان لە حکومەتو دەسەڵات گرتووە، ڕۆژنامەنووس بوون، چالاکەوان بوون، واتە باجی ڕێگە نەدانی دەسەڵات بە ئازادیو ئازادی گشتی دەدەن لە سنوری پارێزگای دهۆک.
ناوی تەواوی ئەم ژمارەیە لە چالاکەوانانو تەمەنو پیشەیان بەمجۆرەیە:
١ـ مەسعود عەلی حەجی، لە دایکبووی ١٩٧٤، پیشەی مامۆستا، دانیشتووی دهۆک.
٢ـ شیروان تەها ئەمین، لە دایکبووی ١٩٨٦، پیشەی مامۆستا، دانیشتوی دهۆک.
٣ـ کارکەر عەباس عەلی، لە دایکبووی ١٩٩٢، قوتابی زانکۆی پۆلی تەکنیک، دانیشوی دهۆک.
٤ـ بندەوار ئەیوب، لە دایکبووی ١٩٩٤، قوتابی زانکۆی دهۆک.